دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەت
نوسینی: ناتاشا ئیزرۆ-ئیرکا فرانتز
وەرگێڕانی: د.بایەزید حەسەن
چاپی یەکەم
پێشەکیی وەرگێڕ
خوێنەری بەڕێز، ئەم کتێبەی لە بەردەستتدایە، دەربارەی دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەتەکان نووسراوە، کە جیهانێکی ئاڵۆزە و پڕە لە نهێنی. دەستڕاگەیشتن بەو نهێنییانە ئەگەر کارێکی ئەوپەڕی گران نەبێت، ئەوا مەحاڵە، چونکە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان هەرگیز نهێنی و زانیاریی ورد دەربارەی چۆنێتیی فەرمانڕەواییکردنیان و دامودەزگا جۆراوجۆر و دامەزراوەکانیان نادرکێنن. لەبەر ئەوە لەسەر ئاستی ئەکادیمی، لێکۆڵینەوەی کەمتر لەسەر ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان کراوە لەچاو ڕژێمە دیموکراسییەکان، وێڕای کەمیی ئەدەبیات لەسەر ئەم بوارەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان لە زانستی سیاسیدا.
بەگوێرەی مەزەندەی ڕێکخراوی فریدەم هاوس، نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان لە بندەستی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکاندا دەژین و دوو ملیار کەس بەدەست فەرمانڕەوایی ستەمکارییەوە دەناڵێنن. لە جیهاندا سەدوشەش ڕژێمی فەرمانڕەوایی دیکتاتۆری یان نیمچەدیکتاتۆری هەن. واتە 54٪ی دەوڵەتانی سەر گۆی زەوی. نزیکەی لە هەر سێ وڵات لە جیهاندا، یەکێکیان لەژێر فەرمانڕەوایی دیکتاتۆرییەتدایە. بە تەنیا حزبی کۆمۆنیستی چین فەرمانڕەوایی نزیکەی چواریەکی دانیشتوانی جیهان دەکات.
هۆیەکانی دروستبوونی ڕژێمە دیکتاتۆرییەتەکان چەندان سەدەیە نەگۆڕاون، هەمووشیان لە کاتی سەرهەڵدانی پشێوی و تەنگژە و قەیرانەکاندا دروست دەبن، وەک ئەو دیکتاتۆرییەتانەی ئەدۆڵف هیتلەر لە ئەڵمانیا و بینیتۆ مۆسۆلینی لە ئیتاڵیا و قەیسەر لە ڕووسیا دایانمەزراندن. دیکتاتۆرەکان هەمیشە دەیانەوێت لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدا بمێننەوە و نوێنەرایەتیی هاووڵاتییان ناکەن و گرووپێکی بچووکی هاووڵاتییان، کە پێی دەڵێن دەستەبژێر، لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە پارە و پلە و پۆستی باشیان دەدەنێ و چارەنووسیان بە چارەنووسی ڕژێمەکەوە دەبەستنەوە، بۆ ئەوەی هەمیشە ئەو دەستەبژێرانە بەرژەوەندییان لە مانەوەی ڕژێمەکەدا ببیننەوە و ڕژێمەکە بپارێزن. هاوکات ئەو دیکتاتۆرانە ئامڕاز و دامودەزگای سەرکوتکردن و داپڵۆسین و تۆقاندنیان هەیە، کە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و نەیارانیان بەکاری دەهێنن و هەرگیز لە کوشتن و بەکارهێنانی زەبروزەنگ و توندوتیژی بەرامبەر ئەوانەی بە هەڕەشەی بۆ سەرخۆیان بزانن، سڵ ناکەنەوە. گەندەڵی و بەرتیلخۆری و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامانی وڵات و تاڵانکردنی لەژێر فەرمانڕەوایی ئەو دیکتاتۆرییەتانە بڵاوە و هۆی کاران بۆ حوکمڕانییان، لە کاتێکدا زۆرینەی هاووڵاتییان لەژێر باری هەژاری و ناهەمواری و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان ژیان بەسەر دەبەن.
مەزەندە دەکرێت فێردیناند مارکۆسی فیلیپین و سانی ئاباشەی نایجیریا، هەر یەکەیان زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاریان دزیبێت کاتێک لە دەسەڵاتدا بوون. وەک دەڵێن، ئەلبێرتۆ فوجیمۆری پیرۆ شەشسەد ملیۆن دۆلاری پیرۆی بە تاڵان بردووە، لە کاتێکدا دوڤالییەکان لەو کاتەی لە هایتی لە دەسەڵاتدا بوون، نزیکەی هەشتسەد ملیۆن دۆلاری بۆ خۆیان بردووە. بۆکاسای سەرۆککۆماری ئەفریقای ناوەند، لە ئاهەنگی تاجلەسەرنانەکەی لە ساڵی 1977دا، بیستودوو ملیۆن دۆلاری خەرج کرد، ئەو بڕە پارەیە 24٪ی داهاتی نەتەوەیی کۆماری ئەفریقای ناوەندی پێک دەهێنا.
هەندێک لە ڕەفتارە نامۆ و نابەجێیەکانی دیکتاتۆرەکانی جیهان، کە لەم کتێبەدا باس کراون، دەخەینە ڕوو: لە ساڵی 1997دا، قەزافی بڕیاری دا کە دەبێت هەموو خێزانەکانی لیبیا لە ماڵەکانیان مریشک بەخێو بکەن، وەک هۆیەک بۆ ئەوەی لیبیا بەشی خۆی لە مریشک دابین بکات و مریشک هاوردە نەکات. موعەممەر قەزافی ساڵنامەی گریگۆریی گۆڕی بۆ ساڵنامەی هەتاوی و ناوی هەموو مانگەکانیشی گۆڕی بۆ ئەو ناوانەی خودی خۆی دای دەهێنان. هاستنگس باندای سەرۆکی مالاوی، بڕیارێکی دەرکرد کە نابێت ژنان پانتۆڵ لە پێ بکەن. فرانسیکۆ ماسیاس نگویما، سەرۆکی گینیای ئیستیوائی، هەموو جۆرە دەرمانێکی هاوچەرخی لە وڵاتەکە قەدەغە کرد، تەنانەت لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرای ترسناکیشدا. پاپا دۆکی هایتی وێنەکانی خۆی لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکەدا بڵاو کردبووەوە و هەندێک لەو وێنانە ئەو پەیامەیان بە گوێی خەڵکدا دەدا، کە ئەو لە لایەن عیسای مەسیحەوە بۆ سەرۆکایەتیی هایتی هەڵبژێردراوە. لە یەکێک لەو وێنانەدا پاپا دۆک لە تەنیشت عیسای مەسیح وەستاوە و مەسیح دەستی لەسەر شانی ئەو داناوە، لەگەڵ نوسینێک کە دەڵێت ''من پاپا دۆکم هەڵبژاردووە''.
سەرۆکی ئۆگەندا، عیدی ئەمین، وای بڵاو کردەوە کە لە ماوەی دەسەڵاتیدا لە ئۆگەندا، سەد هەزار تا شەشسەد هەزار ڕۆشنبیری کوشتووە. هەر بەرپرسێک هەر پێشنیارێکی بۆ سەدام کردبایە، سەدام ڕقی لێ دەبووەوە و دەیکوشت. بۆ نموونە، لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراقدا، وەزیری تەندروستی پێشنیازێکی کرد کە سەدام بۆ ماوەیەکی کاتی واز لە دەسەڵات بهێنێت بۆ ئەوەی ئەو مەرجەی ئێران بۆ ئاشتی، جێبەجێ بکات. سەدام سوپاسی ئەو هەڵوێستە ڕاشکاوانەی وەزیری تەندروستیی کرد، پاشان ئەو وەزیرەی بە پارچەپارچەکراوی لە کیسەی مردواندا بۆ هاوسەرەکەی ناردە ماڵەوە.
ئەم کتێبە باسی ئەوە دەکات کە چۆن دیکتاتۆرییەتەکان پۆلێن دەکرین لەگەڵ هۆیەکانی سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەتەکان، مانەویان، ستراتیج و ئاڕاستەکانیان، ڕۆڵی دەستەبژێر و هۆکارەکانی ڕووخانیان. هەروەها باسی جۆری کودەتاکان و هۆکارەکانی ڕوودانیان و شکستهێنانیان دەکات. پەیوەندیی نێوان دیکتاتۆرییەتەکان و بنبەستی سیاسی و ئابووری و کێشە نێودەوڵەتییەکانیش بە دوورودرێژی ڕوون دەکاتەوە. هەروەها لەم کتێبەدا بۆ هەر یەکێک لە دیکتاتۆرییەتەکان بەشێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەریان و ڕوونکردنەوەیان تەرخان کراوە، بەم جۆرە: دیکتاتۆرییەتە سەربازییەکان لە ئەمەریکای لاتین و دەوروبەری، دیکتاتۆرییەتە تاکحزبییەکان لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و دەوروبەری، دیکتاتۆرییەتە تاکڕەوییەکان لە باشووری بیابانی ئەفریقا و دەوروبەری، ڕژێمە پادشاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری، دیکتاتۆرییەتە دووڕەگەکان لە پاکستان، کووبا، ئیل سەلڤادۆر و هەڕەشەی سیانی لە میسڕ.
لە چاپە ئینگلیزییەکەی ئەم کتێبەدا، لە کۆتایی هەر بەشێک هەندێک پرسیار و بە ناو خاڵی گرنگ هەبوون، کە زیادە و شتی دووبارە بوون و لە چاپە کوردییەکەیدا لا براون. هەروەها لە کۆتایی هەر بەشێکیش سەرنج هەبوو کە ئەو ناوانەی تێدا بوو کە دانەرانی کتێبەکە لە بەشەکاندا ئاماژەیان پێ کردبوون، لە چاپە کوردییەکەدا هەموو ئەو ناو و سەرچاوانە لە بیبلۆگرافیای کۆتایی کتێبەکەدا هەن، لەبەر ئەوە لە کۆتایی بەشەکان لا براون. هەروەها لە چاپە کوردییەکە هەموو ئەو ناوانەی لە بەشەکاندا ئاماژەیان پێ کراوە، وەک خۆیان بە ئینگلیزی نووسراونەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێت ئەو سەرچاوانەیان دەست بکەوێت، لە بیبلۆگرافیایەکەدا ناونیشانی دانەر و سەرچاوەکانیان دەربهێنن.
هیوادارم ئەم وەرگێڕانە سوودی هەبێت و کەلێنێکی بچووکی کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە.
د. بایەزید حەسەن عەبدوڵڵا
سلێمانی
25-09-2016
⚠️ تێبینی: ئەم پەڕتووکە فایلی پی دی ئێفی لەگەڵدا نییە، تکایە یارمەتیی کوردیپێدیا بدە بۆ بەدەستهێنانی!. 📕 ناردنی پەڕتووک