گەشەی دانیشتوانی هەرێم بەراورد بە عێراق کەمبۆتەوە
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی ئاماری وەزارەتەکانی پلاندانانی عێراق و هەرێم، رۆژ دوای رۆژ رێژەی گەشەی دانیشتوان لە عێراق لە کەمبوونەوەدایە، گەشەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش بەراورد بە عێراق کەمترە و ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر پشکی کورد لە بودجە و ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمان، شارەزایەکی بوارەکەش لەوبارەیەوە هۆشداری دەدات.
هەرچەندە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق پێویستە هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی ماوەی 31 ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرژمێرییەکی گشتی ئەنجامنەدراوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراقیش رایگەیاندووە لە ساڵی 2020 سەرژمێری گشتیی ئەنجامدەدەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی دانیشتوان لە عێراق لە ساڵی 2003، 25 ملیۆن 627 هەزار 362 کەس بووە، له و رێژەیەش چوار ملیۆن و 864 هەزار و 241 کەس لە هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 رێژەی دانیشتوان لە عێراق بۆتە 37 ملیۆن و 139 هەزار و 519 کەس، له و رێژەیەش 5 ملیۆن و 755 هەزار و 43 کەسیان لە هەرێمی کوردستانن، هەر بەپێی ئامارەکان زیادبوونی رێژەی دانیشتوانی عێراق بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان لەماوەی ئه و 15 ساڵەدا زۆر زیاتر بووە.
هەرچەندە لە ساڵی 2003-ەوە پشکی کورد لە بودجەی عێراق لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان بە 17% دەخەمڵێندرا، بەڵام شارەزایەکی بواری سەرژمێری ئاشکرایدەکات، رێژەی دانیشتوانی هەرێم لەئێستادا بۆتە لە 15%.
د. سامی خزر، پسپۆری بواری ئامار و سەرژمێری بە دواڕۆژی راگەیاند، لە ساڵی 2003 رێژەی دانیشتوانی هەرێم لە 18%ەی عێراق بووە، بەڵام ئێستا لە ئەنجامی وردبوونەوە لە داتا و ئامارەکان رێژەکە بۆتە 15.4%، ئەوەش بەپێی داتاکانی بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق.
وتیشی، بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی دانیشتوان عێراق لە ساڵی 2022، 43 ملیۆن و 17 هەزار کەس تێپەڕدەکات، هەرێمی کوردستانیش دەبێتە شەش ملیۆن و 445 هەزار کەس، بەمەش رێژەی دانیشتوانی هەرێم بۆ لە 14.9%ی کۆی دانیشتوانی عێراق کەمدەبێتەوە.
لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2005، رێژەی کورسییەکانی کورد لە کۆی 275 کورسی 58 کورسی بوو، لە خولی دووەم لە ساڵی 2010 سەرەڕای زیادکردنی کورسییەکان بۆ 325 ژمارەی کورسییەکانی بووە 57، لە ساڵی 2014 لە کۆی 328 کورسی کورد 61 کورسی هەبووە، لە ساڵی 2018 لە کۆی 328 کورسی بەپێی پێشبینییەکان ژمارەی کورسییەکانی دەبێتە 59 کورسی.
سامی خزر، ئاماژەبەوەشدەکات، بەپێی پێشبینییەکان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان لە ساڵی 2022 لە 328 کورسی بۆ 430 کورسی، ئەوکات ژمارەی کورسییەکانی کورد لە 64 کورسی تێپەڕناکات بەهۆی ئه و گەشە خێرایەی لە رێژەی دانیشتوانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق روودەدات، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر پێگەی کورد لە پەرلەمان عێراق.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم گەشەی دانیشتوان لە ساڵی 2006 لە هەرێمی کوردستان 3.8% بووە، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی ئابووری لە ساڵی 2010 بۆتە 2.8، لە ساڵی 2011 و 2012 بۆتە 2.7 لە ساڵی 2013 بۆتە 2.6، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 بۆتە 2.5، پێشبینیشدەکرێت رێژەکە بۆ ساڵی 2020 ببێتە 2.2، لەکاتێکدا رێژەی دانیشتوان لە عێراق لەئێستادا بۆتە 2.6، لە ساڵانی رابردووش 3% بووە.
هەر بەپێی ئامارەکان رێژەی منداڵبوون لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو رووی لە کەمبوونەوە کردووە بەشێوەیەک لە ساڵی 2014 ژمارەی لەدایکبوون 181 هەزار منداڵ بووە، بەڵام لە ساڵی 2017 ئه و ژمارەیە کەمبۆتەوە بۆ 165 هەزار.
بەپێی ئامارەکانیش لە کەمبوونەوەی رێژەی منداڵ پارێزگای
سلێمانیسلێمانی لە پلەی یەکەمدایە و
هەولێرهەولێریش لە دوای دێت، بە پێچەوانەشەوە لە پارێزگای
دهۆکدهۆک رێژەکە زیادیکردوە.
هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ساڵانە لە عێراق زیاتر لە 850 هەزار کەس زیاد دەکات.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتی، ئه و رێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی ئامارە بۆ ساڵی 2018 بەبێ بوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکانی هەرێم.
ئاماژەشی بەوەکرد، ماوەی چەند ساڵێکە گەشەکردنی رێژەی نێر و مێ لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە یەک ئاستدایە و ئه و دوو رەگەزە وەک یەک لە گەشەکردندان.
سەرۆکی دەستەی ئامار ئاشکراشیکرد، رێژەی گەشەکردنی دانیشوانی هەرێم بەره و کەمبوونەوەیە بەهۆی شێوازەکانی رێکخستنەوەی ژیان و نەپیتاندنی هێلکە لەلایەن ئافرەتان و کەمکردنەوەی منداڵی دووەم.
[1]
22-07-201822-07-2018