لە زمانی خۆیەوە:
لەگەڕەکی کانێسکان لەشاری سلێمانی هاتوومەتە ژیانەوە و هەروەک زۆربەی هونەرمەندانی دیکه، هەر لەتەمەنی منداڵیمەوە خولیا و ئارەزووی هونەری موزیک بووم. بێگومان هۆکاری بەئەنجام گەیاندنی ئارەزووەکانم بۆ هونەری دەگەڕێتەوە بۆ هاندانی باوکم و براکانم و هەر ئەوانیش توانیان کەم تا زۆر پشتگیرم بکەن و یارمەتی تەواوم پێشکەش بکەن.
بەشداربوونم لە ئاهەنگێکی موزیکی بووە وەچەرخانێک بۆ چوونە جیهانی گۆرانی چڕینەوە و لەدایکبوونی "تیپی مۆسیقای دەشتی"، ئەو تیپەی لەساڵی 1986دا بەچەند گۆرانییەک توانی جێگای خۆی لەهونەری کوردییدا بکاتەوە.
لەساڵەکانی 1990، 1993 و 1996 بەهاوکاری "توانا فەرەج" و "کارزان کامیل" وەک موزیکژەنان و "دەشتی خالید" و "پەیوەند جاف" و "نەورۆز عەلی" و "دیار محەمەد" وەک گۆرانیبێژان توانرا چەند بەرهەمێکی موزێکی بەئەنجام بگەێنن.
گۆرانییەکانی وەک "چاوکاڵ" و "دڵم تەنگه" و "یاری منه" و "ئاخۆ کەی دێ" بەرهەمی ئەو تیپە بوون و جێگای خۆی لەهونەری کوردیدا جێهێشتووه.
پاش هاتنمان بۆ هاندەران و بڵاوبوونەوەی لانەمان، کەم تا زۆر بەتوانای خۆمان هەوڵی بێوچان بۆ سەرخستن و بەردەوامبوونی کارەکانمان دەدەین، ئەویش تا لەو ڕێگایەوە هەوڵێکی چاک بۆ پێشخستن و بەردەوامدانی بەهونەری کوردی بدەین.
پاش دابڕانم لەکوردستان و هاتنم بۆ ئەوروپا لەساڵی 2003دا بەبڵاوکردنەوەی سیدییەک توانیم دووبارە بگەڕێمەوە بۆلای گوێگرانم.