فەتاح کاویان
فەتاح کاویان (به فارسی: فتاح کاویان، به ئینگلیسی: Fatah Kawian) کەسایەتییەکی دێرینی رۆژهەڵاتی کوردستانە و چەندین پۆستی حیزبی و حکوومەتی لە ماوی تەمەنی خۆیدا پێ ئەسپێردراوە، لەوانە شارەوانی مەهاباد لە حکوومەتی پاشایەتی ئێراندا و ئەندامی ئەنجومەنی میللی زمان لە ئێران. هەروەها بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە. چەندین بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی هەیە کە گرنگترینیان فەرهەندگی وشەی حەوتەوانەیە. ناوبراوە رۆژی 18ی ژانویەی 2017 لە شاری کۆیە کۆچی دوایی کرد.
فەتاح کاویان، ساڵی 1315 لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواو کرد. بە هۆی بارودۆخی بنەماڵەیی و گیرسانەوە لە شاری سنە، چەند ساڵیک لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنی لەو شارە تێپەڕاند. لە پۆلی چوارەمی ناوەندی لەگەڵ دایکی لە سنەوە گەڕانەوە بۆ مەهاباد و دوای تەواو کردنی پۆلی پێنجەمی زانستی، وەک مامۆستای وەرزش لە شاری مەهاباد دامەزرا. ساڵی 1336(1957) بوو بە ئەندامی شانەی نهێنیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ساڵی 1338 بە دوای پەلاماری سەرانسەریی ساواک بۆ سەر ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە لە کرماشانەوە هەتا سەڵماسی گرتەوە و بوو بە هۆی گرتنی نزیک بە 250 کەس، فەتاح کاویانیش گیراو کەوتە زیندان. دوای بەڕێکرانیان بۆ تاران و بە ناو دادگایی کرانیان لە گەڵ چەندین کەسی دیکە بە زیندانی هەتا هەتایی(حبس ابد) مەحکووم کران. بەڵام شای ئێران لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی سیاسیی ئێران فەرمانی “لێخۆشبوون”ی دەرکرد و بێجگە لە ژمارەیەکی کەم لە بەندییە سیاسییەکان ئەوانی دیکە ئازاد کران.
فەتاح کاویان دوای ئازاد بوون لە زیندان، دیپلۆمی وەرگرت و چووە زانستگەی تاران و لیسانسی زمانی ئینگلیزیی وەرگرت و بۆ ماوەی 12 ساڵان (تا ساڵێک پێش ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی) لە دامەزراوەی نەتەوەیی زمان (مؤسسە ملی زبان) وەک مامۆستاو بەڕێوەبەری وانەوتنەوە کاری کرد. دواتر بە ماڵ و منداڵەوە گەڕایەوە مەهاباد. فەتاحی کاویان بە هۆی خۆشناوی، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی لاواز بوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی شایەتی، پۆستی شارەداریی شاری مەهابادی گرتە ئەستۆ.ساڵی 1357چالاکانە ڕۆڵی گێرا لە وەڕێخستنی خۆپێشاندانەکانی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهابادو کاتێکیش خەباتی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران بووە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی، تێکەڵ بە کاروتێکۆشانی حیزبی بۆوە.
فەتاح کاویان لە زستانی 1357ەوە جارێکی دیکە خۆی حیزبی دیموکراتی کوردستان گرێ دایەوە و هەتا 29ی بەفرانباری 1395 وەک ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان مایەوە. فەتاحی کاویان بە هۆی بڕینی پلەکانی بەرزی خوێندن، شارەزایی بە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، هەر وەها توانای ئەدەبی و لێهاتوویی لە نووسین و وەرگێڕان دا. ساڵی 1358 بەرپرسایەتیی کۆمیسیۆنی بازرەسیی (لێکۆڵینەوە)ی حیزبی دێموکڕاتی پێ سپێردرا و ئەم بەرپرسایەتییەی شانبەشانی ئەنجامدانی کۆمەڵێک کارو ئەرکی ڕۆژانەی دیکەی حیزبی، هەتا ساڵی 1360 بەڕێوە برد. لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی دێموکرات وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و، لە کۆمیتەی ناوەندییش دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا و لە کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی ئەو حیزبە، ئەرکی گرتە ئەستۆ. فەتاح کاویان لە کۆنگرەی پێنجی حیزبی دێموکراتەوە هەتا کۆنگرەی13، بەردەوام یەکێک لە هەڵبژێراوانی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی بووە و بەتایبەتی لە کۆمیسیۆنەکانی ڕاگەیاندن و سکرتاریا، ئەرک و بەرپرسایەتیی بەڕێوە بردوە.
فەتاح کاویان کاتی خۆی بۆ کارکردن لە یەک یا چەند لە مەجالەکانی وەرزش، فەرهەنگنووسی، وەرگێڕانی کتێب، نووسینی بابەتی ئەدەبی و کاری فەرهەنگیی دیکە، دەهێشتەوە. ئامادە کردنی فەرهەنگی بە ناوبانگی “حەوتەوانە”و وەرگێڕانی کتێبی “خولیا و مەرگی قاسملووی کورد” لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانەکانی کوردی و هێندێک کتێب و بەرهەمی دیکە کە هەتا ئێستا چاپ و بڵاو نەبوونەوە، بەشێک لە بەرهەمە فەرهەنگییەکانی فەتاح کاویان بوون.
[1]🗄 سەرچاوەکان
[1] 📡 ماڵپەڕ | 🏳️ کوردیی ناوەڕاست |
ویکیپیدیا