شارەدێی سەنگەسەر یەکێکە لە شارەدێ هەرەکۆنەکانی شارۆچکەی #پشدەر# سەربە پارێزگای #سلێمانی#، لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافیەوە کەوتووەتە بەشی باکووری خۆراوای پارێزگای سلێمانی و زنجیرە چیای #قەندیل# لە بەشی باکووری خۆرهەڵاتی وەکوو سنوورێکی سرووشتی نێوان (ئێراق و ئێران) لێک جیادەکاتەوە، لە بەشی باشووری زێ ی بچوک دەوری داوە و لە بەشی خۆراواشیەوە زنجیرە چیای کێوەڕەشە کە سنووری پشدەر لە شارۆچکەی #ڕانییە# جیادەکاتەوە، ئەم شارەدێیە لە کۆندا لە (96) گوندی دەوروبەری پێک هاتووە تا ساڵی/2000 کە شارەدێی ژاراوە درووست بوو (33) گوندیشی خرایە سەر شارەدێی ژاراوە و لێ ی جیابووەوە، مێژووی شارەدێ بوونی ناودەشت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی/1926 کە فەرمانی بوون بە شارەدێی بۆ دەرچووە و لە ساڵی/1928 دا وەک شارەدێی ناودەشت بۆ یەکەم جار بەڕێوەبەری شارەدێ بە فەرمی دەست بەکاربووە کە بەڕێوەبەری شارەدێکە یەکێک بووە لە بەگزادەکان، ئەم شارەدێیە تا ساڵی 1970 سەربە شارۆچکەی ڕانییە و ئەویش سەربە لیوای #هەولێر# بووە شارەدێی ناودەشت کە مەرکەزی شارەدێک سەنگەسەر و گوند و دێهاتەکانی بناری قەندیل و بناری گەڵاڵە و دەوروبەری دەگرێتەوە، ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوندانەی لەو دەشتاییەی بناری چیای قەندیل هەڵکەوتوون پێیان وتوە ناودەشت دەربارەی ناوی سەنگەسەریش لەوەوە هاتووە کە لە سەروو بەرزایی سەنگەسەری کۆن کە ئێستاکە شوێنەوار و پاشماوەی ماوە کۆمەڵێک بەردی خڕ و گەورە و بە سەنگی لێ بووە، وەک سەر وابووە و پێیان وتوە سەنگی سەر، دواتر لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەم ناوە گۆڕاوە بۆ سەنگەسەر. و لە دوای ساڵی/1958 لە ئەنجامی درووستکردنی بەربەستی ئاوی دوکان کە بووەتە هۆی ژێر ئاو کەوتنی کۆمەڵێک گوندی سنوورەکە و هەرەوەها گواستنەوەی ئەو گوند و تیرە و عەشیرەتانە بۆ دەشتایی (دوانزە بانوو) کە سەنگەسەری ئێستایە لەلایەن حکومەتی عەبدولکەریم قاسمی ئەو کاتەی ئێراق و جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ئاودێری سەنگەسەر بۆ بەراو کردنی دەشتایی دوانزە بانوو، گواستنەوەی سەنگەسەری کۆن و تیرە و عەشیرەتەکانی (مەنگوور، ئاکۆ، مەرگەیی، میرزاڕۆستمی، شیلانەیی، کۆمەڵەیی، سندۆڵەیی، هتد) بۆ سەنگەسەری تازە ئەوەش بووە هۆی فراوان بوونی پەیوەندی یە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵاوبوونی پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵ و دامەزراندنی بنچینەیەکی تازەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لە سنوورەکەدا. سەنگەسەر لە ساڵی/1957 دا لەلایەن بەڵێندەرێکی بەریتانی بەناوی (میستەر دۆم) 212 خانوو بۆ سەنگەسەر دەرچوو تەواوی نەکردن و بە نیوەچڵی بەجێ ی هێشتن، دواتر لەلایەن (3) بەڵێندەری کوردەوە بەناوەکانی (محەمەد سەعید، حاجی عەبدوڵڵا ناسراو بە عەبەی دەلاک، شەفیق ئەحمەد) دواتر (30) خانووی تر بۆ کۆمەڵەییەکان درووستکرا و خەڵکی سەنگەسەریش لە ڕێگای (5) حەوزی کۆنکریتی بۆ ئاو خەزن کردن کە سەرچاوەکەی لە شەهیدانەوە هاتبوو خەڵکەکە ئاوەکەی بەکاردێناو و درووستکردنی کۆنکریت بە درێژایی (12) کم و جۆگا لەلایەن ئەندازیارێکی کوردەوە سەرپەرشتی دەکرا بە ناوی (ساڵح بەگ)
(ڕووبەڕوو دانیشتووان)
شارەدێی سەنگەسەر پێش ئەوەی شارەدێی ژاراوەی لە ساڵی/2000 لێ جیابێتەوە ڕووبەرەکەی (786) کم2 بەڵام ئێستا بووەتە (608) کم2 ژمارەی دانیشتووانی ساڵی/1989 (700) ماڵ بووە ئێستا زیاتر لە (4380) ماڵە و بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی 1957 (9031) کەس بووە بەڵام ئەو ژمارەیە هەڵکشاوە بۆ (21654) کەس لە ساڵی/2005 دا لەحاڵی ئامادە دانیشتووانەکەی (27000) کەسە،
(پانۆڕامای سیاسی شارەدێی سەنگەسەر)
بەهۆی پێگەی جوگرافی و سیاسی شارەکە لە مێژوودا کە هەردەم لانەی شۆڕش و بەرخودان بووە لە هەردوو شۆڕشی کۆن و نوێ دا ئەو کارەسات و نەهامەتی یانەی لای خوارەوەی بەسەر هاتووە :
• بۆ یەکەم جار لە ساڵی/1965 بەهۆی ڕژێمی ئەو کاتەی ئێراقەوە بەشێکی شارەکە سووتاو وێران بووە و خەڵکەکەشی ئاوارە بووە.
• لە 25-09-1968 لە شەڕێکی بێ وێنەدا گەورەترین داستانی شۆڕشی لێ تۆمار کراوە و زیاتر لە (11) ئۆتۆمۆبێلی ڕژێم سوتێنراوە.
• حکومەتی ئەوسای ئێراق لە تۆڵەی ئەو داستانەی ساڵی/1968 لە 14-05-1969 سەنگەسەر بەتەواوی لەسەر دەستی ملازم داود کە قیادەی سوپای ئێراقی کردووە سووتاوە و وێران کراوە.
• لە ساڵی/1974 بە خەستی تۆپباران کراوە خەڵکەکەی بۆ چەند جار ئاوارە بووە و بەردەوام لەو ماوەیەدا لەژێر مەترسی بۆمببارانی فڕۆکەو تۆپباران دا بووە، ژیانی لەناو ئەشکەوتەکانی دەوروبەری دا بەسەر بردووە.
• لە ساڵی/1983 هاودەنگ و هاوهەڵوێست لەگەڵ باقی ڕاپەڕینی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان ئەویش ڕاپەڕیوە و خەڵکانێکی بریندار و شەهید و ڕاپێچی زیندانەکانی کراوە.
• لە ساڵی/1988 دا کاتێک ئۆردوگای (بەستەستێن) ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ ی حاجیاوا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی خەڵکی ناو سەنگەسەر جارێکی تر ئاوارەی ئێران بێت.
• لە 09-06-1989 بە یەکجاری ڕاگوێزراوە و شارەکەی لەگەڵ زەوی تەخت کراوە و ئەو خەڵکەی کە مابووەوە ڕاپێچی ئۆردوگا زۆرەملێ کانی (حاجیاوا، بازیان، خەبات، کەورگۆسک، دارەتوو، تۆبزاوا، جدیدە، هتد) کراوە.
• لە 04-03-1991 لە یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین لە خەبات لەگەڵ خەڵکی #قەڵادزێ# بەیەکەوە وەک پشدەر ڕاپەڕین و دواتر لە 05-03-1991 لە تەقینەوەی ڕاپەڕین دا لە ڕانییە شەهید (محەمەد ئەحمەد ئاڵی) وەک یەکێک لە شەهیدەکانی ڕاپەڕین کە خەڵکی سەنگەسەرە لە دەست بەسەردا گرتنی مونەزەمەی ڕانییەدا لە بەردەم مونەزەمە دا شەهید بوو.
• دوای پەیماننامەی ساڵی/1975ی شوم کە سیاسەتی سوتماک کردن هاتە ئاراوە حکومەتی ئێراق تەواوی گوندەکانی سەر سنووری شارەدێی سەنگەسەری ڕاگواست بۆ چەند ئۆردوگایەکی زۆرەملێ لە دەوروبەری شارەدێی سەنگەسەر بە ناوی (کۆمتان، بەستەستێن، توەسووران، بایەوان) کە لە ساڵی/1977 بە دواوە پەیڕەو کرا، بەڵام لە دوایدا جارێکی تر ئەوانەی ناوبراون و خودی شارەدێکەش لە ساڵی/1988 و 1989 بە یەکجاری ڕاگوێزران وێران کردن و چۆڵ کردنی یەکجاری ئەو ناوچەی گەورەترین کارەسات و نەهامەتی بە سەر خەڵکەکەیدا هێنا و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەو شارەدێیەی گۆڕی.
(سەنگەسەر لەپیگەی شۆڕشدا)
سنووری شارەدێی سەنگەسەر سەرەڕای سێ جار ڕووخاوەو سووتاوەو 68 کادیرو فەرماندەی سیاسی و سەربازی و پیشمەرگەی لەشاخ شەهیدبوەو بەسەدان پیشمەرگەشی هەبوە لەشاخ و دوای ڕاپەڕینیش 70 شەهیدی هەیە هەمیشە لانەی شۆڕش بووە و سەرۆکی هەرێمیش بە وتەی خۆی لە سەنگەسەر چەکی کردووەتە شان و شۆڕشی نویش هەر لەو دەڤەرەو قەندیل سەری هەلدا بەڵام بەداخەوە ئەم شارە لەکەلاوە دەچێت و زۆر کەمی بۆ کراوە و ئومید دەکەم ئاوریک لەئاوەدان کردنەوەی بدریتەوە و بواری کشتوکاڵی ببوژێنەوەو دەرویەکی لێ بکرێتەوە.
(سەنگەسەر و لایەنی ئابووری و کشتوکا ل)
بڕبڕەی پشتی داهات و بژێوی خەڵکی ناوچەکە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری یە کشتوکاڵەکەش بەهۆی ئەو پڕۆژە ئاودێری یەی کە دووەم پڕۆژەیە لە ئێراقدا و یەکەم پڕۆژەشە لە پارێزگای سلێمانی کە (000 10) دەهەزاردۆنم زەوی بەراو دەکات لە سەردەمی ڕژێمدا گەورەترین سەرچاوەی داهاتی کشتوکاڵی بووە و باشترین ناوچەی بەرهەمهێنانی تووتن هەژمار کراوە لە سەرتاسەری ئێراقدا، بەڵام بە داخەوە ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی پلانی گونجاو لەو بوارەدا بووەتە هۆی ئەوەی کە زەوی یەکان ئاوڕیان لێ نەدرێتەوە وەکوو پێویست سوودی لێ نەبینرێت بۆ کشتوکاڵ.
(لایەنی کۆمەڵایەتی شارەدێکە)
بەهۆی پشتگوێ خستن و ئاور لێ نەدانەوەی وەکوو پێویست لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری لە شارەدێکە و دەوروبەری دەبینین، زۆر لە بنەماڵە دیارەکانی شارەدێکە نەگەڕاونەتەوە شارەدێکە بەڵکوو لە شارەکانی دیکە نیشتەجێ بوون وەهەروەها بێزاری و نائومێدی بووەتە هۆی کۆچی گەنجانی ئەم شارۆچکەیە بەرەو هەندەران و بێ کاری لەناو ئاپۆڕەی خەڵکدا درووست بووە سەرباری ئەوە زەوی و خانووەکانیشمان تاپۆ نەکراوە کە لە ساڵی/1957 ەوە ئەم زەوی یانە نیشتەجێن و بەکاریان دەهێنین و لە گەل خانووەکانیان
(لایەنی هونەری و ڕۆشنبیری و وەرزشی)
لە بواری هونەری و ڕۆشنبیری و وەرزشی.. هتد هەر لە کۆن و ئێستادا بەردەوام کۆمەڵێک خەڵک دانەبڕاوبووە لێ ی و چەندین گرووپی هونەری و شانۆیی و وەرزشی لەم شارەدا برەوی هەبووە و جێ ی دەستیان دیار بووە.
(دەربارەی گەشتوگوزار و شوێنەوار)
شارەدێی سەنگەسەر ناوچەیەکی سرووشت جوان و ڕازاوەیە و چەندین شوێنی وا بەدی دەکرێت کە بۆ بواری گەشتوگوزار دەبێتە جێگای تێڕامانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و دەبێتە داهاتێکی باش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە ئاوڕێکی جددی لەو بارەیەوە لێ بدرێتەوە، بۆ نموونە (سوورەدێ، گۆڕ کیسوێ، کونەماسی، دۆڵی سێوەیس و بناری چیای گەڵاڵە، دۆڵی شەهیدان) و هەروەها لە ڕوانگەی شوێنەواریشەوە چەندین شوێنەواری زۆر دێرینی لێ بەدی دەکرێت وەکوو (قەڵاتی شەهیدان، ماخۆبزنان کە مالیکی ئەژدەری لێ ژیاوە، سەنگەسەری کۆن، دەشتێوان) کە گەورەترین بەڵگە گورستانی دەشتێوانە کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە زیاتر بۆ (2000) دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر.
(سامانە سرووشتی و کانزاییەکانی شارەدێکە)
سنووری شارەدێی سەنگەسەر دەوڵمەندە بە (نەوت، مس، بەردی خەڵوزی، بەردی گرانیت، ئاسن) لە بناری قەندیل وەکوو کەرەستەیەکی خاو هەیە، پێویستی بە ئاوڕلێ دانەوە هەیە لەلایەن حکومەتەوە
سەنگەسەر لە چییەوە هاتووە)
دوو بۆچونی جیاواز هەیە یەکێکیان دەڵێت لەکۆندا سەنگەسەر بەردێکی لێ بووە وەکوو سەنگی سەروابوە واتە بەردەکە لەشێوەی بەردێکی وەکوو سەر وابوە و ئەوی تریشیان دەڵێت لە سەردەمی کۆندا سەنگەسەر جێگای ململانێ و شەر بووە بیە هەمیشە سەنگەری شەر کردنی بە چواردەوری خۆیدا لێ داوە بۆ بەرگری کردن.[1]