ئامادەکردنی: #ئەبوبەکر محەمەد ئەحمەد#
ناوی یاریەکی کۆنی کوردەوارین،لە لادێیەکانی کوردستان و بەتایبەتی لە کۆتایی وەرزی پاییز تاکو سەرتای وەرزی بەرهار ئەم یاریە گەرم و گوڕی پێوە دیاربوو لە نێوان پیاوان و کوڕان و دەستە جاحێڵانی گوندەکاندا.
ئەم یاریە لەلای بەتەمەنەکان و ڕیسپیانی گوند یاریەکی پەسند نەبوو چونکە هەم خەڵکی لەکار دەکرد و هەم بەتەمەنەکان پێیان وابوو یاریەکە نیشانەی بێکاری و پەیدابوونی هەڵای شەڕە لە وڵاتا
هۆکاری ئەنجامدانی ئەم یاریە لەو کاتانەی وەرزی ساڵدا دەگەڕایەوە بۆ تەوابوونی ئیش و کاری مەزراو شوانی و ڕەز و باخ و... هەرەها
گەڕانەوەی ئەو ماڵانەی هەواری کوێستان و گەرمیانیان دەکرد یان دەچونە سەر موچە و مەزراکانیان بۆ ناو گوندەگان، لەوەرزی کەمبوونەوەی کار و فەرمان و سەرتای وەرزی سەرمادا.
ئەم یاریە (هەڵماتێن) یاریەکی بەکۆمەڵ بوو لەنیوان 3 کەس بۆ 10 کەسدا دەکرا.
کەلا یان هەڵمات لە بەرد یان شوشە بوو زۆر جاریش مازوی گەورە یان گوێزی خڕو ساف لە ناچاریدا دەکرا بە هەڵمات یان دەستکەلا
مووشەکانیش مازوو، گوێز یان دراو بوون موشی هەموو یاریکەرەکان بەڕیز دادەکران. بۆ دەستپێک واتە یەکەم و دووەم و سێهەم....... تەڕو وشک یان شێروخەت دەکرا. یەکەم تیلکەر بەگ و کۆتا تیلکەر قڕەی ناوبوو دەکرا دوو دوو یان سێ سێ لەناو یاریەکەدا شەریک بن (هابەشبن) واتە تیلی یەکتری ناکەن و یەکتر ناکوژن.
لەیاریەکەدا چەند جۆرێک هاویشتنی هەڵماتەکە هەبوو لەوانە (هەڵگرتەکی، سەردەستەکی، خشکەیی) لە هەڵگرتەکیدا هەڵماتەکە بەشێوەی کەوانەیی دەگیرایە موش یان هەڵماتی بەرامبەر و یاریزانی کارامەی دەویست، سەردەستەکی لەسەر پشتی پەنجەکانەوە هەڵماتەکە بە بەرزی وڕاستەوخۆ ئاراستەی ئامانجەکەی دەکرا، خشکەییش لەسەر زەویەوە بە پەلاپیتکە ئاراستەی ئامانجەکە دەکرا ئەم جۆرەیان کارامەیی و شارەزایی زۆری پێویست نەبوو.
هەروەها یاریەکی تری لەو بابەتەش هەبوو کە زۆرتر شەوانە یان ڕۆژانی بەفر و سەرما لەناو ماڵ و لەنێوان دوو کەسدا دەکرا. بەم جۆرەیان دەوترا(چەلێن، یان کرمێن) لەهەر هەنگاوتنێکدا یاریزان کرمێکی دەکردە بەرانبەرەکەی ئەم جۆرەیان زیاتر بە دانیشتنەوە دەکرا لەم یاریەشدا هەڵگرتەکی و خشکەیی و سەردەستەکی هەبوو.