ئاژانسێکی تورکی: ئەمەریکا 70 بارهەڵگر هاوکاری سەربازی ناردوە بۆ شەڕڤانان
📊 ئامار و راپرسی
خەندان، خۆشناو حسێن
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەپێی ئاژانسێکی تورکی، شەوی رابردوو 70 بارهەڵگر هاوکاریی سەربازیی ناردوە بو شەڕڤانان لە باکوری شاری رەققە.
بە پێی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، ئەمەریکا بە شەوی رابردوو 70 بارهەڵگر هاوکاریی سەربازیی لە رێگای دەروازەی سێمالکا لە هەرێمی کوردستانەوە گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە بارهەڵگرەکان 30 ئۆتومبێلی سەربازیان هەڵگرتبوو و بەشێکی تریشیان چەک و تەقەمەنیان پێ بووە.
بە پێی ئاژانسەکە لە 13،17، 21-ی ئاب و 3 ئەم مانگە بە گشتیی 330 بارهەڵگر هاوکاری لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوەتە رۆژئاوای کوردستان و لە رێگای حەسەکەوە بەرەو رەققە رۆیشتووە.
پێش ئەوەش لەرۆژانی 5، 12، 16، 21-26 حوزیران و لە 5، 9،13،17،27،31 تەمووز و تا 7 ئاب بە گشتی 1021 بارهەڵگر هاوکاریی سەربازیی گەیشتووەتە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رەققە، ئەوەش بە پێی ئاژانسەکە.
بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەست ئاژانسەکە کەوتووە، لەو هاوکاریانە 12 هەزار کلاشینکوف و شەش هەزار چەکی مامناوەند و 3 هەزار و 50 چەکی قورس و 3 هەزار ئاربیجی -7 جۆری ئەمەریکی و هەزار چەکی جۆری (AT-4) ئەمەریکی و جۆریSPG-9 تانکساڤاری روسی بووە.
هەر بە پێی ئەو بەڵگانە، لە ناو ئەو چەکانەدا 235 تۆپی هاوەن و 100 قەناس و 450 دووربینی شەوی جۆری PV-7 و 150 دوربینی لیزەری گەیشتووە دەستی شەرڤانان.
وەزارەتی بەرگری تورکیا پێشتر راگەیاندبوو کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بارەی ناردنی هاوکاریەکانی سەربازی بو هێزەکانی سوریای دیموکرات زانیاریی دەداتە تورکیا.
[1]
10-09-2017