وەزارەتی ئەوقاف ژمارەی ئەو کوردانە ئاشکرا دەکات کە چوونەتە ناو داعش
📊 ئامار و راپرسی
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 500 کورد چوونەتە نێو رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، 250 چەکداری کوردی رێکخراوەکەش کوژراون.
مەریوان نەقشبەندی بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندووە " بەپێی ئه و زانیارییانەی کە لە رێگەی دەزگا ئەمنییەکان و سەرچاوە تایبەتەکانمانەوە بەدواداچوونمان بۆ کردووە و دەستمان کەوتوون، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، نزیکەی 500 گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نێو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، له و ژمارەیەش 250 کەسیان لە شەڕ و بۆردومانەکاندا کوژراون".
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند " نزیکەی 100 چەکداری کوردی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە سووریا و شوێنەکانی دیکە خۆیان حەشارداوە و دەیانەوێت بچنە دەرەوە، ئەگەر چی ئەوان ناتوانن بڕیارەکەیان ئاشکرا بکەن، لە ترسی کوشتنیان، ناشتوانن بێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە نیازییان هەیە بەره و ئەورووپا بڕۆن."
سەبارەت بە ژمارەی ئه و چەکدارە کوردانەی ئێستا لە ناو رێکخراوی تیرۆریستی داعشدان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەپێی نوێترین زانیاریی بەردەستیان له و چەکدارە کوردانەی کە پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، تەنها 100 کەسیان ماون.
بەوتەی مەریوان نەقشبەندی، پێش دەستپێکردنی شەڕی راستەوخۆی هەرێمی کوردستان و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، نزیکەی 50 گەنج لە نێو رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و 20 کەسیان هیچ گرفتێکیان نەماوە پاش ئازادکردنییان تێکەڵ بە کۆمەڵگە بوونەتەوە، 30 کەسیشیان بۆ دڵنیایی زیاتر هێشتا دەستبەسەرن.
تائێستاش رێکخراوی تیرۆریستی داعش چەندین کوردی رێزەکانی خۆی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان کوشتووە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت، پاش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش، هیچ کەسێک پەیوەندیی بە رێکخراوەکەوە نەکردووە باسی لەوەشکرد، کە ژمارەیەک لە کوردانی رۆژهەڵات و باکووریش چوونەتە نێو ریزەکانی ئه و رێکخراوه و بەشێکشیان کوژراون.
- 20-04-2015