بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەبارەی ریفراندۆمەوە راگەیاند
راگەیاندراوێک بۆ رای گشتی
بزوتنەوەی گۆڕانبزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم ساتی راگەیاندنیەوە لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا مافی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی کردوە بە یەکێک لە ئامانجە نەتەوەییەکان. ریفراندۆمیش وەک هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نەتەوەییە دانراوە. بەڵام سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هاوئاوازەکانیان ئەم پرۆسەیان بۆ دەسکەوتی کەسیی و حزبی و خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و یاسایی و سیاسییەکانی کوردستان بەکارهێناوە و ناشیرینیان کردوە. هەروەها هەنگاوەکانیان بەو ئاڕاستەیە بوە کە یەکڕیزی گەلەکەمان و یەک دەنگی خەڵکی کوردستان بخەنە بەردەم مەترسیەوە.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ
کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانکۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و بەشێک لە کەسایەتییە رۆشنبیر و نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان هەوڵی زۆرمانداوە گەلەکەمان بە یەکڕیزی و نەخشەیەکی تۆکمەوە هەنگاو بنێت بەرەو دروستکردنی پایەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و خۆمان بۆ ئایندەیەکی شایستە بە قوربانییەکانی گەلی کوردستان ئامادە بکەین. هەر بۆیە داوای دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆممان بۆ کاتێکی گونجاو کرد و داوامانکرد پێشوازی لە دەستپێشخەری هێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێت. بەڵام ئەو هەوڵانە فەرامۆشکران و گرنگی ئەو هەنگاوانە رەچاو نەکران. بۆیە هەر دەرەنجامێکی نەخوازراوی ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە لەم کاتەدا بڕیاریان لەم پرسە داوە.
لێرەش بەپێویستی دەزانین بڵێین کە حکومەتی بەغداش بەدەر نییە لە پێشێلکردنی دەستور و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی ترو جێبەجێ نەکردنی ئەو مادە دەستورییانەی کە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر دەکەن.
لەکۆتاییدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی تر جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بە
کەرکوککەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانەوە دەکەینەوە، چونکە لە دروستبونی دەوڵەتی نوێی عێراقەوە تاکو ئەمڕۆ ململانێی سەرەکی نێوان گەلی کوردستان و رژێمە یەک لە دوای یەکەکان لەسەر دیاریکردنی سنوری جوگرافیای باشوری کوردستان بوە. چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کرۆکی چارەسەرکردنی کێشەی گەلی کوردستانە لە عێراقدا. بۆیە وەک بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی کوردستان ئازاد دەکەین لە چۆنیێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا.
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
24-09-2017