45%ی دەرمان و 10%ی کارەبای هەرێم بۆ ئاوارەکانە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی و کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەبەوە دەکەن، بەشێکی زۆر لە خزمەتگوزاری کارەبا و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ئاوارانەیە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
د.خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند" بەهۆی بوونی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان 50%ی دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکان دەچێت، ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکردوە".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەو 17%یەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستە مانگانە بدرێت بە هەرێمی کوردستان تەنها 45%ی دەگاتە هەرێم، ئەمەش وایکردوە حکومەتی هەرێم بەشەکەی تر لە رێگای قەرزەوە دابین بکات.
لای خۆیەوە محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ، ئەوەدەخاتەروو، رۆژانە نزیکەی 130 مێگاوات کارەبای هەرێمی کوردستان بۆ کامپی ئاوارەکان دەچێت و سەرجەم تێچووەکانیش کەوتوەتە سەر ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە 10%ی کارەبای هەرێم.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم، ئەوەشدەخاتەڕوو، هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان وەک پێویست نییە و هەموو خەرجییەکان کەوتوەتە سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بە پێی ئامارە رەسمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی ناوڕاست و خوارووی عێراق و سوریا روویان لە پارێزگاکانی هەرێم کردووە.
- 02-12-2016