ناو: ئێل
نازناو: ئێل بەگی جاف
ساڵی لەدایکبوون: 1492
ساڵی کۆچی دوایی: 1553
شوێنی لەدایکبوون: #شارەزوور#
شوێنی کۆچی دوایی: #هەورامان#
$ژیاننامە$
ئێل بەگی جاف شاعیرێکی کوردی عەشیرەتی جاف تیرەی ئێناخی بووە کە هۆنراوەکانی وەک ئەفسانە، موعجیزە و خوێندنەوەی دواڕۆژ ناوبانگی دەرکردووە.
ئێل بەگی جاف لە ساڵی 898ی کۆچی (1492 زایینی) لە شارەزوور لە بنەماڵەیەکی جاف لەدایکبووە. لەوانەیە لەسەر ئایینی یارسان بووبێت چونکە ڕۆژگاری دەسەڵاتی بنەماڵەی سەفەوی ماوەی نەشونەمای ئایینی یارسان بوو و بەشێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەورامان و ھەرد و پانایەکانی شارەزوور تا پەیدابوونی شێخ ئیسماعیلی ولیانی لەسەر ئایینی یارسان بووە.
ئێل بەگی جاف سەرەتای خوێندنی لە شارەزوور بووە، ئینجا ماوەیەک گۆشەگیر بووە، لە پاشاندا بۆ ڕێبەری ئایینی یارسان گەشتی #بەغدا# و ئێرانی کردووە. مشتومڕ و زۆرانبازی لەنێوان ئایینی یارسان و ئایینەکانی تر لە شارەزوور لە ناوەوە بووە، دوژمنانی یارسان ویستوویانە ئێل بەگی جاف بکوژن، لەبەر ئەوە ڕایکردووە بۆ ھەورامان و لەگەڵ یارسانان تێکەڵ بووە و لەوێ ژیاوە. عێل بەگی جاف لە ساڵی 961ی کۆچی (1553 زایینی) کۆچی دوایی کردووە.
$بەرھەمەکان$
ئەوەی لە ئێل بەگی مابێتەوە و ناوی پێ دەرکردبێ، ئەو بەیتەیەتی کە بە ناوی (کێ وە قەوڵی کێ دەکا)یە. ئەم هۆنراوە بە شێوەزاری کوردیی ناوەندییە بەڵام ھەوای گۆرانی پێوە دیارە. بەیتی ئێل بەگی لەسەر شێوەی بەند ڕێککراوە، ھەر بەندی لە پێنج دێڕ بریتیە. کێشی ھەشت سیلابی خۆماڵییە، یەکێتیی قافیەی تێدایە. ھەموو چوار دێڕی یەکەمی بەندەکان لەسەر یەک قافیەن، دێڕی پێنجەم (ھەروا بووە و ھەر وا دەبێ) لە ھەموو بەندێکدا دووبارە دەبێتەوە. لە ھەندێک لە دەسنووسەکاندا ئەو دێڕە هۆنراوە بەم شێوەیە: (ھەر وا بییە و ھەر وا ئەوێ).
دەستنووسێکی زۆری بەرھەمی ئێل بەگی لە ڕۆژگارانی جیاجیا نووسراونەتەوە؛ باوەڕ پێکراوترین دەسنووس ئەوەیە کە لە ساڵی 1854 ڕوونووس کراوە، ئەمە ئەوە دەگەیێنێ کە ماوەی سێ سەد ساڵێک هۆنراوەکانی ئێل بەگی لەسەر زار پارێزراون.
کە بەیتی (ھەروا بووە و ھەر وا دەبێ) دەخوێنینەوە، بەرانبەر بەرھەمێک ناوەستین کە لە سەدەی شازدەم داھێنرابێت، بەڵکوو بەرانبەر بەرھەمێک دەبین ئەدگاری نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی پێوەیە. لەوانەیە چونەکە هۆنراوەکانی خۆش و ڕەوان بوون و ڕەنگدانەوەی ھیوا و ئاکامی خەڵکی ساکاربوون، چوونە ناو دڵی میللەتەوە و بە درێژایی مێژوو شتی دەرەوەی بێگانەی خراوەتە سەر و شتی ناوەوەی ڕەسەنی خۆی لێ کەوتووە، دەنا باوەڕ ناکرێت باس لە کەسان و ڕووداوی سەدەکانی داھاتوو بکات وەکوو ڕۆژگارانی فەرمانڕەوایی نادرشا، زەند، قاجار و پەھلەوی. [1]
$نموونەی ھۆنراوە$
ئێران پر لە ئاگر دەبێ، حوکمی سۆلتان قاھر دەبێ
ستەم لە خەڵق سادر دەبێ، دەورە دەورەی نادر دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
خاسان و بێ وەتەن دەبێ، مورغان دوور لە چەمەن دەبێ
شاھان و بێ کەفەن دەبێ، دەوران و کامی زەند دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
دەوران بە دەست قەجەر دەبێ، تەیموور لە خەو خەبەر دەبێ
گەلێ سەران بێ سەر دەبێ، ئاشووب و شۆڕ و شەڕ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
نیوەی ئێران ھی ڕووس دەبێ، ئاوای ھیچ بێ نامووس دەبێ
ئەوسا زەڕیان لە مس دەبێ، دین و ئیمان زۆر سس دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
چابوک سوارێ دەنگ دەکا، سەید و شکار پەڵەنگ دەکا
ھەر ساعەتێ سەد ڕەنگ دەکا، دنیا و خەڵق پڕ شەنگ دەکا
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
مەردان مەردی گەزاف دەکەن، ھەم بە ڕاستی خەلاف دەکەن
قسان بە تیر قەڵاف دەکەن، بە ڕێگەی دوور مەساف دەکەن
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
گەلێ دڵم بە تەنگ دەبێ، سەدای تۆپ و تفەنگ دەبێ
شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ، ئێران دیلی فەرەنگ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
ڕەخشی ڕوستەم ئیزھار دەبێ، ئەسپی ئاسن ڕەھوار دەبێ
دوڵدڵ شەودێز بە کار دەبێ، گەلێ شت ھەن ئاشکار دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
دەورە دەورەی ڕەزا دەبێ، لە دوای ڕەزا غەزا دەبێ
لە دوای غەزا فەزا دەبێ، مەردوم دەست بە نزا دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
تەیرێ وەک ڕەعد و بەرق دەبێ، گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق دەبێ
دەشت و دەری پێ لەق دەبێ، بە ڕووی ھەوا مۆلەق دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
ئێران وەکوو فەرەنگ دەبێ، پڕ نەقش و ڕەنگاڕەنگ دەبێ
کوڕ وەکوو کچ قەشەنگ دەبێ، مایل بە شۆخ و شەنگ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
ھەمووی شاھان بێڕا دەبێ، لە پڕ شەڕ و ھەرا دەبێ
کەم خەڵق و حوکمی شا دەبێ، چەرخ و چرا و پا دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
تاعەت بە مەجبووری دەبێ، دی بازاڕی بلووری دەبێ
چینی و فەغفووری دەبێ، گوڵبانگی جەمھووری دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
کاری مەردان نامەردی بۆ، دەورانەکەی ڕەنگ زەردی بۆ
دەواکەیشی دڵدەردی بۆ، رۆزگاری دڵسەردی بۆ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
دیوانی گورگ و مەڕ دەبێ، دەشتی بەغداد بە شەڕ دەبێ
گشتی بۆ زێو و زەڕ دەبێ، شەڕی سەرباز بە شەنگ دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ
ھەفتا و دوو دین یەک دین دەبێ، سەردەفتەری ئەمین دەبێ
زاڵم لە زاری و شین دەبێ، دڵی گەلێ بە کین دەبێ
ھەر وا بووە و ھەر وا دەبێ