وەندرێنە
گوندی وەندرێنە گوندێکی تری کوردستانەو سەر بەناحیەی بەرزنجەیە. سەختی کەش و هەوای زستانی ئەم گوندە هاوشانی ملەکەوەو گوندەکانی سەر بەقەزای پێنجوێنە.
دانیشتووانی ئەم گوندە ژمارەیان 51 خێزان بووە پێش راگواستنیان لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەساڵی نەوەدەکاندا ژمارەی دانیشتووانی زۆر زیادیکردووە گەیشتۆتە زیاتر لە 90 خێزان، لەدوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991 وە تەنها 45 خێزانیان گەڕاوەتەوە، نابێ ئەوەشمان لەیاد بچێت کە ئێستا ئەم ژمارەی خێزانانە زۆر زیادیکردووە چەندین نەوەیان خستۆتەوە کە دەکرێت بڵیین دووئەوەندەو ونیوی ئەوکات دەبن.
سێ جار راگواستن
وەندەرێنە لەمێژووی خۆیدا سێ جار کاولکاریی و راگواستنی بەخۆیەوە بینیوە، لەساڵی 1974 حکومەتی عیراقی بەفڕۆکە بۆردومانی کردووە، جگە لە شەهیدو برینداری پێشمەرگە، 2 مەدەنیش کوژراون و 7 هاووڵاتی دیکە برینداربوون 3 خانوو بەتەواوەتی رووخاوە، پاشانیش لەساڵی 1985-1986 جارێکی تر ئەم گوندە چۆڵکراوە لەبەر تۆپبارانی شەڕی عیراق -ئێران خەڵکەکەی چوونە گێڵدەرە، پاشان خەڵکەکە چوونەتەوە ناو گوندو بۆ ماوەی ساڵێک بە کولەمەرگی لەوێدا ژیانیان بەسەربردووە، دواجار لەساڵی 1987دا، بەتەواوەتی پێیان چۆڵ کراوەو بە شۆفڵ گوندەکەیان روخێنراوەو پاشانیش سووتێنراوەوخەڵکەکەشی راپێچی ئۆردوگا زۆرەملێکانی نەسر و باریکە و عەربەت کراوەو هەندێکیشیان بەرەو سلێمانی رێگایان گرتۆتە بەر بەهۆی بوونی کەس وکاریان. وەک خەڵکی گوندەکە ئاماژەیان پێکرد ژمارەیەک خێزانی ئەم گوندە وەک هەموو خێزانەکانی تری ناوچە جیاجیاکانی کوردستان تەمەنێکیان لەزیندانە تاریکەکانی رژێمی بەعس بەسەربردووە، لەوانە لەبەندینخانەکانی سەماوەو ئەبو غرێب و ئەمنی سلێمانی، لەڕاپەڕیندا رزگاریان بووە تەنها تاوانیشیان ئەوەبووە کە کەسوکاری پێشمەرگەبوون.
33شەهیدیان داوە
شایانی باسە دانیشتووانی ئەم گوندە بەجۆرێک هەستی نەتەوایەتی لەناخیاندا هەڵقولاوە کە زۆربەیان بەشدارو پێشمەرگەی ئازادیخوازی کوردستان بوون، شایەتیش بۆ ئەم راستیە بوونی 33 شەهیدە کەشەهیدێکیان شەهیدی کۆماری مهابادەو 32 تریش شەهیدی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستانن.
لەبەر سەختی شوێن و کەش و هەوای وەندەرێنە لە لایەک و لەلایەکی تریشەوە کەمی ئاو بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵ وایکردووە کە دانیشتووانی ئەم گوندە کەمتر خۆیان بەکشتو کاڵی بەراوەوە خەریک بکەن، هە بۆیە پشتیان بەستووە بەباخداری وەکو هەڵوژەو قەیسی و بەربوومە دێمییەکانی وەک رەزو چوالەو قەزوان و ترش و بەڕوو. لەلایەکی تریشەوە هەندێ لەدانیشتوانی ئەم گوندە بژێوی ژیانیان لەسەرکردنی بنێشتەو هەندێکی تریشیان لەسەر بەخێوکردنی رەشەولاخ و بزن و مەڕە کەئەمەش سامانێکی تری نیشتمانییە و بوژانەوەیەکی تری ژێرخانی ئابووری کوردستانە.
ئەم گوندە تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆی هەیەو لەڕووی ئاوی خواردنەوەوە تا رادەیەک باشە، ئاوەکەیان بەشی پێویستی رۆژانەیان دەکات. بۆ ئاژەڵیش پشت دەبەستن بەئاوی بیری ئیرتیوازی ناو گوندەکە گەر کارەبا بەردەوام بێت، چونکە یەکێک لەکێشەکانی ئەم گوندە نەبوونی کارەبای بەردەوامە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، چونکە هێڵی کارەبای لەسەید سادقەوە بۆ هاتووەو خەت و عەمودەکان کۆنن بەڕەشەباو بارانی زۆرو بەفر تەلەکان دەپچڕێن و چەند رۆژێکی پێدەچێت تا چاکدەکرێتەوە.
بەروبوومی کشتوکاڵی
خراپی رێگاوبانی ئەم گوندە وایکردووە کەجوتیارانی ئەم گوندە تا رادەیەک هان نەدات بۆ بەردەوامی لەسەر کشتوکاڵکردن، چونکە ناتوانن بەئاسانی بەروبوومەکانیان بنێرنە بازاڕ هەروەها کەمی داواکاریی لەسەر بەروبوومەکانیان یان باشتر بڵیین پەیدانەکردنەوەی نرخی تێچوونی ئەو بەروبوومە کە بەرهەمی دێنن، ئەمەش فاکتەرێکی ترە بۆ کەم بوونەوە ی بەروبوومی ئەم ناوچەیە.
هەر لەمێژەوە ریش سپیانی گوند هەوڵیانداوە کێشەکانی ناو گوند لە نێو خۆیاندا چارەسەربکەن و لەوانەش لەڕابردوودا ریش سپی گوند عەلی سەعید شەریف و ناسراو بە عەلی بێ تەل و ئێستاش کەریم خواڕەحم کە خەمخۆرو ریش سپی گوندەو بەهاوکاری خەڵکی گوند هەمیشە لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ هێنانی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ ناو گوندو خزمەتکردنی خەڵکەکەی.
روودەکەنە بەرزنجە
وەندرێنە لەگەڵ ئەوەی بنکەیەکی تەندروستی تێدایە بەلام ناتوانێت هەموو چارەسەرێکی پێویستی خەڵکەکە دابینبکات هەربۆیە گوندنشینان ناچار دەبن بۆ هەندێ نەخۆشی روو بکەنە ناحیەی بەرزنجە، کە ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نییە بە تایبەتی لەوەرزی زستاندا کەوەک باسمان کرد زستانی ئەم ناوچەیە زۆر سەختە زۆربەی جار بەفر رێگەکە دەگرێ، هەربۆیە نەخۆشەکانیان بە هیلاک دەچن.
شایانی باسە ئەم گوندە خاوەنی تیپَکی هونەری شانۆیی لێهاتوون بەناوی -تیپی هونەری وەندەرێنە- کە پێکهاتووە لە 16 هونەرمەندی پیاو دەرهێنەر و سیناریست و چەند ئەکتەرێکی کارامە تا ئێستا 3 بەرهەمیان هەیە ئەوانیش: (ڕێگایەکی دوور، قالە کوژراو، ولاتی من). نابێت رۆڵی ژنان لەیادبکەین ئەم تیپە هاوکاری دەکرێن لەلایەن چوار ژنی گوندەکەوە بە ئامادەکاری بۆ وێنە گرتن هەر لە بینینی رۆڵی لاوەکی پێویست و ئامادەکردنی خواردن و جێگەی پێویست و هەروەها ئامادەکردنی جلو بەرگ.
ئەندامانی ئەم تیپە داواکارن لەوەزارەتی رۆشنبیریی لایەکیان لی بکاتەوەو هاوکاریان بکات بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی نوێ و دەستگرتنیان هەروەها کڕینی هەندێ کەلوپەلی پێویست وەک کامێرایەکی دیجتاڵ، ئەمەش بۆ برەوپێدانی هونەر لە نێو گوندەکانی کوردستاندا.