راپرسییەک: 58% ئەمریکییەکان پشتگیری پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکەن
📊 ئامار و راپرسی
بە پێی راپرسییەک کە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و کەناڵی ئەی بی سی ئەمریکی ئەنجامیانداوە، زۆربەی ئەمریکییەکان لەگەڵ ئەوەدان ئەمریکا چەک بە پێشمەرگە بدات.
زۆربەی بەشداربووانی راپرسییەکە پێیان وایە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش مەترسییەکی جدییە لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا، دیسان زۆربەیان لەگەڵ ئەو هێرشە ئاسمانییانەدان، کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەیان دەیکەنە سەر داعش.
لە ئەنجامی راپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە 71%ی بەشداربووان پشتگیری هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دژی داعش دەکەن، ئەمەش زیادبوونی رێژەی پاڵپشتیکارانی هێرشە ئاسمانییەکە نیشاندەدات، لە کاتێکدا کە سێ هەفتە لەمەوبەر دەگەیشتە 58%.
رێژەی ئەو کەسانەش کە پشتگیری لە پڕچەککردنی پێشمەرگە دەکەن لە لایەن ئەمریکاوە، بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 58%.
هەروەها 65% بەشداربووانی راپرسییەکە پاڵپشتی لە ئەگەری هێرشی ئاسمانی ئەمریکا دەکەن بۆ سەر بنکەکانی داعش لە ناوخۆی سووریا، بەڵام ساڵی رابردوو راپرسییەکی لەمجۆرە کرا و پرسیاری ئەوە لە بەشداربووان کرابوو ئایا لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر رژێمی سووریا و تۆڵەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لێبکرێتەوە؟، ئەنجامەکەی تەنیا نیوەی ئەو ئەنجامە بوو کە لە راپرسییەکی واشنتۆن پۆست و کەناڵی ئەی بی سی ئەمریکی دەریخستووە.
- 10-09-2014