ڕۆژی #09-04-2012# دکتۆر کارلێنێ چاچانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا لە شاری یەریڤان لە پایتەختی ئەرمەنستان کۆچبار بوو.
کارلێنێ چاچانی لە ساڵی 1929 دا، لە گوندی جەرجەرێسێ لە دەڤەری ئەلگەزێ لە ئەرمەنستان لە دایک بووە. ئەو گوندە ئێستاکە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (دێرک) و گوندی ئێزیدیانە.
کارلێنێ چاچانی لە ساڵی 1948 دا، قوتابخانەی لە دەڤەری ئەلگەزێ تەواو دەکات و هەر لە هەمان ساڵدا لە ئینستووتی پێداگۆگی لە زانکۆی یەریڤان لە کۆلیژی مێژوو وەردەگیرێت و لە ساڵی 1952 دا، خوێندن بەکۆتا دێنێت و هەر لەو دەوربەرەدا خولیای نووسینی شیعر لەگەڵی چەکەرە دەکات و دەچێتە نێو دونیای شیعر نووسین.
لەگەڵ تەواو کردنی خوێندن لە ڕادیۆی یەریڤان لە بەشی کوردی دەستبەکار دەبێ.
لە نێوان ساڵانی 1955- 1969و لە ڕۆژنامەی (ڕیا تازە) دا، لە بەشی سڤیل وەک نووسەر و ڕۆژنامەوان کاری پێدەسپێردرێت.
لە دەستپێکی ساڵی 1960 دا، دەبێتە ئەندامی یەکێتی ڕۆژنامەوانان و یەکێتی نووسەرانی یەکێتی سۆڤیەت.
لە ساڵی 1966 دا، هەڵیدەبژێرن بۆ کۆمیتەی یەکێتی نووسەرانی کوردی سۆڤیەت و ساڵانێکی دوورودرێژ ئەو کارە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت.
لە ساڵی 1965 دا، نامەی دکتۆرای خۆی دەربارەی پەیوەندی ئەرمەنی و کورد لە سەد ساڵەی (19- 20) دا، دەنووسێت و تێزی دکتۆراکەی بە پلەیەکی ئێجگار باش قەبوڵ دەکرێت و وەک شارەزا و پسپۆڕی بواری مێژوو لە ئەرمەنستاندا درێژە بە پسپۆڕی خۆی دەدات.
کۆمەڵێک بەرهەمی شیعری خۆی بۆ زارۆک و گەوران بە زمانی کوردی، ئەرمەنی، ڕووسی دەنووسێت و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا چاپ و بڵاودەکاتەوە.
یەکەمین بەرهەمی شیعری بەسەرناوی (ئەحمەدی عەگید) لە ساڵی 1958 دا، بە زمانی کوردی چاپ دەکات.
دووەمین بەرهەمی شیعری خۆی بەسەرناوی (گوڵ) لە ساڵی 1960 دا، چاپ و بڵاو دەبێتەوە.
دوابە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دوو بەرهەمەی، کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی شیعری خۆی بەسەرناوی :
شێر و کەو، دڵ و وەتەن، باقە تاڤ، زێرێ و چەند بابەتێکی تر چاپ و بڵاودەکاتەوە.
بێجگە لەمانەش بەرهەمە شیعرییەکانی بۆ زمانی : ڕووسی، ئەرمەنی، گورجی، عەرەبی و ئەلمانی تەرجەمە دەکرێن.
بابەتی دیرۆکی و نووسینی ڕۆژنامەنووسی و شیعر و چەند بابەتێکی تری هەمەجۆر بە بەردەوامی لە ڕۆژنامەکانی ڕووسی وەک :
ئیزڤێستیا، و لیتراتوورا و ئەگۆنیۆک بڵاودەکاتەوە.
لە ڕۆژی تەواو کردنی خوێندن و تا ماڵاوایی کردنی لە ئینستووتی ڕۆژهەڵاتناسی و ئەکادیمیای ئەرمەنستان لە بەشی کوردزانی وەک پسپۆڕ لە بواری دیرۆکدا کار دەکات.