ناونیشانی بابەت: دەرچوون لە ئێراق: بەشی90
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
“کۆچی دوایی (مستەفا بارزانی)”
لە کاتێکدا کۆتایی هاتن بە ڕژێمی شاهەنشاهی ئێران، دەروازەییەکی بەڕووی کوردی باشووری کوردستان و شۆڕشەکەیدا کردەوە، ڕێبەری (#شۆڕشی ئەیلول#) و سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، لە تەمەنی (76) ساڵی و لە (#1-03-1979#ز) لە نەخۆشخانەی (جۆرج واشنتۆن)ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. بەو ڕووداوەش نەک تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان، دامەزڕێنەر و یەکەمین سەرۆکی پارتەکەی لەدەستدا، کوردی باشووری کوردستانیش سەرکردە و ڕابەرێکی لەدەستدا، کە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە، ڕابەرایەتی خەباتی چەکداری و سیاسی کوردی باشووری کوردستانی کرد.
(مستەفا کوڕی شێخ محەمەد کوڕی شێخ عەبدولسەلام بارزانی)، ناسراو بە (مەلا مستەفا) لە (#14-03-1970#) لە گوندی (#بارزان#) لە بنەماڵەیەکی ئایینی و تێکۆشەری کورد لەدایکبووە، لە ماوەی تەمەنیدا بەشداری و سەرکردایەتی، چەندین شۆڕش و ڕاپەڕینی لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێراق و ئێرانی کردووە. یەکەمێن دەرکەوتنی بۆ بەهاری ساڵی (1919ز) دەگەڕێتەوە، کاتێک لەسەر داوای (شێخ محەمەد)ی باوکی بە سەرکردایەتی هێزێکی (300) کەسی نێردرا بۆ یارمەتیدانی شۆڕشەکەی (#شێخ مەحموودی نەمر#) لە ناوچەی (#سلێمانی#)، بەڵام بەر لەوەی ئەو هێزە بگاتە ناوچەکە و بەهانای (شێخ مەحموودی نەمر)و دەسەڵات و هێزەکەیەوە بچێت، شەڕی (#دەربەندی بازیان#) ڕووی دابوو. هەروەها (شێخ مەحموود)و هێزەکەی تێکشکا بوون و خودی شێخیش بەدیلی کەوتبووە دەست بەریتانییەکان و ڕەوانەی شاری (بەغدا) کرابوو، بۆیە ئەو هێزەی (مستەفا بارزانی) تەمەن (16) ساڵ، سەرکردایەتی دەکرد، گەڕایەوە زێدی خۆی لە بارزان.
وێستگەی دووەمی خەباتی کەوتە ساڵی (1932ز)، کاتێک بەشداری ڕاپەڕینێکی ناوچەکەی کرد، کە لەلایەن (#خەلیل خۆشەوی#) دژ بە ڕژێمی پادشایەتی ئێراق، ڕابەرایەتی کرا. بەشداری سێیەمیشی سەرکردایەتی (#شۆڕشی بارزان#) بوو لە ساڵی (1943ز)، کە تا ساڵی (1945ز) دژ بە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی پادشایەتی ئێراق وەستا. دوای شکستی ئەو شۆڕشەش بەناچاری لەگەڵ زۆرینەی هێزی بارزان و ماڵباتەکەی بەرەو خۆرهەڵاتی کوردستان پاشەکشەیان کرد و لە ناوچەی موکریانی ئێران نێشتەجێ بوون. کاتێکیش (#کۆماری کوردستان#) لە (#22-01-1946#ز) لە شاری (#مەهاباد#) دامەزرا، (مستەفا بارزانی) یەکێک بوو لە بەشداربووە سەرەکییەکانی و پلەی جنڕاڵی پێدراو کرایە فەرماندەیی تەواوی هێزەکانی بارزانی لە کۆماردا. دوای شکستی کۆماری کوردستانیش لە (17-12-1946ز) لەگەڵ (504) بارزانی، شاری (مەهاباد)ی پایتەختی کۆماری بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بەجێهێشت و تا ساڵی (1958ز) نەگەڕایەوە زێدی خۆی. کاتێکیش لە (6ی تشرینی یەکەمی1958ز) گەڕایەوە ئێراق، کۆتایی بە ڕژێمی پادشایەتی هاتبوو وە کۆماری ئێراق دامەرزا بوو. هەر بۆیە تا ساڵی (1961ز) لەگەڵ ئەو کۆمارو فەرمانڕەواکەی (عەبدولکەریم قاسم) مایەوە. کاتێکیش ئەو ڕژێمە نوێیە وەک ڕژێمی پادشایەتی، مافەکانی کوردی وەلانا، (مستەفا بارزانی)، نەک هەر شاری (بەغدا) بەجێھیشت و ڕابەرایەتی شۆڕشی ئەیلولی کرد، بەڵکوو بۆ یەک ساتیش نەگەڕایەوە (بەغدا)و سازشی بۆ نەکردن. بەوەش شێلگیرانە و بۆ ماوەی (14) ساڵ بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئێراق وەستا، تا ئەو کاتەی بەهۆی ڕێکەوتنامەی جەزائیرەوە لە شۆڕشەکە درا، لەو ماوەیەشدا ڕێکەوتنامەی (#11-03-1970#) وەک دەسکەوتێکی مێژوویی بۆ خۆی و پارت و شۆڕشی ئەیلول و کوردی باشووری کوردستان تۆمار کرد.
دوای شکستی شۆڕشی ئەیلولیش، ئاوارەیی وڵاتی ئێران بوو، بەڵام زۆر لەوێ نەمایەوە و ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، تا دەروازەییەک بۆ کیشەی کورد بدۆزێتەوە. هەر لەوێش بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی و دووچاری بە نەخۆشی شێرپەنجە، پێویستی بە چارەسەر هەبوو. هەر بۆیە لەنێوان ساڵانی (1975-1979ز)، سەرباری گەڕان بە دووی چارەسەری نەخۆشییەکەی و سازان لەگەڵ ئازارەکانی، کاروباری پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشی گۆڵانی بەڕێوەبرد، کارەکانیشی لە ڕێگای هەردوو کوڕەکەی (
ئیدریس بارزانیئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی) بەڕێوە دەبرد. بەو شێوەیە، (چوار) ساڵی کۆتایی تەمەنی، بە ئازار و ناخۆشییەوە بەڕێکرد، تا ئەو کاتەی لە (#01-03-1970#ز) ماڵاوایی لە خێزان و بنەماڵە و کورد و کوردستان کرد.
دوای کۆچی دواییشی لەسەر وەسییەتی خۆی و بەکاتی هێنرایەوە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە شاری (#شنۆ#) بەخاک سپێردرا. ئەوەش دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی (#04-03-1979#ز) تەرمەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هێنرایەوە وڵاتی ئێران و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی میهرئابادی تاران. لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل بە ڕێ و ڕەسمێکی شکۆداری گەورە بەرەو شاری (شنۆ) لە ئوستانی ئازەربایجانی خۆراوا بەرێکرا. ڕۆژی دواتر واتە لە (5ی ئازار) لە گۆڕستانی ئەو شارەو بە کاتی بەخاک سپێردرا. دیارە ئەوەش دوای ئەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕەزامەندی لەسەر هێناوەی تەرمەکەی و بەخاک سپاردنی بە شێوەیەکی شکۆدار دا. ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی نەتەوە و خاکەکەی تەرخانکرد و لەلایەن ڕژێمی پێشووی نەیارییەوە لێدرابوو. بەو شێوەیەش و لەو کاتە هەستیارەدا، کە ئاسۆیەک بۆ کورد بە گشتی و کوردی باشووری کوردستان بەدەی دەکرا، ئەو ڕێبەرە دیارەی کورد، کۆچی دوایی کرد. بەو ڕووداوەش ئاییندەی پارتی و شۆڕشەکە و کێشەی کوردی بۆ هەردوو کوڕەکەی “ئیدریس و مەسعود” بەجێهێشت. [1]