ناوی کتێب: ئامۆژگاری پێشەوا ئیبن جەوزی بۆ کوڕەکەی.
وەرگێڕانی: مەڕوان کوردی.
لە کتێبەکەوە:
ئەی کوڕی شیرینم بەئاگا وەرەوە، پەشیمان بەرەوە لەوەی کە ڕۆشتووە لە کەمتەرخەمیت، هەوڵبدە بۆ گەیشتن بە کاروانی بەندە کامڵەکان تاوەکو کات هەیە، پەلەکانت ئاوبدە تاوەکو تەڕایی تێدایە، یادی ئەو ساتەت بکەرەوە کە بەزایە چووە، ئەوە بەسە ئامۆژگاریکاربێت، چێژی تەمبەڵییەکەی ڕۆشت، پلە بەرزەکانیشی لەدەست چوون.
پێشینە چاکەکان -ڕەحمەتی خودایان لێبێت- حەزیان لە کۆکردنەوەی هەموو پلە بەرزەکان بوو، دەگریان بۆ لەدەستچوونی دانەیەکیان، ئیبراهیمی کوڕی ئەدهەم دەڵێت: چووینە لای خواپەرستێک کە نەخۆش بوو، سەیری قاچەکانی دەکرد و دەگریا، پێمان وت: چیتە وا دەگریت؟ وتی: تۆزاوی نەبوون لە پێناو خودای گەورە.
[1]