لە پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵدا 134 کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، لە پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵدا بەهۆی رووداوە جۆراوجۆرەکانی کوشتن و خنکان و سوتان، 134 کەس کوژراون و هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامی قەیرانی دارایی و کێشە کۆمەڵایەتیەکان و دیاردەی چەکهەڵگرتن دەگەڕێنێتەوە.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی گشتی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستەی مافی مرۆڤ بۆ یەکەمجار مانگانە ئاماری رووداوەکانی کوشتن، خۆکوشتن، هەوڵدان بۆ خۆکوشتن، سوتان، خۆسوتان و خنکان و خۆخنکاندنی بڵاوکردەوە و، بەپێی ئه و ئامارانەش تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی 2016 نزیکەی 150 کەس لە پارێزگاکانی هەرێم کوژراون".
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەو ئامارانەی لای مافی مرۆڤە بەو شێوەیە بووە لە مانگی حوزەیران 40 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن و سوتان و خۆسوتاندن هەبووە، لە تەمموز 25 حاڵەت و ئاب 24 حاڵەت و ئەیلول 25 حاڵەت و مانگی تشرینی یەکەمی 2016، بیست حاڵەتی کوشتن و خۆخنکاندن هەبووە.
لەبارەی هۆکارەکانی ئەم تاوانانە، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ وتی "هۆکاری رووداوەکان، بۆ قەیرانی دارایی و بەردەوامی ململانێ سیاسییەکانی هەرێم و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەگەرێتەوە کە خەڵکی ئێمە زۆر بێزار بووە لەم بارودۆخەوە، هاوکات دیاردەی چەکهەڵگرتن لەنێو هاووڵاتیان یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی زۆربوونی رووداوەکان".
- 22-11-2016