ساڵی 1956 ڕۆژی 10ی 8ی ئەو ساڵە بوو. من لە مزگەوتە شڕەکەم بووم لە #بەغدا#. دەمەدەمی نیوەڕۆ بوو. دەورەی مزگەوتەکە پڕ بوو لە خەڵک، ئەوەندەم زانی #شێخ مەحمودی حەفید# بە پێ پیلکەکانا سەرکەوت و سەری کرد بە ژوورەکەی منا، ئەو شێخ مەحموودە کە وەختی خۆی ئەتوت شێرە، لاواز و باریک ببوو. هەر ئەو نەخۆشییەی بوو کە لەو ساڵەدا بە هۆیەوە کۆچی دوایی کرد. هەر من و ئەو بووین لە ژوورەکەدا، حەوشە و دەوری مزگەوت پڕ ببوو لە خەڵک، چونکە شێخ مەحموود هاتۆتە ئەوێ و ئەیانەوێ چاویان پێ بکەوێ.
وردە وردە دەستی کرد بە قسە کردن و بە دەردەدڵ کردن، فرمێسک بەسەر گۆناکانیا هاتە خوارەوە، وتی: زابتەکان و زۆرتر لەوانەی کە لەگەڵما بوون هەموو خیانەتیان لەگەڵ کردم. فرمێسکێکیش بەسەر گۆنایا هەر دێتە خوارەوە. لە گەرمەی ئەو قسەکردنەیا ئەوەندەم زانی (لەگەڵ ئەو بێهێزیەیا) هەستا و ناوچەوانی ماچ کردم و وتی: ڕۆڵە هۆمێدم بە کەس نەماوە بە تۆ نەبێ! وتم یا شێخ ئەوە چی ئەفەرمووی؟ من چیم، چ کەسم، چ پشت و عەشرەتێکم هەیە؟! وتی: ڕۆڵە تۆ قەڵەمت بە دەستەوەیە، قەڵەم لە شیر بە بڕشتترە!
ئەمەی وت و هەستا. وتم یا شێخ وەختی نوێژ هاتووە، نوێژ ناکەی لێرە؟ وتی: بەرێوەڵڵا. ئیتر چووینە خوارەوە نوێژمان کرد و ئەو ڕۆیشت. بەڵام لەبەر زۆری خەڵک، کە بۆ چاو پێکەوتنی شێخ مەحموود هاتبوون زۆر بە زەحمەت دەرباز بوو. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=