ناونیشانی بابەت: دەرهاویشتەکانی #پەیمانی لۆزان#
ناوی نووسەر: #ئەسرین عاسی شوانی#
پەیمانی لۆزان لە #24-07-1923# دوای کۆنگرەیەک لە لۆزانی پایتەختی سویسرا بەسترابوو واژۆکرا، کۆنگرەکەلە مانگی تشرینی دووەمی 1922 دەستی بەکارەکانی کرد و لە 30 کانونی دووەمی 1923 لەبەر نەگەیشتنە ئەنجام بڵاوەی لێ کرا و دواتر و دوای دووبارە دەسپێکردنەوەی لە 24ی تەموزی 1923ئیمزا کرا.
ڕێوڕەسمی واژۆکە لە شاتۆ دوڕومینی شاری لۆزانی پایتەختی سویسرا ئەنجام درا، مەبەست لە کۆنگرەکە باسکردنی کێشەکانی نێوان یۆنان و تورکیا بوو بە مەبەستی ڕێکەوتنی بە ئاشتی نێوان هاوپەیمانەکان و تورکیای کەمالی، لە کۆنگرەکەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەی و سیاسییەکانی ناوچەکە بوو لەنێویاندا چارەسەرکردنی کێشەی ویلایەتی موسڵ ڕۆخە دەریاییەکان لەو کۆنگرەیەدا کە زۆر بابەت تاوتوێ کران لەنێوان تورکیا و هاوپەیمانان وەک سیستەمی ڕۆخە دەریایەکان و سیستەمی ئیمتیازی بێگانە باس و گفتوگۆی چڕی لە بارەوە کرا و لە دواجاردا کۆنگرەکە پەیمانی لۆزانی لێ شین بووکە بە ئیمزاکردنی گورزێکی کوشندەی لە چارەنووسی کورد و کێشەڕەواکەی وەشاند و هەموو ئەو وەعدو بەڵێنانەی لە پەیمانی سیڤەر بە کورد درابوو کردە بڵقی سەر ئاوو خەون و خەباتی گەلی کوردی بۆ سەدان ساڵ لە گۆڕ نا کە هەریەک لە عیسمەت ئینۆنۆ لە دەوڵەتی تورکیا و لۆرد کورزون وەک نوێنەری بەریتانیا و ئەلیفتهیرۆس ڤینینوێلوس لە یونان و بە چاودێری جۆزەف گروو نوێنەری ئەمەریکا لە سویسرا پەیمانامەکە واژۆ کراو قوڕیش بۆ گەلی کورد گیرایەوە.
وا 100 ساڵ تێ دەپەڕێت بەسەر دابەشکردنی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریاتۆریەتی عوسمانی دا، دوای ئەوەی هاوپەیمانەکان لە شەڕی جیهانی یەکەم 1914_1918 دا سەرکەوتن بەسەر عوسمانییەکان دا لە دابەشکردنی کێکی سەرکەوتن و هەڵدانی پێکی داگیرکاری و بردنی سەروەت و سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەو کۆنگرەیەدا سەرکەوتنیان بوو لە شەڕوو گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر میراتی عوسمانییەکان دوای داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن هێزە زەبەلاحەکەی وڵاتە زلهێزەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داگیرکردنی خاکێکی بەرینی ناوچەکە، دیارە کۆنگرەکە کە دواجار پەیماننامەی لۆزانی لێ کەوتەوەبێ ویست و ئیرادەو بێ نوێنەرایەتی کورد ئەنجام دراو گەوەترین سنگیان لە تابوتی لاشەی کورد داکوتا کە تا ئێستا کورد بە ئازارەکەیەوە دەناڵێنێ.
هەرچەندە لە خاڵەکانی 39 و41ی پەیماننامەکەدا مافە پەروەردەی و زمان و کولتووریەکانی کورد هاتووە و پەسەندی دەکات کە گەلی کورد ئەو مافانەی مومارەسە بکات، بەڵام هەرگیز ئەو مافانە لەبەر چاو نەگیران و بۆ یەکەم جار لە مێژووی ناوچەکەدا کورد وەک نەتەوەیەک نکۆڵی لێ کراو تەنانەت بووە هۆکارێکیش دوژمنایەتییەکی درێژخایەن لەنێوان کورد و عەرەب لە ئێراق و سووریا و کورد و تورک لە تورکیا و کورد و فارس لە ئێران درووست بکات و دوژمنایەتییەکە تا ئێستا و دوای 100 ساڵ لە ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان هەر بەردەوام بێت و تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێت نکوڵی لە مافەکانی کورد بکرێت لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە.
بۆیە کاتێک لە دەرهاویشتەکانی پەیماننامەی لۆزان دەڕوانین دەبینین هەموو ئەو کوشتارو قڕکردنەی بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووەتەوە، دابەشکردنی کوردستان بەسەر هەریەک لە تورکیا و ئێراق و ئێران و سووریا و بێ بەشکردنی کورد لە هەموو مافەکانی بێ ئیرادەکردنی کورد و ئەنفال کردن و جینۆساید و کیمیابارانکردن و ڕاگوێزان و تعریب تەتریک و تەفریس کردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەرهاویشتەی پەیماننامەی لۆزانە کە هێزە بەرژەوەند خوازە زلەکانی جیهان بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی خۆیان گەورەترین تاوانیان ئەنجام دا بەرانبەر گەلەکەمان و کوردستانیان پارچەپارچە کردوچوار داخیان نا بە دڵی گەلەکەمانەوەو ڕا دەستی ژێر دەسەڵاتی بێ بەها ترین و زاڵمترین حکومەتی داگیرکەری کردن کەوا تا ئێستا دان بە بچووکترین مافی ڕەوای گەلەکەماندا نانێن. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!