خاوەنی هۆنراوەی سەرۆکمان زێڕە ڕووناکی چاوە؛ کاکە سەددامە گلێنەی چاوە..
وێنە: نێوبراو لەگەڵ داود قەیسی، گۆرانیبێژی سەددام.
خالید حەسەن تەها خۆشناو، لە ساڵانی (1981-1992) ئەفسەری مەنزومەی ئیستخباراتی شیمالی بوو، دواتریش تا ڕوخانی ڕژێم بە پلەی موقەدەم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی بەعس وەکو بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی تەنسیب کرد، لە هەمانکات سەرنووسەری هەرسێ گۆڤاری (بەیان، ڕەنگین و ڕۆشنبیری نوێ) بوو. دواتریش پلەکەی کرا بە عەمیدی ئیستخبارات.
لەدوای گیرانم لە ڕۆژی (1986-3-2) لەلایەن مەنزومەی شیمالی و یەکەم ئەشکەنجەدانم لە کاتژمێری (9:30)ی ئێوارەی (1986-3-5) تا کاتژمێر (2:20)ی نیوەشەوی (1986-3-6)، خالید خۆشناو بەشداربوو لە ئەشکەنجەدانم. موقەدەم فازڵ عەلی سلێمانی جێگری بەڕێوەبەری مەنزومە و ئەفسەری لێکۆڵینەوەم لێی پرسیم، کە ئایە عەرەبی دەزانم، یان پێویستیم بە وەرگێڕێکی کوردی هەیە؟ لە وەڵامدا گوتم عارەبی باش نازانم و ئەگەر کەسێک قسەکانی ئێوەم بۆ وەرگێڕێت کە بە ئاسانی تێتان ناگەم باشترە. دوای ئەوەی ئەو قسانەم تەواوکرد، نەقیب خالید خۆشناو بەربووە گیانم و زۆری تێ هەڵدام بە کێبڵ و پێلەقە و بە کوردی پێمی گوت: (تۆ کۆمەڵەیت و کەسێکی مارکسیت. ئێوەی کۆمەڵە دەیان و سەدان کتێب و سەرچاوەی مارکسی بە زمانی عارەبی دەخوێننەوە و تێی دەگەن، کەچی دەڵێیت عا ڕەبی نازانم! بۆخۆت باش بزانە، چاوەکانیشت دەرچن نابێ بە کوردی قسە بکەیت. زوکە دەی بە عارەبی قسە بکە، هەی سەگی سەگبابی دایک حیز).
لەم وێنانەی خوارەوەدا، لە وێنەی یەکەم کە لە لاپەڕەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ (حەسەن غەریب) وەرمگرتووە، لە دەستە ڕاستەوە بۆ دەستە چەپ (حەسەن غەریب، عادل عەبدوڵڵا، داود قەیسی، خالید خۆشناو و مامۆستا نەشئەت).
وێنەی دووەم: لە دەستە ڕاستەوە بۆ دەستە چەپ: (داود قەیسی و خالید خۆشناو).
خالید خۆشناو، نووسەری هەڵبەستی (زێڕە سەرۆکمان زێڕە سەدام زێڕە)یە، وەرگێڕ و ئەفسەری مەنزومەی شیمالی ئیستخبارات بووە، لە ساڵی 1986 پلەی نەقیبی هەبوو، دواتر بەپلەی عەمید خانەنشین کراوە، ئێستاکەش وانەبێژە لە (پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە سەری ڕەش (سەری نزم) و وانەی ئاساییشیی نەتەوەیی (الامن القومی) دەڵێتەوە.
خالید خۆشناوی کۆنە عەمیدی ئیسخباراتی مەنزومەی شیمالی و تازە پارتی و مامۆستای ئەمنی قەومی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی، دوای ئەوەی هەفتەنامەی (میدیا) چەند بەڵگەنامەیەکی لەسەر ناوبراو لە ژمارە (146)ی ڕۆژی (2003-8-16) بڵاوکردەوە، لە سەردانێکیدا لەگەڵ خزمێکی خۆیدا لە ڕۆژی (2003-9-6) بۆ نووسینگەی هەفتەنامەی (میدیا) گوتوویەتی: (زۆربەی زۆری هاوەڵ و هاوفکرەکانم دوای سقوتی بەغدا بوونە بەرپرس و خاوەن وەزیفەی تازەو دەبێ حیزبەکان سوود لە شارەزایی من وەرگرن). هەفتەنامەی میدیا، نووسیوێتی: (خالید خۆشناو، گلەیی ئەوەی هەبوو کە ئێمە بەو بەڵگەنامانە زیانمان لە ئاییندەو چاوەڕوانییەکەی ئەو داوە).
هەر بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی میدیا، خزمەکەی خالید خۆشناو گوتویەتی: (ئەو خالیدە، لەوەتەی هەیە بەعسی بووەو هەرچی بەسەر زاردا هاتبێ بۆ بەرژەوەندی بەعس و سەدام نووسیویەتی ئێستاش ئامادەیە خۆی بتەقێنێتەوە بەس بۆئەوەی سەددام بێتەوە).[1]