ناونیشانی بابەت: بەردی لیکە ڕژێنەکان چین و چۆن درووست دەبن؟
لیک ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە جوین و قوتدانی خواراک و یارمەتیدانی کرداری ھەرسکردندا ، ھەروەھا ڕۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە پاراستنی ددان لەکلۆربوون و پاککردنەوەی ناو دەم و ددانەکان.
زۆر کەس ھەستدەکات لیکی کەمە و زۆر ھەست بە وشکیەتی ناو دەم دەکات و بۆنی ناخۆشی ناو دەمی بۆتە ھۆی بێزاربوونی خۆی و کەسانی چواردەوریشی و یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەم حاڵەتە درووست بوونی بەردە لە جۆگەی لیکە ڕژێنەکان و دەبێتە ھۆی گیرانی لیکە ڕژێنەکان.
بەردی لیکە ڕژێنەکان بریتین لە کۆبوونەوەی کلسی کالسیۆم لەناو لیکە ڕژێن یان جۆگەی لیکە ڕژێنەکان درووست دەبن و دەبنە ھۆی گیرانی ڕێڕەوی لیک و باوترین ھۆکاری ھەوکردنی لیکە ڕژێنەکانن.
سێ لەسەرچواری بەردی لیکە ڕژێنەکان لە ڕژێنی ژێر شەویلگەی خوارەوە درووست دەبن.
ھۆکاری درووست بوونی بەردی لیکە ڕژێن چییە؟
ھۆکاری سەرەکی درووست بوونی بەردی لیکە ڕژێنەکان تا ئێستا 2023 بە تەواوی نەزانراوە و دەر نەکەوتووە کە ھیچ خواردن و خواردنەوەیەک ببێتە ھۆی درووستبوونی بەردی لیکە ڕژێنەکان، تاکە ھۆکار کە مەترسی تووشبوون زیاد دەکات بریتییە لە وشکی دەم و وشکبوونەوە، لەبەر ئەوە شێدار ڕاگرتنی ناو دەم و زۆر ئاو خواردنەوە تاکە ڕێگای خۆپاراستنە بۆ ڕێگری کردن لە درووستبوونی بەردی لیکە ڕژێنەکان.
نیشانەکانی تووشبوون چین؟
1- خەستبوونەوەی لیک و زۆر کلس گرتنی ددانەکان.
2- وشکبوونی ناو دەم.
3- بۆنی ناخۆشی ناودەم.
4- ئاوسانی لیکە ڕژێنەکان.
5- ئازار و ناڕەحەتی.
6- زیادبوونی کلۆربوونی ددانەکان.
7- ھەوکردنی لیکە ڕژێنەکان.
8- ناڕەحەتی لە کاتی جووین و قوتدانی خۆراکدا.
چارەسەرەکان چین؟
ھەندێک جار ھەوکردنی لیکە ڕژێنەکان بەھۆی بەردەکانەوە دەبێتە ھۆی ئاوسانی لیکە ڕژێنەکە ئەمەش پاڵ بە بەردەکەوە ئەنێت کە لە شوێنی خۆی بجوڵێت و بێتە دەرەوە بەبێ ھیچ چارەسەر و نەشتەرگەرییەک، یان زۆر جار بەھۆی فشاری ئاوساوی ڕژێنەکەوە بەردەکان ورد دەبن بۆ پارچەی بچوکتر ئەمەش وا دەکات بە ئاسانی لە ڕێڕەوی لیکە ڕژێنەوە بێن دەرەوە.
- خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کەنابێ نەخۆش خۆی ھەوڵی دەرکردن یان شکاندنی بەردەکان بدات بە دەستی خۆی چونکە ئەبێتە ھۆی بردیندار بوونی ڕژێنەکان و لەکارکەوتنی لیکە ڕژێنەکە!
ئەگەر بەردەکە خۆی نەجوڵاو لە ڕێڕەوی لیکە ڕژێنەکەدا مایەوە ئەوا لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە دەردەھێنرێت.
[1]