ناونیشانی بابەت: (ئیدریسی هەرماو)!
لە بارەی مەرگەوە دەقیق بیرم نەماوە ، بەس (مامەعنا) ڕەوانشاد #فەلەکەددین کاکەیی# ئەیووت: مەرگیش هەر ژیانە، بەڵام بە جۆرێکی تر!
ئەگەر لەم بۆچوونە قووڵەی کاکەییەوە، لە مەرگی کاک
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانیبڕوانین، دەقیقەن وایە، مەرگ بۆ ئەو، تەنیا کۆتاییە فیزیکییەکەی بوو نەک کۆتایی خۆی، ئەو بە جۆرێکی تر هەر ماوە!
ئەوانەی کە لەسەر بەردی ژیان، بە کاری گەورە و ئاکاری بەرزیان نەخشێک دەکێشن، ئیتر کە بای مەرگ ئەیانبا، لە زیهنی ویژدان زیندووەکاندا نەمردوون، هەر زیندوون!
ئێمە چونکە ئەمڕۆمان زۆر لە ڕابردوومان دەچێت، ئیتر بۆ هەر باسێک کە ئەمڕۆ دێتە گۆڕێ، ناوی گەورەکانی دوێنێ، کە کاک ئیدریس یەکێکیانە، لەگەڵیدا دێت.
لە باسی ئاشتی و تەبایی و پێکەوەییدا کە باسی ئەمڕۆیە، ناوی ئەو دێت.
لە باسی ئیرادەی هەستانەوەی دوای کەوتندا و لە بەرەنگاریی بەڕووی دوژمندا، کە باسێکی نەبڕاوەی هەمیشە کراوەیە، هەر ناوی دێت.
کە باس لە خەمی ژیانی پێشمەرگە و گوزەرانی کەسوکاریان دەکرێت، ناوی ئەو دێت.
کە باس لە سنگفراوانی سیاسی و حیزبی و لە کراوەیی بیر و دڵ و دەستی سەرکردە دەکرێت، دیسان هەر ناوی دێت.
یەعنی مەسەلەیەک نییە کە دوێنێ جێی باس بووبێت و ئەمڕۆش جێی باس بێت و ناوی کاک ئیدریسی لەگەڵدا نەبێت، دەی ئەمە مەرگە یان مان؟!
ڕەحمەتی کاک فرەنسۆ، (کەلعادە) لە ناوهێنانی کاک ئیدریسیشیدا هەر چاک دەیپێکا و پێی دەووت: ئیدریسی هەرماو. [1]