لە کرماشان هەزاران کەس تاوەکو بەیانی لەدەرەوە خەتوون، فۆتۆ: AFP
لە پارێزگای
کرماشانکرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی
بوومەلەرزەبوومەلەرزەکەی شەوی رابردوو 141 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 600 کەسیش برینداربوونە، هەروەها 70 هەزار کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و ئاوارەن. هەروەها پشووی فەرمی و ماتەمینی گشتیی لەو پارێزگایە و لە ئیلام راگەیێندراوە.
شەوی رابردوو 12-11-2017، بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەر چوار پارچەی کوردستان و چەند وڵاتێکی دیکەی هەژاند، بەهۆیەوە لە باشووری کوردستان 7 کەس و لە رۆژهەڵات و ئێرانیش زیاتر لە 210 کەس گیانیان لەدەستدا، سەتانی دیکەش برینداربوون.
بەپێی سەنتەرەکانی جیۆلۆجی ئەمریکا و ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نێوەندی بوومەلەرزەکە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان (هەڵەبجە و کرماشان) بووە، گوڕەکەشی لەنێوان 7 بۆ 7.6 پلەی رێختەر بووە.
کرماشان زیانی زۆری بەرکەوتووە، بەپێی میدیای فەرمی ئێران 141 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و 600 کەسیش برینداربوونە، هەروەها 70 هەزار کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و ئاوارەبوونە. ئەمە لەکاتێکدایە لە تەواوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژمارەی کوژراوان 211 کەس و بریندارانیش 2 هەزار و 554 کەسە.
فەرماندەی گشتیی هێزی ئەرتەشی ئێران ئەم بەیانییە بۆ بەسەرکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان چووە پارێزگای کرماشان. ئەو بریندارانەی لە دۆخێکی خراپدابوون لە کرماشانەوە بە فڕۆکە گواسترانەوە بۆ تاران و نەخۆشخانەکانی تاران لە ئامادەباشیدان بۆ بەهاناوەچوونی بریندارەکان.
لە بەیانیی ئەمڕۆوە 20 هەلیکۆپتەری هێزی زەمینی ئەرتەشی ئێران نێردراونەتە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و بۆ فریاکەوتن و خزمەتگوزاری خێرا تەرخانکراون، ئەمە لەکاتێکدایە لە پارێزگاکە پشووی فەرمی و ماتەمینی گشتیی راگەیێندراوە.
عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانیش فەرمانی بە هەموو دامودەزگاکانی ئێران کرد بەزووترین کات و باشترین شێوە بەهانای خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان بەتایبەت لە پارێزگای کرماشان بڕۆن.
دامەزراوەی گواستنەوەی خوێنی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا داوای کردووە ئەو کەسانەی گرووپی خوێنی ئۆ ناقس-یان هەیە خوێن ببەخشن و پاشکەوتی ئەو گرووپە خوێنییە بۆ بریندارانی بوومەلەرزەکە کەمە و زۆر بەخێرایی خوێنی ئۆ ناقس لە نەخۆشخانەکان پێویستە.
[1]
13-11-2017