پەیوەند جەلال
لەماوەی مانگ و نیوێکدا زیاتر لە 90 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دەرمان لەڕێگەی (کوت- نەفتخانە) گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان کە هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 15 تەن دەرمان لەخۆ دەگرێت.
د.رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی هەرێم بە خەندانی ڕاگەیاند: لە (20-7)ەوە تائێستا زیاتر لە 90 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دەرمان لەڕێگەی (کوت- نەفتخانە) گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.
د.رێکەوت حەمەڕەشید وتی هەر ئوتومبیلێک بڕی 15 تەن لەخۆ دەگرێت و له و ڕووەشەوە وتی: "سوپاسی سوپاسالاری عێراق (بابەکر زێباری) و بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی (شێرکۆ میروەیس) و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە) دەکەین کە هاوکارمانن بۆ گەیاندنی ئه و دەرمانانە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە هەرچەندە ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکانیش هاوکارییان کردوون، بەڵام بەهۆی ئه و سەدان هەزار ئاوارەیە بۆ کوردستان، بەردەوام پێویستییان بە دەرمان هەیە.
- 27-08-2014