ناو: تاڵیب
نازناو: هەردەوێڵ کاکەیی
ناوی باوک نەجمەدین
ساڵی لەدایکبوون: 1946
شوێنی لەدایکبوون: تۆپزاوا-#داقوق#
$ژیاننامە$
هەردەوێڵ کاکەیی، ناوی تەواوی (تاڵیب نەجمەدین فەرەج)ە، ساڵی 1946 لە خێزانێکی کوردی کاکەیی لە ئاوایی (تۆپزاوا)ی سەربە شارۆچکەی داقوق لە پارێزگای #کەرکووک# لە دایکبووە. لە ساڵی 1978 و دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی نووسین و بابەتەکانی، لەوساوە سەدان بابەتی جۆراوجۆری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردووەتەوە. کە زیاتر بابەتی فۆلکلۆری و کەلەپووری کوردی بوون.
ساڵی 1984 یەکەم پەرتووکی چاپ کردووە. لە دوای ئەوەش زیاتر لە 35 پەرتووکی چاپ کردووە کە هەمەچەشنی ( کەلەپوور، فۆلکلۆر، فەرهەنگ، دیوانە شیعر، ئەدەبیاتی ئایینی یارسان=کاکەیی) بوون، چەندین پەرتووکی تریشی ئامادەی چاپن.
هەردەوێڵ کاکەیی، لە سەردەمی ڕژێم دا لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک بۆ ماوەی حەوت ساڵ هەفتانە بەرنامەیەکی کەلەپووریی ئامادەو پێشکەش دەکرد.
لە ساڵانی 1992-2003 لە ڕادیۆی کوردی بەغدا، هەفتانە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی (لە دەواری فۆلکلۆرەوە) بووە.
ساڵانی 1995-1999 لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک، هەفتانە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی (شەوچەرەی ڕەمەزان) بووە.
ساڵانی 2004-2005 لە کەناڵی زاگرۆس لە کەرکووک، هەفتانە ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەی (دەنگە زیندووەکان) بووە.
ساڵانی 2003-2007 لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان ی کەرکووک، هەفتانە ئامادەکار و پێشەشکاری بەرنامەی (لە ئاوێنەی کەلەپوورەوە) بووە.
هەردەوێڵ کاکەیی، پەرژاوەتە سەر ئەدەبی ناوچەی کاکەیی و کەرکووک و #گەرمیان#، دیوان و یاداشتی چەندین شاعیری کۆکردووەتەوە و کاری لێکدانەوەی بۆ کردوون و بە چاپی گەیاندوون، بەزەحمەت و گەڕانێکی زۆری گوند بە گوند و ئاوایی بە ئاوایی ئەو سارای گەرمەسێرە بێ وچان، هەر عەوداڵیان بووە.
=KTML_Bold=ناوی هەندێک لە پەرتووکەکانی کە چاپ کراون:=KTML_End=
1- کۆمەڵە شیعری مەلا عەباس حیلمی کاکەیی، 1984 .
2- شاعیری چەوساوەکان خەلیل منەووەر، بە هاوکاری مستەفا نەریمان، 1984 .
3- هەڵبژاردەیەک لە هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی گەرمیان، بەرگی یەکەم، 1985 .
4- چەپکێ لە هۆنراوەکانی سەید وەهاب کاکەیی، 1986 .
5- داب و نەریتی کوردەواریی ناوچەی گەرمیان، 1989 .
6- گوڵە نێرگزی تۆپزاوا، 1990 .
7- شاعیر و ناودارانی کاکەیی، 1990 .
8- شاعیر سەید محەمەد دارتاش، 1992 .
9- هەڵبژاردەیەک لە هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی گەرمیان، بەرگی دووەم، بە هاوکاری عەبدوڵڵاتیف گلی، 1995.
10- دیوانی مەلا حەسەن نەوحی زەنگنە، 1999.
11- تریق تریق پێبکەنە، 2002 .
12- هەڵبژاردەیەک لە هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی گەرمیان، بەرگی سێیەم، بە هاوکاری نووسەر ئیبراهیم باجەڵان، 2004.
13- دیوانی مەلا فەتاحی جەباری، 2005.
14- ڕەنگ لە فۆلکلۆری کوردی دا، 2005.
15- مەقام و موزیکی فۆلکلۆری کوردی (سەڵاح داودە وەک نموونەیەک)، کەرکووک 2006.
16- چەپکێ لە شیعرەکانی ڕەشید ئاغای زەنگنە، 2006.
17- دیوانی میرزا خەلیل منەووەری کاکەیی، 2006.
18- پەند و قسەی نەستەقی ماچۆ، 2006.
19- ئاوایی تۆپزاوا لە تەمەنی سەد ساڵەی دا، 2008.
20- داستانی خورشید و خەرامان، 2008.
21- پێشینان و قسەی نەستەقی شەبەک، 2008.
22- مەتەڵ لەناو شەبەک دا، 2008.
23- پەندی پێشینان و قسەی نەستەق لە ناوچەی کەرکووک دا، 2008.
24- زیندووکردنەوەی عەبداڵ داودە و بەرهەمەکانی، بە هاوکاری ساڵەح هەلاج، 2009.
25- دەرمانسازی لە دەڤەری کەرکووک دا، 2009.
26- مەلا حەسەن نەوحی زەنگنە، 2010.
27- مەولودنامەی پێغەمبەر، بە زاراوەی شەبەک، 2011.
28- فەرهەنگی شەبەک، 2011.
29- کەشکۆڵی کوردەواری، 2013.
30- داستانی بارام و گوڵئەندام، 2013.
31- داستانی بەدیعلمەلەک و بەدیعلجەمال، 2013.
32- دیوانی مەلا نەجمەدین بێ بەش، 2013.
33- دیوانی مام شەوکەتی کاکەیی (چیانشینی)، 2013.
34- هەڵبژاردەیەک لە هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی گەرمیان، بەرگی چوارەم، 2014.
35- چیرۆکی فۆلکلۆری شەبەک، 2015 .
36- هەڵبژاردەیەک لە هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی ناوچەی گەرمیان، بەرگی پێنجەم، 2015.
37- بەرزۆ و فەڵامەرز، 2015.
38- فەرهەنگی کەلەپوور (کەرەستەی ماددی درووستکراو)، بە هاوکاری چەند نووسەرێک، 2015.
هەردەوێڵ کاکەیی، ئێستا 2026 لە کەرکووک ئەژی، خاوەنی گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە بە کەرەستە و کەلوپەلی کەلەپووریی. دەیان پێشانگای کەلەپووریی کردووەتەوە و، بەشداریی چەندین فیستیڤاڵ و پێشانگای کەلەپووریی کردووە لە شارەکانی (بەغدا، #هەولێر#، کەرکووک، مەخمور، #خانەقین#) و لە هەورامان بەشداری فیستیڤاڵی ساڵانەی (ماچۆ)ی کردووە.
هەردەوێڵ کاکەیی چەندین دەسخەتی کۆنی شاعیران و کەسایەتییەکانی کەرکووک و گەرمیان و ناوچەکانی کاکەیی و شەبەکی ساغ کردووەتەوە و لە فەوتان ڕزگاری کردوون، وەک خۆی دەڵێت لە دوای پڕۆسەی ئازادی، لەو کاتانەی تەقینەوە ناوچەکانی دەهەژاند، دێبەدێ و ئاوایی بە ئاوایی ناوچەکانی شەبەک گەڕاوە بۆ کۆکردنەوەی دەستنووس و پەند و قسەی نەستەق و چیرۆک و بەرهەمەکانی تری ئەدەبیاتی فۆلکلۆر و کەلەپووری ئەو ناوچانە، وەک خۆی دەڵێت مانگی جارێک یان دوو جار دەچووم و بە حەفتە نەدەهاتمەوە، لە هەموو هاتنەویەکمدا بە کۆڵێ بابەتی بەنرخەوە دەگەڕامەوەو هەموو جارێ مامۆستا (مەزهەری خالقی سەرۆکی ئینیستیتۆی کەلەپووری کورد) پێی ئەوتم: لە هەر سەفەرێکت هەتا دێیتەوە دووعات بۆ دەکەم تا بە سەلامەتی بێیتەوە. وەک خۆی دەڵێت مامۆستا مەزهەری خالقی و ئینستیتۆی کەلەپووری کورد زۆر هاندەر و پشتیوانی بوون. بەرهەمی ئەو گەڕان و دەرۆزەکردنەی، چەندین پەرتووک و پڕۆژەی بەنرخ بووە، هەر بۆ نموونە (هەژدە هەزار وشەی شەبەک) و کردنی بە فەرهەنگی شەبەک، زیاتر لە (بیست هەزار وشەی ماچۆ) و کردنی بە فەرهەنگی ماچۆ. ئەمانە لەگەڵ ئەو پەرتووکانەی تری ناوچەی شەبەک کە لە ڕیزی بەرهەمەکانیدا ئاماژمان پێ کردن.
هەردەوێڵ کاکەیی، وەک خۆی دەڵێت لە سەردەمی لاوێتییدا چەندین شیعری هەمەچەشنی نووسیووە، بەڵام دواتر بەرەبەرە خۆی لێ کێشاوەتەوەو دەستی داوەتە نووسین بە شێوەی پەخشان و وتار و بابەتی هەمەجۆری تری ئەدەبی، وەک ئەوەی لە پەرتووکەکانی و نووسینەکانیدا کردوونی. ئەو پێی وایە لە شیعردا دەست و پێی مرۆڤ بەستراوە و ئازاد نییە و ناتوانی ئەوەی کە دەیەوێت بیگەیەنێ، بۆیە ڕووی کردووەتە نووسینی تری جیاواز لە شیعر. بەڵام لە شیعرێکدا ئاوا خۆی ئەناسێنێ:
بۆ وشەی کوردیی ڕەسەن و زوڵاڵ
گەڕام زۆر گەڕام لە چەشنی عەوداڵ
لە شار و لە دێ، لە هەردە و لە چۆڵ
وێنەی دەرۆزەکەر هەمانە لە کۆڵ
هەمانەکەی من پوول ی تیا نییە
پڕ لە پەڕتووکی دێرین کوردییە
جا لە بەر ئەوەی کەشکۆڵ لە کۆڵم
ناوی (ﮪەردەوێڵ) نرا لە کۆڵم
هەردەوێڵ کاکەیی، کەمتر باسی ماندووبەنەکانی خۆی دەکات، زیاتر باسی هاندان و یارمەتییەکانی ئەو خەڵکانە دەکات کە هاوکارییان کردووە بە پێدانی زانیاری و دەستنووس و کەشکۆڵ و کەرەستە کەلەپوورییەکان. هاندان و دەستخۆشی ئەو خەڵکە بە هۆکاری بەردەوامیی هەوڵەکانی خۆی ئەزانێ. [1]