مستەفا چاوڕەش
ژیاننامەی مستەفا چاورەش
پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی سەرکردایەتی.ناوی تەواوی (مستەفا قادر مەحمود).لەدایکبووی ساڵی (1946)ی سلێمانی. ساڵی (1954) لە خوێندنگەی مەلیک غازی لە سلێمانی دەستی بە خوێندنی سەرەتایی کردووە و تا سێی ناوەندی بەردەوام بوو لەسەر خوێندن.
ژیانی سیاسی لە ساڵی 1962 دەست پێدەکات، کاتێک پەیوەندی بە پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە کرد. لەکاتی لەتبوونی ئەم حزبەدا لەساڵی 1967، پشتیوانی لە باڵی سەرکردایەتی ناوەندی کرد بە رابەرایەتی عەزیز حاج. له و ماوەیەدا بوو بە ئەندامی لقی کوردستانی حزب.
ساڵی 1973 وازی لە باڵی سەرکردایەتی ناوەندی پارتی کۆمۆنیست هێناو پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد. لە ساڵی 1974 پاش دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان کورد و حکومەتی عێراقدا، چووە ریزی شۆڕشەوە و لە پێشمەرگایەتیدا پلەی سەر لقی وەرگرت. پاش هەرەسهێنانی شۆڕش لە ساڵی 1975دا پەنای بۆ ئێران برد و بۆ ساڵی دواتر ئێرانی بەجێهێشت و لە هۆڵندا گیرسایەوە.
لەوێ پەیوەندی بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کردو پشتگیری لە بەرنامەی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری کرد.. ساڵی 1977 چوو بۆ سوریا و لەوێوە لەگەڵ مەفرەزە سەرەتاییەکاندا بەناو خاکی تورکیادا خۆی گەیاندە ناوچەی برادۆست. پاش گەڕانەوەی تاڵەبانی و ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی لەناو وڵات لە کۆتایی ئاب و سەرەتای ئەیلول، لە کانونی یەکەمدا لەگەڵ کاروانەکەی نەوشیروان مستەفادا کە کرابوو بە فەرماندەی هەرێمی شارباژێر، بەناو خاکی ئێراندا بەره و شارباژێر بەرێکەوت و ژیانی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی نوێدا دەست پێکرد. بۆ ساڵی دواتر کرایە فەرماندەی هەرێمی 3ی شارباژێر و پاش شەهیدبوونی فەیسەڵ رەشید تاڵەبانی فەرماندەی هەرێمی 5ی قەرەداغ لەساڵی 1979، بوو بە فەرماندەی ئه و هەرێمە و تا ساڵی 1982 لەوێ مایەوە.
لە ماوەی نێوان 1982 - 1985 وەک ئەندامی مەکتەبی عەسکەری دەستبەکار بوو. لەماوەی نێوان 1985 - 1987 کرایە ئەندامی مەکتەبی عەسکەری مەڵبەندی دوو لە سەرگەڵوو، لەم سەروبەندەدا سەرپەرشتی تیپەکانی سنوری قەڵادزێ و رانیە و بیتوێنی کردو بارەگای لە گوندی مەرگە لە بناری چیای ئاسۆس دانا.
لە 24ی تشرینی دووەمی 1987دا نۆکەرێکی رژێمی بەعس ژەهری خستە ناو خواردنەکەی لە گوندی مەرگە و لە ئاکامدا دایکی و دوو کەسی تری ناو ماڵەکە شەهید بوون و خۆی و چەند کەسێکی تر لەوانە دکتۆر مەحمود عوسمان و عەدنان موفتی بەرکەوتن و بە پەلەپروزێ بۆ چارەسەر نێردرانە ئێران و لەوێوە بۆ بەریتانیا.
پاش راپەرینی 1991 گەرایەوە بۆ کوردستان و بۆ ساڵی دواتر کرایە سەرلەشکری هەولێر. ساڵی 1992 لە کۆنگرەی یەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا. هەر ئه و ساڵە لەسەر لیستی سەوز بوو بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و هەمان ساڵ پاش پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر فوئاد مەعسوم، لە پەرلەمان دەستی لەکار کێشایەوە و کرایە یەکەم پارێزگاری کەرکوک لە دەربەندیخان.
ساڵی 1994 وازی لە پارێزگاری هێناو بوو بە لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی راپەرین لە ڕانیە و لەکاتی سەرهەڵدانی کێشە لە قەڵادزێ لەنێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات، هەموو هەوڵێکی خستەگەر بۆ رێگرتن لە تەشەنە سەندنی کێشەکە، بەڵام پەرینەوەی ئاسەواری کێشەکە بۆ ناو رانیە، کوردستانی بەره و تەنگژەی سەخت برد.
ساڵی 1999 بۆ ماوەیەک کرایە لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە و هەر ئه و ساڵە بەرپرسیارێتی مەکتەبی پەیوەندیە کوردستانیەکانی پێ سپێردرا.
لە کۆنگرەی دووی ساڵی 2001 بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرایەوە و ساڵی 2006 کرایەوە بە لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی پێشمەرگە. ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی بۆ جاری سێیەم بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرایەوە.
[1]