گوندی چنگیان
لە شارباژێری تەخت
▪خەڵکی گوندی چنگیان لەبنەڕەتدا سەربە عەشیرەتی (چنگنی)ن کە لە کوردەکانی خۆراسان بوون و لەو ناوچەیەوە کۆچیان کردووە بۆ کوردستان، هەندێکیان نیشتەجێ بوون و هەندێکیشیان بە کۆچەری ماونەتەوه و لەگەڵ هۆزی جافدا تێکەڵ بوون و #گەرمیان# و کوێستانیان کردووە.
▪عەشیرەتی (چنگنی) یەکێک بووە لە هۆزە گەورەکانی کوردەکانی خۆراسان، لەمێژەوە دەسەڵات وپێگه و شوێنی خۆیان هەبووە و لە ڕووداوە مێژووییەکاندا ڕۆڵی تایبەتیان گێڕاوە.
▪ناوی چنگیان لە ڕووی زمانەوانییەوە: ناوی ئەم عەشیرەتە وەک عەشیرەتەکانی تر گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە. وەک ناوی (چنگی، چگنی، شاچنگزی، چنگنی) تەواوی ئەم ناوانە بەم عەشیرەتە وتراوە. وەهۆی گۆڕانکاری ئەم ناوانەش وەک زانراوە بەدرێژای مێژوو عەشیرەتە کوردەکان لەژێر دەسەڵاتی فارس و تورک و عەرەب دا بوون.
▪لە سەردەمی شا (تەهماسب)ی سەفەوی دەکەونەبەر شاڵاوی ئەم شا خوێنڕێژە، لەبەر ئەوەی ئەم عەشیرەتە لەکوردەکانی خۆراسان بوون و لە سنووری ڕۆژهەڵاتەوە نزیکتربوون پەنا دەبەنە بەر (هیرات) لە ئەفغانستان.
▪ وەک زانراوە ڕووداوی زۆر لەناو عەشیرەتەکانداڕوو دەدات، ڕووداوی گەورە کە دووچاری تێکڕای عەشیرەتەکە دەبێت یان ڕووداوی ناوخۆی کە دەبێتە هۆی کۆچ و پەرتەوازەی عەشیرەتەکە لە ناوچەی خۆیان دووردەکەونەوه. لەناو ئەم عەشیرەتەشدا لەوانەیە هەندێک ڕووداوی وا ڕووی دابێ لە خۆراسانەوە گەڕاونەتەوە کوردستان.دوای ئەوە هەندێکیان نیشتەجێ بوون و لە ناوچەی شارباژێڕ گوندێکیان بە ناوی (چنگنیان) واتە چنگنییەکان کە ئێستا بووە بە (چنگیان) لە هەندێک ناوچەی تریش هەن هەندێکیان لەگەڵ هۆزی جافدا تێکەڵ بوون و کۆچەری بوون.
▪ ئەم ڕووداوە دەگەڕێتەوە بۆ زیاترلە (350) ساڵ لەمەوبەر. عەشیرەتی چنگنییەکان لە چەند گوندێکدا هەن، لە گوندی (دەمرکان، فەرەج ئاوا، عارف ئاوا)، و لە ناوچەی سەنگاولە چەند گوندێکدا هەن، و لە ناوچەی قادرکەرەم لە چەند گوندێکدا هەن بە ناوی (چنگنی، وەستا خدر).
▪گوندی چنگیان لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ گوندی دۆڵەتوو و لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی کانی دڕکە و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی باراو و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ گوندی نۆدێ. [1]
$سەرچاوەکان$
شەرەفنامەی بەدلیسی
مێژووی هۆزی جاف