ڕەسوڵ ئیبراهیم سوڵتان، ناسراو بە ڕەسوڵ بێزار گەردی، حەیران بیژی ناوداری کورد لەبەرواری (#17-10-1994#ز.) دڵە گەورەکەی لەباڵەخانە بێنازەکەی لە گەڕەکی ئیسکانی شاری #هەولێر# لە لێدان کەوت و لەنێو شەپۆلی غەم و بە ئامادەبوونی هونەرمەند و دۆست و یارانی بەخاک سپێردرا.
ئەم هونەرمەندە لێهاتووەی کورد لە ساڵی 1922ز. لە گوندی (قەڵادگە)ی نزیک شاری هەولێر هاتۆتە دنیاوه، لە شاری هەولێری قەڵا و منارە پەروەردە بووە چووەتە بەر خوێندن و بووەتە خوێندەوارێکی ڕووناکبیر و هەر لە منداڵییەوە بەهرەی هونەری حەیرانبێژی لە مێشکدا چەکەرەی کردووە و دەنگی سازگاری خۆی لەگەڵ هەموو جۆرە مەقام و بەستەیەکی کوردیدا تاقیکردتەوە و هەستی کردووە لە حەیرانبێژیدا لە هەموو جۆرەکانی دیکەی گۆرانی کوردی سەرکەوتووتره، بۆیە خوی داوەتە ئەو هونەرە ناسکەی کورد و بووەتە مەزنترین حەیرانبێژی کوردستان و لە هەموو لایەکی نیشتمانەکەی دەنگیداوەتەوه.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/359/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=رەسوڵ بێزار گەردی=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/359/0003.JPG=KTML_Photo_End=
لە سەرەتای ساڵی 1947ز. چووەتە بەغداد و لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەغداد - بەشی کوردی هەفتانە ئاهەنگێکی گۆرانی ڕاستەوخۆی پێشکەشکردووە و ناوبانگی هونەریی بە هەموو لایەکی کوردستاندا بڵاوبۆتەوه.
لە ماوەی کارکردنی لەو ئێستگەیەدا پتر لە 680 گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی کوردی تۆمارکردووە و زۆربەیان حەیران و بەستەن و لەپاڵ گۆرانی وتنیشی دەستی هەڵبەست هۆنینەوەیشی هەبووە و نازناوی شاعیری بێزار بووه، بۆیە حەزی دەکرد پێی بڵێن ڕەسوڵ بێزار گەردی و لە ماوەی ژیانیدا ئەم پەرتووکانەی لە هەڵبەستی خۆی و هەڵبەستی شاعیرانی دیکەی کورد چاپ و بڵاوکردووەتەوه:
1- بژاری لاوک و حەیران-ساڵی 1957ز. لە بەغدا چاپی کردووە و 106 لاپەڕەیه.
2- گوڵە مێلاقەی کوردستان-لە 1960ز. لە بەغدا چاپی کردووە و 154 لاپەڕەیه.
3- شیلان و شلێر-لە1967ز. لە بەغداد چاپکراوە و 130 لاپەڕەیە.
4- (دارەشەکران-2007ز.)
5- (پەنگر-2008ز.) .
ئەم هونەرمەندەی کورد خاوەن هەڵوێستێکی نیشتمانی بوو، گەلێک دڵسۆز بوو بۆ نەتەوە و نیشتمانە خۆشەویستەکەی، بۆیە لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ماوەیەک چووە پاڵ شۆڕش بەتایبەتی دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە بەهاری 1974ز. وەک هەموو ڕۆشنبیران و هونەرمەندان خۆی گەیاندە شاخ، ئەم هونەرمەندە هەر بە نەمری لە دڵ و دەروونی هونەردۆست و سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی کورد دەمێنێتەوه. [1]