(ئاوێنەی قورئان) سوورەتی کەهف
دانراوی: ئامانج ژاژڵەیی (سەفایی)
ئەو ڕۆژەی وا کەلامی قەدیمی شکۆمەندی خودای موتەعال لە بەیتولعیززەوە بۆ ئەشکەوتی نوورانیی حیراء هاتەخوارو دابەزییە سەر دڵی ئەو ئاخرین فریادڕەسەی جیهان چاوەڕوانی هاتنی دەکرد، بە ئاشکراو بێ پەردە لە ڕێگەی موخاتەبەی فەخری کائیناتەوە (صلی الله علیه وآله وسلم) کە فەرمووی (بخوێنە) ڕووی لوتفی لە تەواوی بەندەکانی زەوی کرد و بە حوکمی ئەوەی بۆخۆی باشترین دەقی خوێندنەوەیە فەرمانەکە بووە ئەوەی کە بفەرموێ ئەی خوڵقێنراوان بمخوێننەوە.
ئەوجا هەر لەبەرئەوەی یەکەمین جار دڵی گەورەکەیان دەرگەی بۆ تەشەریفی ئەم کەلامە شیرینە کردووەتەوە، ئیدی لەو ڕۆژەوە هەرکەس لەم ئوممەتە بە دڵ قورئان بخوێنێت پەردەی نێوانی خۆی و مەعبود لائەدرێ و ئەو حاڵە پڕ بەرەکەتەی بۆ درووست دەبێ کە لە وەسفیدا خودا دەفەرموێ (إنما المؤمنون الذين إذا ذکر الله وجلت قلوبهم و إذا تليت عليهم آياته زادتهم إيمانا و علی ڕبهم يتوکلون)
خۆ ئەگەر بەو ئیمان و تەسەلیمبوونە قەلبییەشەوە نەخوێنرێتەوە پەنا بە خودای تاک و تاقانەی بێ هاوتا ئەو نەهامەتییە پەیدا دەبێ کە ئیمام غەزالی دەربارەی دەڵێ:
“ ئەگەر قورئانت خوێند یان بەرگوێت کەوت و دڵت کەفوکوڵی نەکرد و نەکەوتیتە گریان، ئەوا بگری و شیوەن بکە بۆ ئەو دڵەت کە بە قورئانیش نەرم نابێ “