#سیامەند سێلکی#
لە (#11-01-1969# )دا شێخ ئەحمەد (#خودانی بارزان# ) وەفاتی کرد ئەمە بۆ بارزانییەکان خەمێکی مەزن و کارەساتبار و لەبیرنەکراوە چونکە سەردەمی خودان بۆ بارزانییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە سەردەمێکی زێرین و بێ وێنە بوو . لەسایەی بەرەکەتی خودانی بارزاندا ئاشنابوون بەجەوهەری دینی ئیسلام وەکوو حەقانییەتی پەیامی خودای مەزن گەیشتە لوتکە مرۆڤ دۆستی و ڕێزگرتن لە بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی بوونە پێوەر لەبنیادنان و بەڕێوەبردنی ژیاندا.
ئەو بنەمایانەی لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانیدا لە پێناو ئاڤاکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و کامل خرابوونە بواری جێبەجێکردن، پارێزران و پەرەیان پێدرا لەم ڕوانگەیەوە لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ ڕەنگە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە بوونە بنەمایەکی نەگۆر و چەسپاو، موسوڵمانێک و کریستیانێک و جوولەکەیەک لە ئەرک و مافدا بێ جیاوازی یەکسانکران و ئازادیە ئایینییەکانیان بۆیان فەراهەم و دەستەبەرکران، هەموو کۆت و بەندەکانی سەر چەوساندنەوەی ئافرەت (ژن) هەڵگیران و لەگەڵ پیاو لە ئەرک و مافدا یەکسانکرا، کچ و کوڕ لە پپێکەوەنانی ژیانی هاوسەریدا سەربەست و ئازادکران، تاک و کۆمەڵگە فێرکران کە دوستی ژینگە بن و ژینگەیان خوش بوێت و پارێزگاری لێ بکەن.
تاک و کۆمەڵگەی وا پێگەیاند کە هەمیشە پێکەوە و بەیەکگرتووی ڕووبەڕووی زۆلم و ستەم و زۆرداری ببنەوە و لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادیدا مردنێکی شەرەفمەندانە و سەربەرزانە هەڵبژێرن ئەو باوەڕەی لای تاک درووستکرد کە دین واتە دوورکەوتنەوە لە هەموو خراپکاریەک دوورکەوتنەوە لەڕق و کینە و دوو بەرەکی دین واتە نزیک بوونەوە لە کاری باش و خێرخوازی، دین واتە ئەخلاق و مرۆڤایەتی و ڕیزگرتن لە بەها بەرزەکانی مروڤایەتی.
خودانی بارزان لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایی و ئاموژگاریانەی کە بۆ خەڵکی دەڤەری بارزان هەبوو، هەمیشە و بەردەوام داکوکی لەسەر سێ خاڵ دەکرد یەکەمیان ئەوە بوو داوای لە خەڵکەکە دەکرد کە لە ناوخۆیان دا تفاق (یەکگرتوو )بن دەی فەرموو ئەگەر تفاق بن دەتوانن بەسەر دوژمنەکانتاندا سەرکەون، دەتوانن بەسەر هەموو سەختی و دژواری و ناخوشیاکاندا زاڵ بن و، ژیانێکی سەربەرز و پڕ لەکەرامەت و بەختەوەری بۆ خوتان و نەوەکانی داهاتوو دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەگەر تفاق نەبن هەموو شتێک لەدەست دەدەن.
دووەمیشیان ئەوە بوو دەی فەرموو بۆ ئەوەی بتوانن ڕەزامەندی خودای مەزن بەدەست بهێنن و لە دونیا و ئاخرەتیشدا سەربەرز بن، ئەو شتەی بۆ کوڕی خوتان پێ باشە بۆ کوڕی خەڵکیشتان پێ باش بێ و ئەو شتەی پێتان وایە زەرەری بۆ کوڕی خۆتان تێدا بێت بەهەمان شێوە بۆ کوڕی خەڵکیش بە زەرەر بزانن و لێی دوور بکەونەوە.
سێیەمیشیان ئەوەبوو دەی فەرموو لەنێوان زاڵم و مەزڵوم دا هەمیشە لەگەڵ مەزڵوم بمێننەوە و بەرگری لێ بکەن و داوای چەسپاندنی حەق و عەدالەت بکەن.
بێگومان ڕێبازی بارزانیی نەمریش وەکوو بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و قوتابخانەی کوردایەتی درێژەپێدەری پەیامی خودانی بارزان و شێخ عەبدولسەلامی بارزانییە.
بویە بارزانیی نەمر و دواتریش سەرۆک بارزانی لە هەموو قوناغەکانی خەباتدا هەوڵیانداوە ئەو بنەمایانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردن پارێزراوبن و پەرەیان پێ بدرێت، ئەمە لەو سونگەوە بوو کە پەیامی خودانی بارزان لە هەموو ڕوویەکەوە لە خزمەتی پاراستنی بەهابەرزەکانی دینی و ئینسانی و ئەخلاقیدا بوو .هەڵبەت ئەمە ئەو تایبەتمەندییە دەگمەنەیە کە وەکوو فەلسەفەیەکی فکری و سیاسی ڕێبازی بارزانیی نەمر پێی لە هەر فەلسەفە و ڕێبازێکی دیکەی سیاسی و فکری جیا دەکرێتەوە و، بەدرێژایی زیاتر لەیەک سەدەش لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بوتە جێی متمانەی کوردپەروەران و ئازادیخوازانی کوردستان. [1]