YNDK پشتیوانی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان دووپاتدەکاتەوە
📝 بەڵگەنامەکان
- جەماوەری دڵسۆزی کوردستان... - حیزب و لایەن و هێزە سیاسییەکانی کوردستان..
- دۆست و ئەندام و لایەنگرانی YNDK...
ئەنجامدانی
ریفراندۆمریفراندۆم لە رۆژی 25-9-2017 و خواستی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان، مافێکی رەوای گەلی کوردستانە، کە ساڵەهایە خەبات و تێکۆشانی بۆ دەکەین و لەم پێناوەدا هەزاران شەهید و قوربانی دراوە و گەلەکەمان دووچاری ئاوارەبوون و ئەنفال و کیمیابارانکردن و وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکان بۆتەوە و هەر لە رۆژی لکاندنی باشووری کوردستان بەعێراقی عەرەبی، نەوەک هەر کورد هیچ نەتەوە و پێکهاتەیەک لەژێر ئاڵای عێراق خۆشی بەخۆیەوە نەدیوه و هەموو دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دژی مافەکانی گەلی کوردستان بوونە.
دوای ئەوەی حکومەتی عێراقی بودجە و قوت وموچەی موچەخۆرانی کوردستانی بڕی و پابەندی دەستوور نەبوو، لەهەمان کاتدا هەموو گفتوگۆکانی بێ چارەسەر هێشتەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی کوردستان و سەرکردایەتی کوردستان، بڕیاری ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانیاندا، ئەمەش مافی رەوای خۆمانە، ئێمەش وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکە له رۆژهەلاتی ناوەڕست خاوەنی کیانی خۆمان بین و دەوڵەتی کوردستان رابگەیەنین و تیایدا هەموو نەتەوه و ئایین وپێکهاتەکان لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەمافەکانی خۆیان بگەن.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK هەر لەسەرەتای دامەزارندنمانەوە دروشمی سەرەکیمان سەربەخۆیی کوردستان بووه و، بەردەوام لەم پێناوەدا کارمان کردووە، تەنانەت لەم پێناوەدا زۆر باجمان داوه و دژایەتیمان کراوە، بەڵام ئەمڕۆ خۆشبەختانە ئەم ئارمانجەمان هاتەدی، لەبەرئەوە سەرخستنی ئەم پرۆسه بە ئەڕکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان دەزانین، لێرەوە جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان یۆ ئەم پرۆسەیە دوپات دەکەینەوە و، بە پێویستی دەزانین هەموو لایەکمان سەرجەم هێزو لایەنەکان و جەماوەری کوردستان ئەم پرۆسەیە سەربخەین و بەهیچ شێوەیەک نابێ دەستبەرداری ئەم مافەمان بین و پێویستە ریفراندۆم لەکات و وادەی خۆی ئەنجامبدرێ و چونکە جەماوەری تێنووی سەربەخۆیی کوردستان دواخستنی ریفراندۆم رەتدەکەنەوە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لەعێراق جیابینەوە و سەربەخۆیی رابگەیەنین، بێگومان دەوڵەتی کوردستان بەهیچ شێوەیەک هەڕەشە نیە بۆ سەر ئاسایشی رۆژهەلاتی ناوەراست و بگرە فاکتەرێکە بۆ هێنانەدی هێمنی و ئارامی بۆ ناوچەکە.
دواخستنی ریفراندۆم بەهیچ شێوەیەک لەبەرژەوەندی گەلی کوردستان نیە و دەوڵەتان دەیانەوێ لۆزانێکی دیکه و رێککەوتننامەیەکی هاوشێوەی رێکەوتننامەی جەزائیر بەسەر گەلی کوردستان بهێنن، دەوڵەتانی ئەقلیمی هەموو کات ناکۆکیەکانیان وەلاوە ناوه و بۆ دژایەتی گەلی کوردستان کۆک و دۆست بووینە و، هەندێ دەوڵەتی بڕیاربەدەستی بەرژەوەند پەرستیش هەموو کات داوای دواخستنی داواکاری و دەست هەڵگرتنی گەلی کوردستانیان لەمافەکانیان کردووه، هەر بۆنمونە لەدوای راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 داواییان کرد هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرێ کەچی هەڵبژاردن کراو لە ساڵی 2003 لەگەڵ رووخانی رژێمی بەعس، داواییان کرد هێزی پێشمەرگە نەچێتە کەرکووک و کرا، بەڵام ئەوانە هەمووی خۆی لەبەردەم ئیڕادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان نەگرتووەو گەلی کوردستان ئیڕادەی هەردەم سەرکەوتوو بووه، لەم دیگایە نەتەوەیی و نیشتمانیەدا داوا لەهەموو لایەک دۆست و ئەندام و لایەنگرانمان و جەماوەری دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان و لایەنەکان دەکەین لەرۆژی 25-9-2017 لەهەموو باشووری کورستان بەناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانیشەوە بەره و سندوقەکانی دەنگدان بچین و بە بەڵێ دەنگ بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بدەین و دەوڵەتی کوردستان رابگەیەنین و ئەوکاتە دەبێتە واقیع و دەوڵەتان دانی پێدادەنێن و پەیوەندی دبلۆماسی و ئابووری لەگەڵ دەبەستن.
- سەرکەوێ ئیرادەی گەل و ریفراندۆم...
- بێتەدی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و یەکگرتوو دیموکرات.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
2017-09-22
هەولێر- باشووری کوردستان