مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دژی کەجەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
رۆژی هەینی 17ی 4ی 2020، کەجەکە لە بەیاننامەیەکدا لەسەر بابەتی زینی وەرتێ، کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەمای ئاراستەی
پارتی دیموکراتی کوردستانپارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە بە توندی رەت دەکەینەوە جەختیش لەوە دەکەینەوە کە ئەو هێزانەی کە لە زینی وەرتێ جێگیرکراون هێزی پێشمەرگەی سەر بە
وەزارەتی پێشمەرگەوەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانە لەوێ جێگیر کراون، کە حکومەتی هەرێم بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونی پەتای کۆرۆنا بڕیاری لەسەردا بوو و وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەی بەم هێزانە کردووە. ئەم هێزانە هێزی پارتی نین بەڵکو هێزی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن کە ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان جێبەجێ دەکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بە چاوی رێزەوە سەیری خەباتی هەموو حزب و رێکخراوەکانی دیکەی کوردی کردووە و پشتیوانی داواکارییە سیاسی و مەدەنییەکانی گەلی کورد بووە. جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆرە کە
پەکەکەپەکەکە ئەو مافە بە خۆی بدات لە هەر شوێنێک کە پێی خۆش بێت هێز بنێرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەربدات، بەڵام بەلایەوە ئاسایی نەبێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مومارەسەی دەستەڵاتەکانی خۆی لەسەر خاکی خۆی بکات.
بەداخەوە ئەو رەفتارەی پەکەکە ئێستا و لە ساڵانی رابردوو لەدژی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە، رەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و هیچ رێزێکی لە دامودەزگاکان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی نەگرتووە. بەهۆی رەفتارەکانی پەکەکە سەدان گوندی هەرێمی کوردستان ئاوەدان نەکراونەتەوە و رێگە لە ژیانی هەزاران هاووڵاتیی گیراوە و بەهۆی پەکەکەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی زۆر گەوەرەی مرۆیی و ماددیان داوە.
ئەوەی تا ئێستایش لە پەکەکە قبوڵ کراوە بە هۆی سینگفراوانی پارتی و هەرێمی کوردستان بووە، کە چاوپۆشییان لە زێدڕەۆییەکانی پەکەکە کردووە. حەقیشە سەرانی پەکەکە تەقدیرییان بۆ ئەم هەڵوێستەی خەڵکی کوردستان هەبا و رەچاوی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیان کردبا و لانیکەم رێزی دامودەزگای هەرێم و هاووڵاتیانیان گرتبا، کە ساڵانێکی دوور و درێژە تەحەمولی بوونی پەکەکەیان لەسەر خاکی هەرێم کردووە.
کێشەی پەکەکە لەگەڵ تورکیایە و باشتریشە لەبری شەڕفرۆشی و دروستکردنی سەرئێشە و گرفتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان، بچن کێشەکانیان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن. گۆڕەپانی کاری ئەوان تورکیایە نەک هەرێمی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
17-04-202017-04-2020