لە ماوەی حەوت مانگدا زیاتر لە 15 هەزار دۆنم پوش و پەڵاش سوتاوە
رووداوی ئاگرکەوتنەوە یەکێکە له و دیاردانەی ساڵانە زۆرترین زیان بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنێت، ئەمساڵیش بەدەر نەبووە لە زیانەکانی ئاگرو تا ئێستا بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەوە رووبەری نزیکەی 15 هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سوتاون و زیان بە رەزو باخی هاوڵاتیان گەیشتووە.
لە راپۆرتێکدا کە وێنەیەکی بۆ (خەندان) نێردراوە، تیایدا مقەدەم هێمن کەمەرخان، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاندوە: ساڵانە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پێدەشت و چیاکاندا روودەدەن و دووبارە دەبنەوە و زیانێکی زۆر بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنن.
پلانی پێش وەخت
ئاماژەی بەوەشکرد: لەگەڵ ئەوەی ساڵانە پێش وەخت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەنەوە کە هەوڵی دروستکردنی ئاگر بڕبدرێت یاخود کەلوپەل و پێداویستی تایبەت بە کوژانەوەیان بۆ دابین بکرێت، چونکە هەمیشە لەکاتی کوژانەوەی ئاگرەکاندا رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان
مقەدەم هێمن کەمەرخان، باس لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات: بەشێک لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ پابەند نەبوونی هاوڵاتیان بە رێنماییەکانی پۆلیسی دارستان، ئەمەش لەکاتی گەشتوسەیرانەکانیان پشکۆ و ئاگری نەکوژاوە جێدەهێڵن، یاخود لەکاتی پاککردنەوەی رەزو باخەکانیان یان شوانەکان لەکاتی ئاگرکردنەوەدا کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدەن و ئاگرەکان تەشەنەدەکات یاخود هەندێ جار بەهۆی تەقینەوەی مین بەئاژەڵە کێویەکاندا ئاگر دەکەوێتەوە یان (شۆرتی تەزووی کارەبا) یان هەندێک جار روودەدات رووداووی ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە سنوریەکانەوە دێنە هەرێمی کوردستانەوە.
زیانەکان
دیارە هیچ رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە بەبێ زیان نابێت، زۆر جار جگە لە زیانی سروشتی زیانی مرۆیی لێدەکەوێتەوە، مقەدەم هێمن، باس لەوە دەکات هەموو روداوێکی ئاگرکەوتنەوە تا ئەو کاتەی بەتەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت زیانی سروشتی لێدەکەوێتەوە و رووبەری پوش و پاوان و داری سروشتی دەسوتێت، هەندێک جار بەهۆی بوونی مین لەناوچە شاخاویی و سنوریەکان یاخود زۆری روبەرە ئاگرکەوتنەوەکان و زۆری رێژەی (دووکەڵ) و گازە ژەهراویەکان مەترسی زۆر بۆسەر ژیان و تەندروستی ئەفسەر و کارمەندەکانیان دروست بوە و لەماوەی رابردودا تەقینەوەی مین زیانی بەجەستەی ئەفسەر و کارمەندانیان گەیاندوە و برینداری کردوون.
هەروەها چەند کارمەندیان بەهۆی (دوکەڵ) و گازە ژەهراویەکانەوە لەهۆش خۆیان چوون و تەندروستیان تێکچووە.
رێگر و ئاستەنگی لەبەردەم کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان
مقەدەم هێمن کەمەرخان، دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی لە یەکەم ساتی ئاگاداربون لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکان مەفرەزەکانمان دەست بەجێ دەگەنە شوێنی روداوەکە و بەهاوکاری لەگەڵ یەکە ئیداریەکان و هاوڵاتیان و گوند نشینەکان هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان دەدرێت، بەڵام هەندێ جار دووری شوێن و سەختی ئەو ناوچانەی ئاگرەکانی لێدەکەوێتەوە یان رێژەی ئەو (مین) و پاشماوەی تەقەمەنیانەی لەناوچە سنوری و شاخاویەکان بونیان هەیە، رێگر و ئاستەنگ دروست دەکەن لە زوو کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان.
ئاماری رووداوی ئاگر کەوتنەوەکان
لەبارەی ئامار و روداوەکانی ئاگر کەوتنەوە ئاماژە دەکات: لەماوەی (01-01-2013 تا 01-07-2013) تەنها چەند روداوێکی کەمی ئاگرکەوتنەوە رویان داوە و بەوهۆکارەشەوە روبەری 900 دۆنم پوش پاوان سوتاون، بەڵام لەماوەی (01-07-2013 تا ئەم بەوارە) بەهۆی روداوەکانی ئاگر کەوتنەوەوە زیاتر لە (14) هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی سووتاون، کە زۆرترین رێژە و روبەری سوتاوی دەکەوێتە سنوری قەزای دوکان لە سنوری ناحیەی بنگرد، کە زیاتر لە نۆ هەزار دۆنم پوش و پاوان له و سنورە سوتاوە و بەگشتی زیانی زۆر بە کێڵگە و لەوەڕگاکان و رەز و باخی هاوڵاتیان گەیاندوە.
- 24-07-2013