=KTML_Bold=بەرهەمی خۆڕاگری=KTML_End=
#سیروان حوسێن مەخمووری#
سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لەم بەشە جوگرافیە دیاریکراوەی ناوچەکە سەرنجی زۆربەی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێزی جیهانی بۆخۆی ڕاکێشاوە، بە جۆرێک هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە بووەتە ناوچەیەکی ئارام و کۆکەرەوەی هەموو ئازادیخوازانی ئێراق و ناوچەکە، بە جۆرێک لەپاش ساڵی (2003) نەخشە ڕێگای بنیادنانی دەوڵەتی ئێراق لەم هەرێمەوە کێشرا و بووە چەتری کۆکەرەوەی لایەنە سیاسییەکانی ئێراق و ناوچەکە، ئەمە وێڕای ئەوەی بەئارامترین ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەند دەکرا لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانەوە و لە زۆربەی کێشە و ململانێیەکانی مەزهەبی و سیاسی لە ئێراق دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەرووی هەموویانەوە (سەرۆک بارزانی) ڕۆڵی میانگێری و لێک نزیکبوونەوەی لایەنە ناکۆکانی دەبینی، سەرەڕای ئەمە لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و شەڕی #داعش# هەرێم بووە چەترێک و پەناگەیەک بۆ لێقەوماوان و پەنابەرانی وڵاتانی هەرێمی، ئەوسا زۆر هەوڵ درا هەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخەی هەیە لەناوی ببەن و ئەمن و ئاساییشی تێک بدەن، بەدیاریکراوی ماوەی (11) ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر گەورەترین گەمارۆی ئابووری و سیاسی و سەربازی دایە، بەشێوەیەک فشارەکان لەسەر کابینەی (#مەسرور بارزانی#) گەیشتە لووتکە بەڵام لە بەرانبەردا خۆڕاگری سیاسەتی کابینە و پاڵپشتی دڵسۆزانی ئەم هەرێمە گەورەترین پەیامی خۆڕاگری و خۆنەچاماندیان بە هەموو وڵاتانی جیهان و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمەریکا گەیاند کە ئێمە گەلێکی زیندوو و خاوەن پێگە و قسەی خۆمانین ئەم هەڵویست و خۆڕاگرییانە وای لە هەموو سیاسییەکانی ئەمەریکا کرد کەدەبێت لەمەو دوا مامەڵەیەکی تر لەگەڵ هەرێم بکەن چونکە بۆ ئیدارەی ترەمپ دەرکەوت هەرێمی کوردستان تاکە هاوپەیمانی ڕاستەقینەیە لە ئێراق لەپاش 2003 وەک خۆی ماوەتەوە و پێگە و گرنگی و دیفاکتۆی هەرێم گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن.
بەرهەمی خۆڕاگریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەهەمبەر کێشەکان ئێستا دەبینین لەم خاڵانە بەڕوونی دیارە:
· لەسەر ئاستی تاکەکەسی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە سەرۆک وەزیرانی هەرێم کرا لە هەموو شوێنە گرنگەکانی ئەمەریکا نیشانەی سەرکەوتنی مەسرور بارزانی نیشاندەدات بەسەر قەیران و ئاستەنگەکان وەک کەسێکی سەرکەوتوو لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە قبووڵکراوە، هەر بۆیە ئەم پێشوازییەی لێ کرا و بەکەسێکی خۆڕاگر و خاوەن هەڵوێست پیشاندرا ئەوەش جارێکی تر وەڵامێکە بۆ نەیارانی هەرێم.
· نوێکردنەوەی هاوپەیمانی و شەراکەت: ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەت جارێکی تر مەبدەئی شەراکەت و هاوپەیمانی نێوان هەرێم و ئەمەریکا قوڵتر کردەوە، بە جۆرێک شێوازی دیالۆگ و گفتۆگۆ و ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو لا گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن، چونکە ئەمەریکییەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە لەپاش ساڵی 2003 تا ئێستا لە گۆڕەپانی ئێراقی تاکە هاوپەیمانییان لەگەڵدا مابێت و بەرگەی هەموو فشاری نەیارانی گرتبێت ئەوە هەرێمی کوردستانە بە کردەوە سەلماندووێتی، بۆیە ئەمەریکا لەم سەردانە جارێکی تر پاڵپشتی و هاوپەیمانی خۆی بۆ کوردستان دووپات کردەوە، ئەوەش وەڵامێکی ڕوونە بۆ نەیاران کەئەمەریکا کورد بەجێناهێلێت.
· لەم سەردانە پەیامێکی ڕوونی ئەمەریکایە بۆ بەغدا و وڵاتانی هەرێمی کەچیتر ئەمەریکا قبوڵی فشارەکانی ئێراق و ئەم وڵاتانی هەرێمی ناکات و دژی دەستتێوەردانن لە ناوخۆی هەرێم، بە جۆرێک لەڕەهەندێکی تری ئەم سەردانە بەڕوونی لەلێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دیارە کە ئەمەریکا لەگەڵ کوردستانێکی بەهێزدایە، ئەوەش وەڵامێکە بۆ هەموو ئەوانەی کە هەوڵی لاواز کردنی هەرێم دەدەن، چونکە هەرێم بە بەردی بناغەی سەرەکی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراق و ناوچەکە دادەنرێت.
· لەسەر ئاستی ئابووری: پێگەی ئابووری و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی بۆ ئەم کەرتە بەتایبەتیی لە بواری نەوت و گاز لەلایەن ئیدارەی ترەمپ پەسەندکراوە و پشتگیریشی لێ دەکرێت و گەشەش بەم بوارە دەدرێت، ئەمەریکاش بەگرنگییەوە سەیری ئەم کەیسە دەکات، هەر بۆیە کۆمپانیاکانیان بەم گرێبەستە گەورانە ڕێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ هەرێم واژوو کرد و ئیدارەی ترەمپیش پشتگیری ئەم ڕێککەوتنەیان کرد، لەقسەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ڕوونە کە چیتر نابێت هەرێمی کوردستان بەکارتی قووتی خەڵک و گەمارۆی ئابووری و ڕاگرتنی نەوت سزا بدرێت، ئەمەش لە هەموو دانیشتنەکانی سەرۆک وەزیران و دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا بەدیارکەوت کەپێویستە بەغدا بەزووترین کات کێشەی هەناردەی نەوت و کێشە داراییەکان چارەسەربکەن، چونکە ئەوان لە هەرێمیکی پێشکەوتوو و گەشەدان لە هەموو بوارەکاندا.
· هەروەها لەسەر ئاستی سیاسی: پەیامێکی ڕوونە بۆ سیاسییە ئێراقیەکان کە لەمەودوا ئەمەریکا هاوشان لەگەڵ هەرێم ڕووبەڕووی گرفتەکان دەبنەوە، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات پێویستە لەمەودوا سەرانی بەغدا ئەو فشارانە لەسەر هەرێم ڕابگرن و کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت لە ڕێگەی دەستوورەوە چارەسەربکەن و ئەم سیاسەتەش ڕەنگدانەوەی لەسەر وڵاتانی ناوچەکە دەبێت، کەلەمەودوا هەرێم لەسەر ئاستی سیاسی بەهێزتر دەردەکەوێت.
لە کۆتاییدا ئەم هەنگاوەی سەرۆکی حکومەت و واژوو کردنی ئەم ڕێککەوتنە ستراتیژییە بەگەورەترین دەستکەوت هەژماردەکرێت، بە جۆرێک لەئاییندەدا دەرهاویشتەی ئەرێنێ دەبێت لەسەر ئاستەکانی (سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابووری و دبلۆماسی) و لەڕووی خزمەتگوزارییەوە دەبێتە هۆی پەرەپێدان و بوژانەوەی کەرتە جۆراوجۆرەکان.
کەواتە بەرهەمی خۆڕاگری چەندین ساڵەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم و دانیشتووانەکەی لە ئێستادا گەیشتە ئەوەی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پاداشت بکرێت و پاڵپشتی بکرێت، بۆیە لەئاییندەدا سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورەی زیاتر دەبینین. [1]