کۆمپانیایەکی تورکی پڕۆژەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەبای هەرێم جێبەجێدەکات
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بریکاری وەزارەتی
کارەباکارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، بۆ کۆنترۆڵکردنی بەفیڕۆدانی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای ئۆسکۆمی تورکی گرێبەستێکیان بەبڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ واژۆکردووە.
هۆگر شاڵی، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی2017، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە بارەی رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای ئۆسکۆمی تورکی گرێبەستی مینی سکادا لەنێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای ناوبراو واژۆ کرا کە بەمەبەست لێی کۆنترۆڵکردنی سیستمی کارەبای هەرێم و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی کارەبایە.
بریکاری وەزارەتی کارەبا وتیشی دوای ئەنجامدانی گرێبەستەکە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و کۆنترۆڵی کارەبا راسپێردراون کە پابەندی بڕگەکانی ناو گرێبەستەکە بن، بۆ ئه و مەبەستەش وەزارەتی کارەبا ئامادەیی تەواوی هاوکاری و پاڵپشتی سەرکەوتنی پرۆژەکەی نیشانداوە کە بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و رۆڵی لەبەڕێوەبردنی سیستمی کارەبا و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی کارەبا و کێشەی کەوتنی یەکەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مینی سکادا پڕۆژەیەکە بۆ کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی سیستمی کارەبا لەسەر قەرزی جایکای ژاپۆنی بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ ئەنجامدراوە.
روونیشیکردەوە، لەرۆژی دەستبەکاربوونی پڕۆژەکە دەبێت لە ماوەی 9 مانگدا جێبەجێ بکرێت و گرنگی پڕۆژەکەش لەوەدایە کە پەیوەندی نێوان 11 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و 12 وێستگەی گۆڕینی کارەبا رێکدەخات.
[1]
15-11-2017