بەیاننامەی کۆتاییهاتنی پرسەی نەوشیروان مستەفا
📝 بەڵگەنامەکان
هاونیشتمانیان و هێز و لایەنە سیاسیەکان...
لە مێژوی گەلاندا، هەندێک کەس بە نەمریی ماونەتەوە کە خۆنەویستانە تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی گەل و مرۆڤایەتی تەرخان کردوە.
ئاپۆرای خۆرسک و، وتاف و شیوەن و گریانی بە کوڵی هاوڵاتیان، بۆ کۆچی دوایی کاک
نەوشیرواننەوشیروان، نیشانەی پێزانین و گەواهیدەری زیاتر لە نیوسەده لە رەنج و خەباتی ئه و مرۆڤەیه، بۆ خزمەتکردن بە گەل و نیشتیمانەکەی.
خزمەت وەک پێشمەرگەیەکی ئازاو خۆنەویست، وەک سەرکردە و رابەرێکی هەڵکەوتوی خۆڕسک، وەک سیاسیەکی پڕ لە ئەخلاق و هەڵوێست، وەک مێژونوسێکی راستگۆ و رۆژنامەنوسێکی قەڵەم تیژ، وەک ئەدیب و کۆمەڵناسێکی وردو بە سەلیقە، دواجار وەک مرۆڤێکی خاکی و گونجاو لە گەڵ بچوک و گەورەدا.
نیشتیمانپەروەری، پێکەوە ژیان، دادی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی، روبەروبونەوەی زوڵم و زۆرداری، ئاشتی و ئارامی، نوێخوازی، ئاوەدانکردنەوە، دەوڵەتی دیموکراسی و یاسا، ئامانج و بنەمای کار و خەباتی کاک نەوشیروان بوە.
بە داخەوە لە کاتێکدا پرسە بۆ کۆچی ناوەختی ئەو دەگێڕین، چ لە سەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، چ لەگەڵ بەغدا و لە ئاستی ناوچەکەشدا، لە گەڵ کۆمەڵێک قەیران روبەڕوین.
لەم بۆنە خەمناکەدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان پێمانوایه؛ چارەسەری کێشەکانی ناوخۆ، لە سەر بنەمای هاوسەنگی و رێزگرتن لە ئیرادەی هاوڵاتیان و سەروەری یاسا و دامەزراوەکان، رێگایەکی دروست و پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ بەدیهێنانی تەواوی خواستەکانمان. لەسەر ئەم بنەمایە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان و هەماهەنگی تەواوە.
هاونیشتیمانیان.. کاک نەوشیروان راستە رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بو، بەڵام بە کۆچی دوایی ئەو، زیانێکی گەورە بەر هەمومان کەوت. چونکە کەسایەتیەکی نیشتیمانی بو، بە درێژایی مێژوی خەباتی، بۆ چاکەی گشتی هەوڵیدا، خاوەندارێتی کاک نەوشیروان بۆ هەمو هاوڵاتیان و کوردستانیان دەگەڕێتەوەو، ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازانە ئەم تایبەتمەندیەی سەرکردەکەیان لەبەرچاو بگرن و بیپارێزن و بە گەورەیی بیهێڵنەوە.
هیوادارین بە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و چەسپاندنی ئه و بەها باڵایانەی کاک نەوشیروان لە ژیانیدا بۆی تێکۆشا، رۆحی ئاسودە بکەین.
لێرەوه بە پێویستی دەزانین بە گەرمی سوپاسی تەواوی هاوڵاتیانی کوردستان چ لە ناوخۆ چ لە دەرەوە بکەین، سوپاسی هێزە ئەمنیەکان و دامودەزگاکانی تر بکەین، سوپاسی نوێنەری لایەنە سیاسەکانی هەرێم و پارچەکانی تری کوردستان و عێراق و وڵاتان بکەین، سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندن بکەین، سوپاسی هەر کەس و لایەنیک بکەین کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهەر جۆرێک بۆی کرابێت بەشداری پرسەی کاک نەوشیروانی کردوە.
لێرەوە پێیان دەڵێین؛ بەشداری ئێوه لە کورتترین پێناسەدا شەهادەتی مرۆڤدۆستی کاک نەوشیروان-ە، بەم بەشداریەتان بەشێک لە خەمەکانی ئێمەتان رەواندەوە. هاوکات بەهۆی ئه و کۆستە گەورەیە و دڵگەرمی و خەمی قوڵی هاوڵاتیانەوە، لێره و لەوێ ئەگەر هەر کەموکورتییەک بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک رویدابێت داوای لێبوردن دەکەین.
گۆڕانخوازان دڵنیا دەکەینەوە، هەر به و جۆرەی کاک نەوشیروان نەخشەی بۆ کێشابو، ئەمانەتی پەیام و ئامانجەکانی گۆڕان وەک گلێنەی چاومان دەپارێزین و، بزوتنەوەکەمان وەک خۆی دەمێنیتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ گەشەی پێ دەدەین و، لە پێناو چەسپاندنی بەرنامەی سیاسی و ئامانجەکانمان درێژە بە خەباتی سیاسی و مەدەنی خۆمان دەدەین. بێگومان ئاسۆی سەرکەوتن رونە.
لە کۆتاییدا لە خودا دەخوازین رۆحی کاک نەوشیروان بە بەهشت شاد بکات و، سەبوری هەمو لایەکمان بدات.
بزوتنەوەی گۆرانبزوتنەوەی گۆران
21-05-2017