#سیامەند سێلکی#
سەدەیەک بەر لە ئێستا جیهان و مرۆڤایەتی بە گشتی نوقومی نەفامی و نەزانین بوون. دەسەڵاتداران و نەتەوە سەردەستەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان و قایمکردنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان، بەها مرۆڤایەتییەکانیان دەخستە ژێر پێ و خەڵکی هەژار و بێ دەسەڵاتیان کۆمەڵکوژ دەکرد. لەو سەردەمەدا هیچ کەس و لایەنێک بیری لەپاراستنی بەها مرۆڤیەکان و گەڕاندنەوەی شکۆ و کەرامەتی بۆ مرۆڤ نەدەکردەوە. ئافرەت وەکوو کاڵایەک بازرگانی پێوە دەکراو کەسیش خەمی ئەوەی نەبوو ماف و ئازادییەکانی بۆ بگێڕێتەوە. مرۆڤ لەسەر نەتەوەیی و بیروڕای دینی و مەزهەبی ئەشکەنجە دەدراو کۆمەڵکوژ دەکرا، کەسیش نەبوو لە پێناو کۆتایی هاتن بەو هەموو تراژیدییە ئینسانییە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی فێری لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بکات.
لەنێو ئەم نەفامی و نەزانینەدا مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی هارو دڕندە بەرببووە گیانی ژینگە و هەوڵی وێرانکردن و لەناوبردنی دەدا، هیچ کەس و لایەنێکیش هێندە ئەقل میوانی نەبوو کە هەست بەگرنگی پاراستنی ژینگە بکات، بۆ مرۆڤ و بەردەوام بوونی ژیان. ڕێک لەو سەردەمەداو لەناو ئەو نەفامی و نەزانینەدا شێخ عەبدولسەلامی بارزانی وەکوو بیرمەندو زانایەکی مەزن و لە پێناو بنیاتنان و ئاڤەدانکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست لە هەموو ڕوویەکەوە. لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی چاکسازیداو، لە ڕێگای پڕۆسەیەکی پەروەردەییەوە، ئەم خاڵانەی خوارەوەی لە دەڤەری بارزاندا جێبەجێ کرد.
یەکەم: سیستەمی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتی عەشیرەتگەری لە دەڤەرەکەدا ههڵوەشاندەوە. لە ئەنجامی ئەمەدا خەڵکی حەوت عەشیرەتی ناوچەکە یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەیان لەنێوان خۆیاندا درووستکرد.
دووەم: بەشێوازێکی یەکسان و دادپەروەرانە هەموو تاکێک لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون و هاووڵاتی بوون لەئەرک و مافدا یەکسان کران.
سێیەم: ئازادی دینی و فەرهەنگی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی لە ناوچەکەدا چەسپاند و جێگیر کرد. لە ئەنجامی ئەمەدا موسڵمان و کریستیان و جوەکانی ناوچەکە وەکوو برا پێکەوە دەژیان و خۆیان بەبارزانی دەزانی.
چوارەم: ژن بەژنی و بەزۆری بەشودانی کچ و پارەوەرگرتن لە بەرانبەر کچ بەشودان بەتەواوی قەدەغە کران و هەموو کۆت و بەندەکانی سەر ئافرەتی هەڵگرت و ئازادی و بەهای مرۆڤ بوونی بۆ ئافرەت گەڕاندەوەو، کچ و کوڕ سەربەستکران لەپێکەوەنانی ژیانی هاوسەریدا.
پێنەجەم: فەرهەنگی ژینگە دۆستی و پاراستنی ژینگەی لە دەڤەرکەدا چەسپاندو جێگیر کرا.
شەشەم: بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری خهڵک ، بۆ هەر گوندێک ئەنجوومەنێک پێکهێنرا.
حەوتەم: بۆ ئەوەی هیچ کەسێک یان خێزانێک لەکۆکردنەوەی بەروبوومی خۆڕسک بێبەش نەبێت و هەمووان بەیەکسانی مافی خۆیان پێ بگات، بۆ کۆکردنەوەی هەر جۆرێک لەو بەروبوومانە، ڕۆژێکی تایبەت دیاری کرا.
هەشتەم: کاری هەرەوەزی و کارکرنی بەکۆمەڵ وەکوو نەریتێک لە ناوچەکەدا چەسپێنراو جێگیر کرا.
نۆیەم: خەڵکی ناوچەکە لەسەر هزری شۆڕشگێڕی پەروەردە کران و فێر کران کە هەمیشە مردنێکی شەرەفمەندانە و سەربەرزانە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا هەڵبژێرن، ئەمە بوو بە بەشێک لەفەرهەنگ و کولتوری خەڵکی ناوچەکە و بەهیچ نرخێک و لە هیچ هەلومەرجێکدا دەستبەرداری نەبوون .
بێگومان بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە شێخی بارزان نە هێزی سەربازی و نە هێزی ماددی لەبەردەستدا نەبوو، بەڵام چەکێکی لەمانە بەهێزترو کاریگەرتری هەبوو کە چەکی بیروباوەڕو پەروەردە بوو. لە ڕێگای پروسەیەکی گشتگیرو هەمەلایەنەی پەروەردەییەوە خەڵکی ناوچەکە فێر کران کە هەر یەکێک لە ماڵی خۆی پابەندی ئەو خاڵانە بێت و پارێزگاریان لێ بکات.
هەڵبەت جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە دەڤەری بارزان سەرەتای پلانێکی تۆکمەبوو، کە بەدەست شێخی بارزانەوە هەبوو بۆ هەموو کوردستان. بۆیە بەم ڕووئیاو دونیابینییە شێخی بارزان شۆڕشی دژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ڕاگەیاند. مخابن خیانەت لەناو کورددا ئەو دەرفەتەی لەبار برد و شێخی بارزان لە دەڤەری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کاتی میوانداریدا لەلایان خیانەتکارانی کوردەوە دەستگیر کراو ڕادەستی عوسمانییەکان کرایەوە و لە ڕۆژی (#14-12-1914# ) لەلایان عوسمانییەکانەوە لە شاری موسڵ لە سێدارە دراو شەهید بوو، دوای شەهید بوونی ڕێباز و پەیامە پیرۆزەکەی بەهەمان ناوەرۆک و بۆ هەمان ئامانج و وەکوو فەلسەفەیەکی فکری و عەقائیدی بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی مرۆڤ و گەیشتن بەڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ مرۆڤی کورد لەسەر دەستی شێخ ئەحمەد (خودانی بارزان) و مەلا مستەفای بارزانی و دواتریش سەرۆک مەسعود بارزانی بەردەوام بووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، هەڵبەت نهێنی بەردەوامی ڕێبازی بارزانیی نەمر بەدرێژایی یەک سەدە لەوەدایە کە ئەم ڕێبازە پیرۆزە لە هیچ هەلومەرجێکداو بەهیچ نرخێک لەو بنەما سەرەکیانەی لا نەداوە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کردووە. لە هەموو قوناغەکانی خەباتیشدا ڕابەرانی ئەم ڕێبازە داکوکیان لەسەر ئەو بنەما فکری و عەقائیدیانە کردووتەوە و بەکردەوەش کاریان بۆ جێبەجێ کردنی کردووە.
هەڵبەت لەم قوناغەشدا پاراستن و پابەندبوون بەو بەها بەرزانەوە لای جەنابی سەرۆک بارزانی گرنگییەکی تایبەتیی هەیە و لە چوارچێوەی ئەو گرنگی پێدانەشدا جەنابی مەلا مستەفا بارزانی (بابو) ی وەکوو سەرپەرشتیاری دەڤەری بارزان دیاری کردووە. بێگومان ئەمە وەکوو هەنگاوێک بۆ درێژەدان بەو ڕێبازە و فراوانکردنی بۆ هەموو کوردستان هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە. دیارە لەو ماوە کورتەی کە جەنابی بابۆ ئەو ئەرکە پیرۆزەی پێ سپێردراوە دڵسۆزانە و خەمخۆرانە شانی داوەتە بەر بەرپرسیارییەتی و هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووتەوە بۆ خزمەت کردن بەو ڕێبازە پیرۆزە. لەم بارەوە هەنگاوەکانی جەنابی بابۆ بۆ خەڵکی دەڤەری بارزان و هەموو کوردستان دڵخۆشکەرن و هەمووان بەڕوونی هەست بەو دەسکەوتە مەزنانە دەکەن کە لە ماوەیەکی کورتدا بەدەست هاتوون. [1]