گرنگیی وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی بۆ زمانە ئەوروپاییەکان
نووسینی: ڕزگار شێخانی
بابەت: وتار
مێژووی وەرگێڕانی ئەدەبی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتو ئەفریقا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆلۆنیالیزم. دەسەڵاتە کۆلۆنیالەکان بەدەستێک بەرهەمی سروشتیی وڵاتە داگیرکراوەکانیان دەبردو کۆمەڵگەی خۆیانیان پێدروستدەکرد، بەدەستێکیش شاکارە ئەدەبییەکانیان وەردەگێڕاو سروشیان لە، گوێتە وتەنی: "خاکی پاکی رۆژهەڵات" وەردەگرت. بۆ نموونە، ساڵی 1850 لەکەلاوەی کتێبخانە بەناوبانگەکەی ئاشووربانیپال لە نەینەوا، شارستانناسو ئارکیۆلۆگەکان خشتەکانی "داستانی گلگامش"یان دۆزییەوەو کەسیان نەیاندەزانی بیانخوێننەوە. ناردیانە مۆزەخانەی بەریتانیا لە لەندەن، بۆئەوەی لەوێ توێژەری زمانە کۆنەکان لێیان بکۆڵنەوەو وەریانگێڕنە سەر زمانی ئینگلیزی. ئێستاش ئەم خشتانە لەوێن.
وا لەخوارەوە ئاماژە بەچەند بەرهەمێکی ئەدەبی رۆژهەڵاتی دەکەم، کە هەندێکیان لەسەردەمی کۆلۆنیالیزمدا وەرگێڕدراون. گرنگیشە هەر لەئێستاوە ئەوە بڵێم، ئەمە بەرگری نییە لەدەسەڵاتە کۆلۆنیالەکان، بەڵکە ئاماژەیە بەو کارانەی لەو سەردەمدا کراون.
ساڵی 1813، کە رێک دەکاتە 200 ساڵ لەمەوبەر، هەمەر پورگستاڵ، کە رۆژهەڵاتناسێکی نەمسایی بوو، تورکی، عەرەبیو فارسیی دەزانی، لێیانەوە تەرجەمەی دەکرد. شیعرەکانی "حافزی شیرازیی" لەدوو بەرگدا بە ئەڵمانی بڵاوکردەوە. ساڵی دواتر "گوێتە" شیعرەکانی حافزی خوێندەوە، زۆر پێیان سەرسام بو و راستەوخۆ لەژێر کاریگەریی ئەو شیعرانەی حافزدا، بەناوبانگترین دیوانی خۆی، ''دیوانی رۆژئاوایی رۆژهەڵاتی''ی نووسی.
ر. ئا. نیکلسۆن (1868–1945) Reynold A. Nicholson رۆژهەڵاتناسو ئیسلامناسێکی ئینگلیز بوو. ئەو بوو، لەسەرەتای سەدەی بیست، "ترجمان الاشواق"ی ئیبن عەرەبی، "مەسنەوی مەعنەوی"ی رۆمیو زۆر شاعیری تری وەرگێڕایە سەر ئینگلیزی. ئەو وەرگێڕانانەی ئەو، کاریگەرییان لەسەر زۆر نووسەری ئەوروپایی کردووە.
ناساندنی رۆمیو ئەدەبی کلاسیکی فارسی لە سوێد، چاکەی یەک تاکە کەسە: بارۆن ئێریک هێرمێلین. لەڕێگەی ئەوەوە پێشوازی لە رۆمیو ئەدەبی کلاسیکی فارسییەوە دەستپێدەکات. ئەو گەنجێکی سەرگەردان بوو. لەگەڵ سوپای کۆلۆنیالی بەریتانیا دەچێتە هیندستان، لەوێ فێری فارسی دەبێتو ئاشنای ئەدەبەکەیان دەبێ. پاشان باری دەروونی تێکدەچێتو دەگەڕێتەوە سوێد. لەماوەی ساڵانی 1933 هەتا 1939 دا، لەنەخۆشخانەی دەروونیی "سانت لارس" لەشاری لوند دەستبەسەربو و لەوێ هەموو "مەسنەوی"، بەرهەمێک بە شەش بەرگو 27000 کۆپلەوە، وەرگێڕا. ئەو 35 ساڵی لە "سانت لارس" گوزەراندو بەوە راگەیشت، کە نەک تەنیا "مەسنەوی"و بژاردەیەک لە "دیوانی شەمسی تەبرێزی"ی رۆمی وەربگێڕێت، بەڵکو بەرهەمی زۆربەی شاعیرانی کلاسیکی فارسیشی وەرگێڕا، بۆ نموونە "عەتتار و عومەر خەیام". ئەم شیعرانەی رۆمیو ئەدەبی کلاسیکی فارسی، کاریگەریی لەسەر کۆمەڵێک نووسەری ناوداری سوێدی دانا، لەوانە؛ ڤیلهێلم ئێکێلوند، گوننار ئێکێلۆف، کە من "سیانەی دیوان"ی ئەوم وەرگێڕاوەتە سەر کوردی، ڤیللی شیرکلوند، ئێریک ڤون پۆست، ئینگمار لێکییۆس، توربیۆرن سێفڤێ و زۆر نووسەری تریش.
ئانماری شیممەڵ (1922– 2003): پرۆفیسۆر بوو لە ئیسلامناسیو تەسەووفو زمانی عەرەبیو فارسیو تورکیدا. نزیکەی 100 کتێبو لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئیسلامو ئەدەبی تەسەووفی ئیسلامییەوە نووسیوە. ناودارترین رۆژهەڵاتناسی سەدەی رابردوو بوو. هەموو ژیانی خەریکی وەرگێڕانی رۆمیو نووسینی لێکوڵینەوە بوو لەبارەی ئەدەبی کلاسیکی رۆژهەڵاتییەوە. کتێبەکانی وەرگێڕدراوەتە سەر نزیکەی هەموو زمانە ئەوروپاییەکان.
بوو ئوتاس، پرۆفیسۆرێکی خانەنیشی سوێدییە لەزمانە ئێرانییەکاندا. پێش دوو ساڵ (2011) کتێبێکی دوو بەرگی بەناوی (ئەدەبی فارسی Den persiska litteraturen) بڵاوکردەوە. بەرگی یەکەمیان وەرگێڕانی ئەدەبی کلاسیکو مودێرنی فارسییەو هیی دووەمیان لێکۆڵینەوەیە لەبارەی ئەدەبی کلاسیکو مودێرنی فارسییەوە.
ئەمانە بەشێکی زۆر بچوکن، لەوەرگێڕانی ئەدەبی رۆژهەڵاتی بۆ زمانە ئەوروپاییەکان. ئەم پرۆسەی وەرگێڕانو کارکردنەیش، ئێستاش بەردەوامی هەیەو تەنانەت لەزۆر زانکۆی وڵاتاندا، بەشی سەربەخۆی رۆژهەڵاتناسیو کولتووری رۆژهەڵات هەیە.
ئێستا هێندە زۆر کتێب بەزمانە ئەوروپاییەکان لەبارەی ئەدەبی رۆژهەڵاتییەوە هەیە، ئەگەر خوێنەری ئەوروپایی بخوازێ، بەزمانی خۆی ئەدەبی فارسیو عەرەبی، یان بەگشتی ئەدەبی رۆژهەڵاتی بخوێنێتەوەو بەهۆیەوە ئاشنای کولتووری کۆنو نوێی نەتەوەکانی ببێت، هیچ گرفتێکی نییە. چونکە وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێکردووە، دوو سەدە لەمەوبەر ئەم لافاوی وەرگێڕانە سەری هەڵگرتووەو هەتا ئێستاش بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئاوڕ بدەینەوەو پرۆسەی وەرگێڕانی ئەم دوو سەدەیەی رابردوو ببینین، دەبینین ئەدەبی کوردی لێی بێبەشەو سەرنجی هیچ ئەدەبناسێکی رانەکێشاوە، کە خۆی بە وەرگێڕانییەوە خەریک بکاتو لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە بنووسێ. دەمەوێ ئەوە بڵێم، لەدەرەوەی کوردستان، کەس ئاگاو شارەزای ئەدەبەکەمان نییە. ئایا ئەمە کارەساتێکی نەتەوەیی نییە، لەکاتێکدا ئەوروپاییەکان ئەدەبو فەرهەنگی ئێمەیان وەرنەگێڕاوە، هاوکات خۆیشمان هیچمان نەکردووە؟ کە دەڵێم؛ خۆیشمان هیچمان نەکردووە، مەبەستم ئەوەیە، ئەو کارانەی تائێستا کراون، کەمنوو نەبوونەتە هۆی ناساندنو ئاشنابوونی خوێنەری ئەوروپایی بەئەدەبەکەمان.
دەبێت ستراتیژێک دەستنیشان بکەینو پلانی کارکردنی بۆ دابنێین، کە چۆن فەرهەنگی خۆمان بە گەلانی تر بناسێنین.
لەمبارەیەوە، دەمەوێ راشکاوانە ئەوە بڵێم، پێموایە کارێکی وا دەبێ پرۆژەیەکی نەتەوەیی بێتو لەسیاسەتی کولتووریی حکومەتی کوردستاندا، جێگەیەکی تایبەتی هەبێت، ئەگەرنا هەر لەکاری تاکەکەسی دەمێنێتەوەو گرنگییەکەی هێندە کاریگەر نابێ. دەبێ هەوڵبدەین، پرۆژەی وەرگێڕان لەهەوڵی تاکەکەسییەوە بکەین بەپرۆژەیەکی نەتەوەییو تێیدا حکومەتی کوردستان، بەجدی پشتگیریی بکاتو بیکات بەلایەنێکی گرنگ لەسیاسەتی کولتووریی خۆیدا. دەزانین، ئەگەر ئەو کارە نەکرێ، ئەو هەوڵە تاکەکەسییانە بڕ ناکەن لە ناساندنو ئاشنابوونی نەتەوەی تر بەئەدەبەکەمان. ئەمەیش تیرێکی ژەهراوی دەبێو راستەوخۆ بە هەستو کەسایەتیی هەموو کوردێک دەکەوێ، کاتێک لێی دەپرسن کوا ئەدەبەکەت؟ یان کە لە ئەوروپا دەچیتە کتێبخانەیەکو دەبینێ هیچ کتێبێک بەزمانە ئەوروپاییەکان لەبارەی کولتووری ئەوی تێدا نییە. ئایا ئێمە هیچ کاتێک بیرمان لەوە کردووەتەوە، یان لێکۆڵینەوەی لەسەرکراوە، کە لەو کاتانەدا مرۆڤی کورد هەستی بەچی کردووە؟ دەمەوێ دیسان جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، ئەمە دەبێ پرۆژەیەکی نەتەوەیی بێتو حکومەتی کوردستانو ناوەندە کولتوورییەکان لێی بەرپرسیارن.
لەدونیای سیاسەتدا، زۆرجار گوێمان لە وتە بەناوبانگەکەی جۆن. ف. کەنەدی دەبێ، کە وتویەتی: ''مەپرسە وڵاتەکەت دەتوانێ چی بۆ تۆ بکات، بپرسە تۆ دەتوانی چی بۆ وڵاتەکەت بکەیت''. دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەوە رابکێشم، ئێستا نەوەی دووەمو سێیەمی کورد لەئەوروپادا هەن. ئەوان شارەزای زمانو کولتووری ئەوێن، یان راستتر زمانو کولتووری ئەوێیان هەیەو هاوکات پێوەندییەکی رۆحییان لەگەڵ زێدی باوکو باپیرانیاندا هەیە. ئەوان سامانێکی زۆر گرنگی نەتەوەیینو دەبێ کۆمەڵگەی کوردستان سوودیان لێ وەربگرێ. ئەوان چاوەڕێی ئەوەنین وڵاتەکەیان شتێکیان بۆ بکەن، ئەوان دەتوانن هەموو شتێک بۆ وڵاتەکەیان بکەن، ئەگەر کوردستان بە نەوەی خۆیانی بزانێو ئامادەی هاوکاریکردنیان بێت.
کۆمەڵگەی کوردستان بەرامبەر بە نەوەی دووەمو سێیەمو نەوەکانی داهاتوویش، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، کولتووریو مۆڕاڵی لەسەرە، کە بەهۆی ئینستتیوتی زانستیو کولتوورییەوە، ئەم پێوەندییە دروستبکات. ئێمە ئەزموونی میللەتانمان لەبەردەستە لێیانەوە فێر ببین. دەزانین دامەزراندنی ئینستتیوتی کولتووری بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی کوردی، کارێکی پێویستەو ئەمڕۆ بێت، یان سبەی دەبێ حکومەتی کوردستان بیکات.
دێمەوە سەر ئەو بابەتەی، بۆ لەسەدەکانی رابردوودا، ئەدەبی کوردی سەرنجی رۆژهەڵاتناسو ئەدەبناسە ئەوروپاییەکانی رانەکێشاوەو ئەدی بۆ ئێستا لەئەوروپا ئەدەبێکی نەناسراوە؟ ئەمە پرسیارێکە دەبێ ئێمە لەخۆمانی بکەینو بەوردی لێی بکۆڵینەوە؛ ئایا ئەدەبی کلاسیکمان شایستەی ئەوە نەبووە کاری لەسەر بکرێ، یان پێیانوابووە ئەو ئەدەبەمان هەمان فەزاو دونیابینی ئەدەبی فارسی هەبووەو بەپێویست نەزانراوە ئەو کارە بکرێ؟ یان دەسەڵاتەکانی ئەو نەتەوانەی کوردستانیان داگیرکردووە، رێگەی گەشەو ناساندنی ئەدەبەکەی گرتووە؟ من ئەمە نازانم، هەر پرسیارەو پێویستی بەوەڵامی زانستی هەیە.
رەنگە گرنگترین لێکۆڵینەوەی رەخنەی ئەدەبی لەدەسەڵاتی کۆلۆنیالی فەرەنسیو بەئاگاهێنانەوەی مرۆڤی سپی، لەو زوڵمە زۆرەی لەمرۆڤی رەشو کولتوورەکەی کراوە، لێکۆڵینەوەکەی "ژان پۆل سارتر" بێت بەناوی "ئۆرفیۆسی رەش". سارتر لەم لێکۆڵینەوەیەدا، باسی شیعری رەشی فرانکفونی دەکاتو روو لەناوەندی کولتووریی فەرەنسیو مرۆڤی سپی دەکاتو بەم پرسیارانە دەستپێدەکات:
"هیواخوازی چی بوون، کاتێک ئەو دەمبەستەی، کە ئەم دەمە رەشانەی بێدەنگ کردبوو لادا؟ کە دوعاو نزاتان بۆ بکەن؟ ئەو سەرانە، کە باپیرانمان بەزەبر بەزەوییەوەی نووساندبوون، واتان دەزانی بەرزدەبنەوە، پاڕانەوە لەچاوەکانیاندا دەخوێننەوە؟''
لەکاتی خوێندنەوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، نەمتوانی رەفتاری داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە ئەدەبو فەرهەنگمان فەرامۆش بکەم. لێکۆڵینەوەکە تا ئاستێک لەگەڵ دۆخی چەوساندنەوەی کوردو کولتوورەکەی دەگونجێ، کە ئەگەر ناوی شوێنو کەسەکان بکەین بە کوردی، وەک ئەوە دەبێ کە سارتر لەبارەی چەوساندنەوەی کولتووری کوردەوە نووسیبێتی.
ئەوەی بیری لێ دەکەمەوەو پێی نیگەرانم، کە رەنگە ئەمەیش هۆکارێک بووبێت، لە تەرجەمەنەکردنو نەناساندنی ئەدەبەکەمان، ئەویش؛ هەڵوێستی خراپی ناوەندە کولتووریو زانستییەکانی نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستانە. ئەوان قەت هەوڵیان نەداوە، یارمەتی کۆمەڵگەکانی خۆیان بدەنو لەچاوی کوردەوە خۆیان ببینن. قەت نەیانویستوە هیچ شتێک لەبارەی فەرهەنگی کوردەوە بزانن. خۆ ئەگەر جاروبار کتێبێک وەرگێڕدرابێتە سەر ئەو زمانانە، یان بەو زمانانە لەبارەی کوردو فەرهەنگەکەیەوە نووسرابێ، ئەوا لەزۆربەی حاڵەتەکاندا، کورد خۆی ئەو کارانەی کردووە، بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا، دەبینین دەسەڵاتە کۆلۆنیالەکان، کە وڵاتێکیان داگیرکردووە، هەوڵیشیانداوە شارەزای فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەی ببنو بەدونیای دەرەوەی بناسێنن.
ئێمە دەزانین، ناساندنی ئەدەبی کلاسیکمان، شیعرو گۆرانییە فۆلکلۆرەکانو بەشێک لە ئەدەبی مودێرنمان، شایستەی ئەوەن، وەربگێڕدرێنە سەر زمانە ئەوروپاییەکانو کۆڕو کۆبوونەوەیان لەبارەوە بکرێ. بۆئەوەی روویەکی تری نەتەوەکەمان نیشانبدەین، کە هەتا ئێستا کارمان لەسەری نەکردووە. وا نموونەیەک دەهێنمەوە، کە دەکرێ تێکستی ئەدەبی فۆلکلۆری، بێجگە لە بەهای کولتووری، بەهای سیاسیو مێژووییشی هەبێت، کە ئەمەش بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
هاوینی ساڵی 1453، دوای نزیکەی 500 ساڵ لەشەڕو پەلاماردان، ''قوستەنتین''ی یانزیەم، کە دوا قەیسەری ئیمپراتۆری بێزەنتی بوو، لەشەڕی دژی تورکان، کە سوڵتان محەمەدی دووەم سەرۆکیان بوو، کوژراو شاری قوستەنتین رووخا. ئاسیای بچووک کەوتە ژێردەستی تورکانو گریکییەکان لە پەلوپۆ کەوتن. چۆن دەبێ کڵێسە پیرۆزەکە، ''هاگیا سۆفیا'' لەژێردەستی تورکان بێت؟ ئەم ژێرکەوتنە، لە چیرۆکو گۆرانی فۆلکلۆری گریکییەکاندا، جێگەیەکی دیاری هەیە. گۆرانییەکان تژی خەمو هیوان. خەمی رووخانی شاری قوستەنتینو هیوای رزگارکردنەوەی. رەنگە لەهەموو ئەو شیعرو چیرۆکانەدا، شیعری "ناڵەی قوستەنتین" خەمبارترین شیعر بێت لەبارەی رووخانی "قوستەنتین"ـەوە، کە نازانرێ کێ نووسیویەتی. تا ئەمڕۆش بۆ گریکییەکان قوستەنتین- شارەکەیە. کێشەی سیاسیو کولتووری ئێستای نەتەوەی گریکو تورک، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.
ساڵی 1868، کە دەکاتە 415 ساڵ دوای رووخانی ئیمپراتۆری بێزەنتی، لەڕۆژهەڵاتی تورکیا، لەدێرێکی شاری ترابزوون، دەسخەتێکی گریکی دۆزرایەوە. دەسخەتەکە داستانێکی شیعریی بێزەنتی بوو، بەزمانی میللیی گریکی نووسرابوو. شیعرێکی درێژبوو لەبارەی جوامێرێک بەناوی باسیلیووس دیگێنیس ئەکریتاس. دیگێنیس واتە دووڕەگو ئەکریتاسیش واتە سنوورپارێز، یان بەرزایی نشین. کە نازناوی ئەو کەسانە بوو، لەسەر دوندو بەرزاییەکاندا دەژیانو پارێزەری سنوور بوون. لەو سەردەمدا میرە کوردەکانی ناوچەی گۆلی وان ئەو ئەرکەیان پێ سپێردرابو و پێشیان دەوتن ئەکریت، واتە سنوورپارێز.
ئەمە تاکە داستانی شیعریی سەردەمی ئیمپراتۆری بێزەنتییە، کە باسی شەڕو خۆشەویستی لەناوچەی گۆلی وانو دەوروبەری رووباری فورات دەکات. رەنگە بۆ مێژووی سیاسیو کولتووریی کورد بایەخێکی گرنگی هەبێت، چونکە لەهەموو سنوورەکانی بێزەنتدا، سنووری رۆژهەڵات، کە دەکاتە ناوچەی وانو دەوروبەری رووباری فورات، لەهەمووان نائارامتر بوو. لەوێوە هێرشی کراوەتەسەر، سەرەتا هی عەرەبو پاشانیش هی تورک.
کاتێک ئەم داستانە شیعرییە دۆزرایەوە، پەنجا ساڵێک دەبوو گریکییەکان لەژێردەستی تورک رزگاریان بوو بوو. ناسیونالیزمی گریکی بووژابووەوەو بڕوابوون بەدەوڵەتێکی یەکگرتووی گەورەیش، بەهێز بوو بوو. شانازییەکی نەتەوەیی بوو، کە "دگێنیس"ی ئەوان، بەر لە هەزار ساڵ دژی هێرشی عەرەبو تورک وەستاوەتەوەو چیرۆکو بەسەرهاتی زۆر بوێرانەی لێ دەگێڕنەوە. لەبارەی سامانی ئەدەبیشەوە، شانازییەکی زۆر بوو بۆ گریکییەکانو توانرا بەهاوتای داستانی وڵاتو زمانی تری ئەوروپای چاخەکانی ناوەڕاست بەراورد بکرێت. وەک "گۆرانی رۆلاند"ی فەرەنساو "ئێل سید"ی ئیسپانیا. کە ئەم دوو داستانەش باسی رێگرتن لەهێرشو شەڕی دژی عەرەب دەکەن، کە نزیکەی هەزار ساڵ لەمەوبەر نووسراون. بۆیە ئەم داستانە وەکو شاکارێکی نەتەوەیی گریکی نوێ ناسێنراو وەرگێڕدرایە سەر زمانە ئەوروپاییەکان.
گرنگیی وەرگێڕانی ئەم داستانە لەوەدایە، ئێستا ئێمە بەهۆی ئەم داستانەوە دەتوانین شارەزای هەندێ لایەنی وردی سەردەمێکی مێژوویی گریکەکان ببین؛ چۆن شەڕو خۆشەویستییان کردووەو بەرگرییان لەسنوورەکانی خۆیان کردووە. کە رەنگە ئەگەر ئەم وەرگێڕانانە نەبان، نەماندەتوانی شارەزای ئەو سەردەمە ببین.
ئێمە دەزانین، بەشێکی ئەدەبەکەمان، پێوەندی بەڕووداوە مێژووییەکانمانەوە هەیە، کە رۆشناییان نەکەوتووەتەسەرو هەر لەناو تێکستەکاندا ماونەتەوە. هەموومان ئەرکێکی نەتەوەییو فەرهەنگیمان لەسەرە، رووداوە مێژووییە شاراوەکانی ناو تێکستە ئەدەبییەکان ئاشکرا بکەین. لێرە وەرگێڕانی تێکستە ئەدەبییە باشەکانمان، ئەو ئەرکە دەبینێ.
ئەم گوتارە لە ''دیداری وەرگێڕانی ئەدەبی''ی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە 02-11-2013 لە هەولێر خوێندراوەتەوە.