سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتەیەکی سیاسی، ئیداری و یاساییە، بەپێی ماددەکانی (یەکەم ودووەم و سێیەم) لەیاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردنه لەهەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانه، سەرۆکی هەرێم بەدەنگدانی گشتیی نهێنی راستەوخۆ بۆماوەی چوار ساڵ له لا یەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستا نەوه هەڵدەبژێردرێت و دەشێ بۆ جاری دووەم هەڵبژێردرێتەوە.
بەڕێز (مسعود بارزانی) بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنی رۆژی 31/ ی کانوونی دووەمی 2005، وەک یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان - عیراق، هەڵبژێردرا.
بەپێی ماددەی یەکەم لەیاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو، سەرۆکی هەرێم جێگرێکی دەبێت هاوکاریی دەکات لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی و لە کاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرێتەوە وهەر خۆیشی جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگەیە، سەرۆکی هەرێم هەندێک لە ئەرک ودەسەڵاتەکانی خۆی بە جێگرەکەی خۆی دەدات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە نوێنەرایەتی پێکهاتەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، سەرپەرشتیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم ودەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەکات، نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات لەئەنجومەنی باڵای ناوەندی سیاسی عێراق کە لە (سەرۆکی کۆمار - سەرۆکی وەزیران - سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی) پێکهاتووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستن وبەجێگەیاندنی مافەکانی گەلی کوردستان که له دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چەسپاون، بەناوی گەلی کوردستان راوێژ وگفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکات وهەماهەنگیی لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان ودەسەڵاتەکانی هەرێم رێکدەخات.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی نێوان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنەمای یاسایی ڕێکخراوە، به و پێیە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران داواکاریی دامەزراندن بە پلەی تایبەت و بەرزکردنەوەی پلە، بۆ سەرۆکایەتی هەرێم بەرزدەکاتەوە، دوای رەزامەندی سەرۆک، بەدەرچوونی(فەرمانی هەرێمیی) بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی بڕگەی یەک لە ماددەی (10) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو، دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو یاسایانەی هەیە کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی دەکات لە ماوەی (15) رۆژ لە بەرواری وەرگرتنی لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، هەروەها لەم ماوەیەشدا بۆی هەیە تانه له کۆی یان به شێکی بدات و ره وانەی پەرلەمانی بکاته وه تاکو چاوی پێدا بخشێنێته وه، بڕیاری پەرلەمان له م باره یه وە بنبڕه.
پێکهاتەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:
ئەم دەزگایە بەیاسای دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عیراق ژمارە (2) ساڵی 2005 لە01-08-2005 دامەزراوە و خاوەن کەسایەتی مەعنەوییە و ئەم ئەرکانەی خوارەوەی هەیە:
1 - سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیوان.
2- رێکخستنی پەیوەندیی لەنێوان سەرۆکایەتی هەرێم وسەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان - عیراق وسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عیراق.
3 - رێکخستنی پەیوەندیی لەنێوان سەرۆکایەتی هەرێم ودەسەڵاتەکانی عێراقی فیدراڵ.
4 - رێکخستنی چالاکی وپەیوەندییەکانی سەرۆکی هەرێم لەناوەوه و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم:
بەڕێز (مسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی مادەی یەکەم ودووەم وسێیەم لەیاسای دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەفەرمانی هەرێمیی ژمارە (1)ی ساڵی 2005، بەڕێز (فۆاد محمد حسین)ی بەیەکەم سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دامەزراند به پلەی وەزیر و دەسەڵاتی هەیه لەهەموو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەشداربێت و سەرپەرشتیی سەرجەم کاروبارەکانی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بکات.
نوسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەم نوسینگەیە پێکهاتەیەکی کارگێڕی تایبەتە بە رێکخستن و راپەڕاندنی چالاکی وکاروباری رۆژانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
نوسینگەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئەم نوسینگەیە پێکهاتەیەکی کارگێڕی تایبەتە بە رێکخستن و راپەڕاندنی چالاکی وکاروباری رۆژانەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتییه گشتییەکانی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم:
لەدیوانی سەرۆکایەتی هەرێمدا چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی هەن وئەم بەڕێوەبەرایەتییانه لەپێناو جێبەجێکردنی ئەوئەرکانە دامەزراون کە بەیاسا خراونەتە ئەستۆی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:-
1- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارگێڕی و دارایی.
2- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەماهەنگیی و بەدواداچوون.
3- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری یاسایی.
4- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەیوەندییەکان.
5- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری کۆمهڵایەتی و سکاڵا.
6- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن.