لە هەڵبژاردنەکاندا 45 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجامدراون
📊 ئامار و راپرسی
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان (21) سکاڵا لە سەنتەری میترۆ تۆمارکراوە کە 45 پێشێلکاریە بەرامبەر 31 رۆژنامەنوس و کەناڵی راگەیاندن، توندوتیژی جەستەی و تەقەکردن لە بارەگا و رێگری تێدایە.
پێشێلکاریەکان بەرامبەر بە هەریەک لە کەناڵەکانی (ئێن ئاڕتی، کوردستان تیڤی، خەندان، رۆژنیوز، تەلەفزیۆنی سلێمانی، کوردستان 24، سایتی سبەی) دیارترینیان بوون.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەنتەری میترۆ، لەکاتی چاودێریکردنی پڕۆسەکە لە هەندێک بنکەی دەنگدان رێگری کراوە رۆژنامەنوسان روماڵبکەن، هەرچەندە ئەو بنکانە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە دەستنیشانکرابوون بۆ رۆژنامەنوسان تا روماڵی تێدابکرێت.
لەکاتێکدا هەزارەها چاوی میدیا و چاودێران لەسەر هەرێمی کوردستان بوو، لەپاش چەند کاتژمێرێک لە تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی، هێزێکی چەکدار هێرشیان برد بۆ سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، لەو هێرشە چەکداریەدا ئۆفیسی سایتی سبەی زەرەری ماددی لێدەکەوێتەوە.
بەداخەوە لە هەمان روداودا، (میکۆیان سلێمان) کارمەند لە تەلەفزیۆنی خەندان لە کاتی کارکردندا بە جەڵدەی دڵ گیانلەدەستدەدات.
میترۆ ئاماژەدەدات، بەپێی بەیاننامەیەکی دەزگای سەتەلایتی کوردستان تیڤی شەوی 11/12 ی ئایار، لەلایەن چەند ماتۆرسکیلێکەوە تەقە لە نوسینگەی سلێمانی کەناڵی سەتەلایتی کوردستان تیڤی کراوە.
هەروەها لەکاتی روماڵی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سلێمانی، لەلایەن هێزێکی چالاکییە مەدەنیەکانەوە هێرش دەکرێتەسەر تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی کوردستان تیڤی.
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت رواڵەتەکانی توندوتیژی لەناو پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا دوبارەبونەوەی هەمان رەفتاری نادیموکراتی و ناشارستانی ئەو هێزانەن کە لە ساڵانی رابردوو هەوڵی بەرتەسکردنەی ئازادی رۆژنامەنوسی و رادەبڕین دەدەن.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە.
[1]
14-05-201814-05-2018