پەیامی سەرەخۆشی رۆژنیوز بۆ بنەماڵەی رۆژنامەنووس شوکر زەینەدین
📝 بەڵگەنامەکان
ئێمە وەکو ئاژانسی رۆژنیوز هێشتا لە شینی (وەدات حسێن) داین، هەواڵی تیرۆرکردنی پەیامنێری (KNN) (شوکری زەینەدین)مان پێگەیشت، سەرەتا ئێمە وەکو رۆژنیوز سەرەخۆشی لە بنەماڵەی رۆژنامەنووس شوکری زەینەدین و هەموو هاوپیشەکانی و بە تایەتبەتی کەناڵی (KNN) دەکەین.
ئێمە وەحشیگەری و دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوە بە تایبەت لە ناوچەی بادینان شەرمەزار دەکەین، هاوکارەکەی ئێمە وەدات حسێن عەلی-ش بەهەمان شێوەی دڕندانە لەهەمان دەڤەر لە رۆژی 13ی ئاب، چوار مانگ لەمەوبەر تیرۆر کرا، بکەرانی تیرۆری وەدات نەدۆزرانەوە، سزا نەدران، دادگاییش نەکران، تاریکی، تاریکاییەکی دیکە بەدوای خۆی دا دێنێ، ئەگەر رووداوی تیرۆرکردنی وەدات روون بکرایەتەوە، ئەمڕۆ تیرۆرکردنی شوکری زەینەدین-مان نەدەبینی.
"ئەو شێوازە، شێوازێکی دیکتاتۆریانە کە ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان رۆژانە دەیبینین"
لە بارودۆخێکی وەها ئاڵۆز کە قەیرانی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستی دایە، لە جێگەی چارەسەریی لە قاڵبی کوشتن، تیرۆر، هەڕەشە و چاوترساندن، ئەو قەیرانە قووڵتر دەکاتەوە، بە کوشتنی سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و وەدات حسێن، رۆژنامەنووسان دەستیان لە کاری ئەخلاقی خۆیان کە گەیاندنی دەنگی راستییە هەڵناگرن، بە تیرۆر کردنی شوکری زەینەدین-یش ئەو راستییە لە تاریکیدا نامێنێتەوە، ئەو شێوازە، شێوازێکی دیکتاتۆرییانەیە کە ئەمڕۆ ئێمە لە باکوری کوردستان رۆژانە دەیبینین، ئەمڕۆ، کە ئەردۆغان بۆ شاردنەوەی سیاسەتی لەناوبردنەکەی خۆی، دەکوژێ، دەستگیردەکان، دەیانخانەتە بەندیخانەی تاکە کەسی.
"ئێمە روماڵی راستییەکان دەکەین، بێدەنگ نابین"
هەڵوێستی رۆژنامەنووس، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ وەستاندنی ئەو تیرۆرانە، کە ئەنجامدەرانیان بە چاوقایمی سەیری ناوچاومان دەکەن، گرنگە، پێویستە بە دروشمی "ئێمە رووماڵی راستییەکان دەکەین، بێدەنگ نابین" رۆژنامەنووسان و هەموو کۆمەڵگەی باشووری کودستان داوای سزادانی بکوژە نەناسراوەکان بکەن، بێدەنگی لە ئاست ئەو رووداوانە زنجیرەی ئەو وەحشیگەرییە درێژتر دەکات.
"ئێمە بە چاوترساندن واز لە ئەرکەکامان ناهێنین"
لە کۆتاییدا ئێمە وەکو ئاژانسی رۆژنیوز، کە هیێشتا بکوژانی رۆژنامەنووسەکەی ئێمە نەدۆزراونەتەوە، داوادەکەین، کە هەرچی زووە بکوژان دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن، راشیدەگەیەنین، کە بە چاوترساندن، ئێمە ئەرکی خۆمان لە وتن و گەیاندنی راستییەکان نیوەناچڵ بەجێ ناهێڵین، چونکە ئەرکی ئێمە روونکردنەوەی راستییەکانە.
03-12-2016