ناو: ئاسۆ
نازناو: ئاسۆ عومەر سوارە
ناوی باوک:
عومەر حاجی محەمەد قوربانیعومەر حاجی محەمەد قوربانی
ساڵی لەدایکبوون: 1963
ڕۆژی کۆچی دوایی:
30-12-201930-12-2019
شوێنی لەدایکبوون:
سلێمانیسلێمانی
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
ژیاننامە
ئاسۆ عومەر سوارە هونەرمەند و نووسەر و میدیاکارێکی ناسراوی کوردستان بوو، لەرشتەکانی شانۆ و سینەما و دراما و نووسین و میدیا و ئارشیف خزمەتێکی زۆری بەگەل و نیشتمانەکەی کرد و لەو بوارانەدا شوێن پەنجەی ڕەنگینی دیارە. ئاسۆ عومەر حاجی محەمەد قوربانی ناوی تەواوی ئەو کەسایەتییە کەلتورییە و بەئاسۆ عومەر سوارە ناسراوە.

ئاسۆ عومەر سوارە
ئەو لە ساڵی 1963 سەدەی ڕابردوو لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.
بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری
پێنجوینپێنجوینی دڵگیرن، بەڵام خانەوادەکەی لەدوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 1946ی شارۆچکەی پێنجوینەوە ئەو شارۆچکەیەیان بەجێهێشت و لە شاری سلێمانی گیرسانەوە.
ئاسۆ قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو کرد، دواتر لەپەیمانگەی تەکنیکی بەغدا بڕوانامەی دبلۆمی لەبواری کارگێڕی بەدەستهێنا.
هێشتا خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی بووە، کە خولیای هونەر بووە و بەو تەمەنەوە بۆتە جیگای سەرنجی مامۆستاکانی هونەری قوتابخانەکەی و بۆتە جێگەی بایەخیان و پێی سەرسام بوون.
لەقۆناغی ناوەندی توانا هونەرییەکەی زیاتر دەرکەتوووە و هەر بۆیەش تیپی هونەری لاوانی سلێمانی بەشانازییەوە بەئەندام وەریانگرتووە و ئەندامێکی چالاک و زرنگیان بووە.
ساڵی 1979 کە تەمەنی 15 ساڵ بووە، لەشانۆگەری (دڵدارانی باران) لە فیستڤاڵێکدا لە شاری
هەولێرهەولێر بەشداری کردووە و وەک ئەکتەرێکی کارامە و بەسەلیقە بۆتە جێگەی سەرنجی ئامادەبوانی نمایشەکە.
ئاسۆ عومەر سوارەی هونەرمەندی فرە بەهرە، لەدوای ڕاپەرین زیاتر دەرکەوت و بووە ئەستێرەیەکی دیاری بواری هونەر و میدیا و بەهۆی کارە جوان و ناوازەکانی لەناو دڵ و دەروونی خەڵکی کوردستاندا جێگەی خۆی کردەوە و خۆشەویستی هەمووان بوو.
ئەو وەک هونەرمەندێکی بەئەزموون و قاڵبووی هونەر لەرشتەکانی شانۆ و دراما و سینەما چەندین بەرهەمی جوان و ناوازەی پێشکەش کرد و لەترۆپکی ئەو هونەرانەوە زیاتر ناسرا.
ئەو بەشداری لەدەیان کاری هونەریدا کردووە و درامای گەردەلول و فیلمی ژانی گەل نموونەی دووکاری هونەری بەرزی ئەون و ئاسۆیان لە لوتکەدا نیشان دا.
ئاسۆ لەبواری میدیاشدا ڕۆڵێکی دیاری بینی و بەتوانایەکی بەرزی هونەری و ڕۆشنبیرییەوە، چەند بەرنامەیەکی ڕەنگینی پێشکەش کرد، بەرنامەی پێشبڕکێی تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان و بەرنامەی وێنەکانی دوێنێی کەناڵی کوردسات دوو بەرنامەی زیندوو بوون و شاهیدی توانای بەرزی هونەری و ڕووناکبیری ئەو بوون و بینەرێکی زۆری بۆ ئەو دوو کەناڵە کێش کردبوو.
ساڵانێکی زۆریش لەبنکەی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ لەبواری کارگێڕی و ڕۆشنبیری خزمەتی کرد و زۆربەی فیستڤاڵەکانی ئەو بنکەیەی وەک پێشکەشکارێکی بەئەزموون و سەرکەش بەڕێوە ئەبرد. ئاسۆ لەبواری نووسینیشدا خاوەنی خامەیەکی ڕەنگین و سەنگین بوو، پەڕتووکەکانی(پێنجوێن مەملەکەتی گوڵەزەردە) و (سلێمانی و خاکی) دوو شاکاری مەزن ئەون و مێژووی پێنجوێن و سلێمانی لەدوو پەڕتووکی دۆکۆمێنتاری و ئەرشیفی بەرجەستە کردووە.
[1]
(سنوور) و (رەبەن) ناوونیشانی دوو پڕۆژەی نووسراوی دیکەی هونەری ئەو بوون، مەرگ دەرفەتی نەدا بەچاوی خۆی بیانبینێ.
کاکە ئاسۆ پیاوێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو، هەر لەسەرەتای گەنجییەوە تێکەڵاوی جووڵانەوەی سیاسی بوو، لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا خەباتی لەدژی ڕژێمی بەعس کرد و بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانییەوە تووشی گرتن و ئەشکەنجە و ئازاردان بۆوە و چەند ساڵێکی تەمەنی لاوی لەزیندانی فاشیستەکانی بەغدا بەسەر برد و لەکەناری مردن گەڕایەوە و سەربەزرانە بەلێبوردنی گشتیی ساڵی 1988 ئازاد کرا.
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ئەم هونەرمەندە بەتوانا و فرە بەهرەیە، ڕۆژی 30ی کانوونی یەکەمی 2019 بەنەخۆشی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد و لەرێورەسمێکی میللی و ڕەسمیدا لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاکی نیشتمان سپێردرا.