دوای دوو جار زیندانی و ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، دوای خزمەتگەیاندنی بەبزاڤی ڕزگاری گەلی کوردستان لە هەردوو شۆڕشی ئەیلول و نوێ و پاش چەندین گیانبازی لە پێناو بیروباوەڕی ڕەوای کوردایەتی، لە گوندی #جەلکان#ی #پشدەر# ڕەقەی بناری #کێوەڕەش# لە ناوچەی #سەنگەرسەر# کاتژمێر 3ی باشنێوەڕۆی لە ڕۆژی #18-11-1980# لەنەبەردییەکدا دەکەوێتە بەر بۆردومانی هێلیکۆپتەری دوژمن و دەبێت بەدووەمین شەهیدی خێزانەکەی، چونکە پێشتریش و لە شۆڕشی ئەیلولدا، یاسین-ی برای گیانی پاکی بەخشیوە بە کوردستان و شەهیدکراوە.
ڕەنجبەری شەهید ناوی تەواوی جەمیل ساڵح عەزیزو لە گوندی (#گۆمەگروو#)ی #هەولێر#، ساڵی 1949 لەدایکبووە.
بەڵام کاتێک منداڵبووە، چوونەتە هەولێر و لەو شارە نیشتەجێبوون، قۆناغەکانی خوێندنی سەرکەوتووانە بڕیوەو دەرچووی خانەی مامۆستایانی هەولێرە.
شەهید جەمیل یەکێکە لەو تێکۆشەرانەی کە بەدەگمەن لە چەندین بواردا شارەزا و لێهاتوو بووە، ئەو تێکۆشەرێکی کوردایەتی و کادیری #پارتی دیموکراتی کوردستان# و شۆڕشی ئەیلول بوو، مامۆستا و شاعیر و #پێشمەرگە#و زیندانی و ڕێبەرێکی سیاسیی بەئاگابووە، ئەو ڕەنجبەرێکی خەرمان بە بەرەکەتی خەباتی کوردایەتی و لێپرسراوێکی سادەی ڕیزەکانی خەباتگێڕان بوو.
ئەو لاوێکی خوێن گەرم بوو کە لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندیی بە یەکێتی قوتابییانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە و دواتر لێپرسراوێتی (ناوچە)ی پێسپێردراوە، دیارە ئەو کات و سەردەمە لێپرسراوێتی ئەرکێکی گران بوو، بەئەنجامی گیانبازی و لێوەشاوەیش بەدەست دەخراو هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیشی تێدا نەبوو، خانەوادەی شەهید بەگشتیی لەڕیزی کوردایەتی و شۆڕشدا بوون و لایەنگری باڵی مەکتەبی سیاسیی (پ.د.ک) بوون، شەهید خۆیشی بیروباوەڕی چەپی هەبووە.
ئەگەرچی پیاوی زۆربەی بوارەکانی ژیان بوو، بەڵام زیاتر لە ڕووی سیاسییەوە ناسرا، چونکە ئەو کاتە سیاسەتکردن و خەبات پیرۆزترین بوارێک بوو لە پێناو ئازادی گەلی کورددا، بۆیە شەهیدیش هەموو ژیانی خۆی لەو ڕێگەیەدا کردە قوربانی، ژیانێکی پڕ لەدەردیسەریی و ئازار و ڕاکەڕاکی بۆخۆی هەڵبژارد، ئەویش بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارام و بێ کێشە بۆ گەلەکەی فەراهەم بکات.
ساڵانی 1969-1970 ڕۆڵێکی بەرچاوی لەناو ڕیزەکانی یەکێتی قوتابییانی کوردستاندا و (پ.د.ک) گێڕاوەو بەوهۆیەشەوە کەسێکی خۆشەویستەو ناسراوی شاری هەولێر بووە، ساڵی 1974-1975 پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە.
دوای دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان شەهید جەمیل دەبێتە لێپرسراوی کۆمیتەی هەولێری کۆمەڵەو چەندین ئەرکی لێپرسراوێتی دیکەی پێدەسپێردرێت و دڵسۆزانە و خەمخۆرانە کارەکان ڕایی دەکات.
هەروەها خاوەنی دیوانێکی ناوازەی هەڵبەستی بەرگرییە کە لەدێڕەکانیدا ورەو بەهێزی تیادا دەبیندرێت.
لە ماوەی دوو جار دەستگیرکردنیدا ئازایانە دانی بەخۆداگرت و نهێنییەکانی پاراست، ئەگەرچی ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆریش دەدرا، بەڵام ئەو پیاوی نەکەوتن و نەبەزین بوو.
دواجار حوکمی ئەبەدی دراو بە هۆی لێبوردنی گشتییەوە ساڵی 1980 ئازادکرا، هەر لە هەمان ساڵدا بوو بەپێشمەرگەی شۆڕشی نوێ و ڕێبەری سیاسیی هەرێمی 5ی ئەو کاتەی هەولێر، بەڵام بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتی و ئەستێرەی خەباتی چەکداری ئەو کەڵەپیاوە زوو کشاو لە ڕۆژی 18-11-1980 بەهێرشی هێلیکۆپتەری ڕژێمی داگیر لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیکەدا شەهیدکران.