کۆتایی ئەم مانگە هەرێمی کوردستان 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکات
📊 ئامار و راپرسی
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم مانگە هەرێمی کوردستان بە نەوتی کەرکووکەوە دەتوانێت رۆژانە بڕی 600 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بەغداوە هەناردەی دەرەوە بکات.
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) گوتی: " بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئێمەیە ئێستا هەرێمی کوردستان بەبێ نەوتی کەرکووک، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکات، بەو پێیە ئیتر بەغدا بیانووی نەماوە و دەبێت بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە بودجە هەیە بینێرێت". ئێستا کە هەرێمی کوردستان بەشەکەی خۆی لە رێککەوتنەکە جێبەجێکردووە بەغداش دەبێت بەشەکەی خۆی جێبەجێ بکات.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە نەوتی کەرکووک گوتی: " بەپێی وتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، هەندێ کێشەی تەکنیکی هەیە لە نەوتی کەرکووک، کە هێشتا چارەسەر نەکراوە، بەڵام ئەوە نابێتە بەربەست لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، چونکە نەوتی کەرکووک لە ژێر چاودێریی کۆمپانیای نەوتی باکوور هەناردە دەکرێت و ئەوان ئاگایان لە کێشە تەکنیکییەکان هەیە".
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بڕیارە بە کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی ئەم مانگە بگاتە رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت.
بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان بە نەوتی کەرکووکەوە دەبێت رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و لەبەرامبەریشدا لە بودجەی ساڵی 2015-ی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە لەسەدا 17 جێگیرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بودجەی هەرێمی کوردستان نەدراوە بە بیانووی ئەوەی نەیتوانیوە رێژەی هەناردەکردنی نەوتی بگەیەنێتە 550 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
- 12-03-2015