دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەرپرسی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئاماژە بەوە دەکات پێشتر ساڵانە 15 ملیار دینار بودجەی فەرمانگەکەیان بوو و چالاکیان زۆر بوو، بەڵام لە ئێستادا بودجەکەیان بڕدراوە و بەمەش کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کەمبوونەوەی چالاکی ڕێکخراوەکان درووستکردووە.
ئەکرەم جەمۆ، بەرپرسی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند زیاتر لە 150 ڕێکخراوی ناوخۆیی کە تایبەتن بە بواری مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی مرۆڤ لە کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا کار و چالاکییەکانیان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە.
وتیشی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ئێستادا ڕێکخراوەکانی ئازاد کردووە بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی و پەیداکردنی داهاتەکانیان و زۆرجاریش بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا و ڕێکخراوەکانی دەرەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
ئەکرەم جەمۆ، ئاماژەی بەوەشکرد زیاتر لە 275 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن کە زۆربەیان بۆ یارمەتیی ئاوارەکان و مافی مرۆڤ دامەزراون.
بەرپرسی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو پێشتر 15 ملیار دینار بودجەی ڕێکخراوەکەیان بوو، بەو هۆیەوە دەیانتوانی کار و چالاکی زۆر ئەنجامبدەن، بەڵام بە بڕینی بودجەکە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر کەمبوونەوەی کار و چالاکییەکان درووستکردووە.
15-05-2017