ناونیشانی بابەت: پهلویان کتێبێک پڕ لە چەواشەکاریی مێژوویی
نووسینی: #بێوار ڕەسوول#
بڵاوبوونەوەی توێژینەوەیەکم لە ژمارەی نوێی گۆڤاری ڕامان. ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەییە لەبارەی کتێبێک لە نووسینی #تەیب تاهیری#، کە کوردێکی یارسان(کاکەیی) ی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەم کتێبەیدا نووسەر کۆمەڵێک چەواشەکاری و ساختەکاریی مێژوویی و زمانەوانی کردووە بۆ ئەوەی ناسنامەی خوارووی کوردستان بکات بە ناوچەی پەهلەوی و دانیشتووانەکەشی بکات بە خەڵکی پەهلەوی، دەیەوێ پێمان بڵێ ئەم ناوچەیە کوردستان نییە و خەڵکەکەشی ئەگەر ئەمڕۆ بە ڕوواڵەت کورد بن، بەڵام بە ئەسڵ پەهلەوی بوون و سەر بە ئێرانی گەورەن. بەپێویستم زانی لە ڕاست ئەم هەموو چەواشەکارییەی ئەم کتێبەی تەیب تاهیری بێدەنگ نەبم، ئەم لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەم لەسەر نووسی.
لە خوارەوە بەشی یەکەمی ئەم توێژینەوەیە، کە لە ژمارەی نوێی گۆڤاری ڕامان بڵاو بووەتەوە، دادەنێم بۆ هەر کەسێک حەز بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە دەکات، هاوکات سەرنج و ڕەخنەی خۆیشی بنووسێ.
پهلویان کتێبێک پڕ لە چەواشەکاریی مێژوویی
بێوار ڕەسوول (سوداد ڕەسوول)
$پێشەکی$
لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەکانی ئێران و عێراق و تورکیا و سووریا، لە هەر بەشێکی کوردستان لەم دەوڵەتانە، لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە بە شێوازی جیاواز مێژووی کورد و جوگرافیای کوردستان چەواشە کراوە و دەکرێ؛ لە هەر وڵاتێک بە پلان و ستراتیج هەوڵ دەدرێ هەرچی حەقیقەتی ناسنامە و فەرهەنگی کوردە بشێوێنرێت و بوونی کورد لە وڵاتەکانیان بسڕنەوە و جوگرافیاکەشی بچووک بکەنەوە. یەکێک لەو شێوازانە کە بەردەوام کاری بۆ دەکەن، گومان خستنە سەر ڕەسەنایەتیی زمانی کوردییە، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدرێ ڕیشەیەکی غەیری کوردی بۆ چەند زارێکی کوردی بدۆزنەوە، یانیش هەوڵ دەدەن جیاوازیی نێوان زارە کوردییەکان وەک زمانی جیاواز نیشان بدەن، بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە ئەمانە زار نین، کۆمەڵە زمانێکن و لە یەک دوورن و یەک ڕیشەی زمانییشیان نییە، بۆیە زمانێک نییە پێی بگوترێ زمانی کوردی، هەر لەسەر ئەم بنەڕەتەش، بانگەشەی ئەوە دەکەن کورد یەک نەتەوە نییە، چەند گروپێکی ئەتنیکی و نەتەوەیی جیاوازن و هەر یەک لەم گروپانە سەر بە جوگرافیایەکی جیاوازن، کەواتە وڵاتێکیش نییە بە ناوی کوردستان. بۆ جێبەجیکردنی ئەم بەرنامە دژ بە کوردە، داگیرکەرانی کوردستان، ویژدان و قەڵەمی کۆمەڵێک نووسەر دەکڕن و داوایان لێ دەکەن مێژووی کورد و زمانەکەی بە جۆرێک بنووسنەوە، خزمەت بە ئەجێندای سیاسی نەتەوەی سەردەست بکات، لە هەمان کاتدا، یەکێتیی زمان و نەتەوەی کوردیش پەرتەوازە بکەن.
دوو ساڵێک پێش ئێستا، کتێبێک بە فارسی لە نووسینی تەیب تاهیری بە ناوی پهلویان: گوران، هورامی، لک، کلهر، فیلی، دیملی بڵاو کرایەوە.(1) ئەم کتێبە نزیک بە 560 لاپەڕە دەبێت، بابەتەکانی ناو کتێبەکە بۆ مێژووی خوارووی کوردستان تەرخان کراون، وەک فەرهەنگ، ئایین، زمان، ئەدەبیات، جوگرافیا، ئەو ناوچەیە کە دانیشتووانەکەی بە چەند زارێکی کوردی وەک کەڵهوڕی، لەکی، لوڕی، گۆران – هەورامی قسە دەکەن. نووسەری ئەم کتێبە بۆ شێواندنی ناسنامەی کوردی و کوردستانی ئەم ناوچەیە، دانیشتووانەکەی بە پەهلەوی ناو دەبات و ناوچەکەشیان بە ناوچەی پەهلەوی. وەک دیارە، ئەم کتێبە بە هەمان ئامانجی سیاسی و ئایدیۆلۆجی نووسراوە کە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەرنامەی بۆ دانراوە، بوونی کورد لە ئێران بکات بە بوونێکی ئێرانی و پاشکۆی نەتەوەی فارس و داماڵینی لە هەموو مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی، هەروەها جوگرافیای خوارووی کوردستانیش بکات بە بەشێک لە جوگرافیای ئێرانی مەزن. ئەم کتێبە، لە ڕووی میتۆدی لێکۆڵینەوە پڕیەتی لە هەڵە و چەواشەکاری، هیچ بنەمایەکی ئەکادیمی تێدا ڕەچاو نەکراوە، چونکە بە ئامانجێکی ئایدیۆلۆجی و سیاسی نووسراوە، هەوڵ دەدات بە هەر نرخێک بێت، مێژووێکی ساختە بۆ ئەم ناوچەیەی خوارووی کوردستان بنووسێتەوە، ئەم بەشە لە خاکی کوردستان بە دانیشتووان و جوگرافیا لە کوردستان دابڕێت و بیکات بە وڵاتی پەهلەوی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سوود لە ئایینی یارسان وەردەگرێت و مێژووی دانیشتووانی هەموو هەرێمەکە بە یارسانی دەکات، ڕیشەی هەموو زارە کوردییەکانی ئەم ناوچەیش دەباتەوە سەر زاری کوردیی گۆران و گۆرانیش بە زمانی پەهلەوییەوە گرێ دەدات.
نووسەری ئەم کتێبە، تەیب تاهیری خۆی وەک توێژەرێکی مێژوو و #ئایینی یارسان# دەناسێنێ، لەم بارەیەوەش چەند کتێبێکی بە کوردی و فارسی نووسیوە؛ کتێبە کوردییەکانی لە باشووری کوردستان لە دەزگای موکریانی و #ئینستیتوی کەلەپووری کوردی# چاپ کراون، چەندین جاریش لە باشوور بۆ کۆنفرانس و سێمینار داوەت کراوە لەسەر مێژووی یارسان قسە بکات، وەک نووسەرێکی یارسان (کاکەیی) و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێزی لێ گیراوە و خەڵات کراوە. ناوبراو لە ساڵی 2020 لە ئێرانەوە خۆی گەیاندە وڵاتی سوێد، لە ستۆکهۆڵم، ئینستیتوتێک بە ناوی ئینستیتوی فەرهەنگیی یارسان دادەمەزرێنێ، هاوکات دوو گۆڤاریش بڵاو دەکاتەوە بە ناوەکانی شنروێ و چریکە، (2) لەگەڵ تەلەفزیۆنێکی یوتیوبی بە ناوی لیسک تی ڤی؛ هەردوو گۆڤارەکە و تی ڤییەکە گوتارەکەیان بۆ دانیشتووانی خوارووی کوردستانە بەتایبەت کرماشان و ئیلام، وتارەکانی ناو هەردوو گۆڤار بۆ هەمان ئامانجی سیاسی و فەرهەنگی نووسراون بۆ ئەوەی ناسنامەیەکی پەهلەوی بۆ خەڵکەکە و ناوچەکە ساز بکات. دوابەرهەمی نووسەر، ئەم کتێبەیە کە بە ناوی پهلویان بڵاوی کردووەتەوە، ئەم کتێبەش هەر بە هەمان ئامانجی سیاسی و فەرهەنگی نووسراوە، کە لەم وتارەدا پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ دەکەین و بە میتۆدێکی زانستی هەڵسەندگاندنی بۆ دەکەین.
لەم توێژینەوەیەدا، لە چەند ڕووێکەوە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەیخەینە بەر باس و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە. لە سەرەتادا ئاماژە بە کێشەی میتۆدی لێکۆڵینەوەی کتێبەکە دەدەین کە لە ڕووی میتۆدۆلۆجییەوە کەموکووڕی زۆرە، دواتر باسی ئەو چەمکانە دەکەین کە نووسەر دایهێناوە وەک چەمکی پەهلەوی و پەهلەنشین و ناوچەی پەهلەوی و میرنشینی پەهلەوی، ئەوجا باسی مێژووی ئەدەبیاتی کوردی لەم ناوچەیە دەکەین کە ئەدەبیاتی کوردیی گۆرانە و نووسەر بە ئەدەبیاتی پەهلەوی ناوی دەبات، هەروەها باسێک لە ئایینی یارسان و پەیڕەوانی ئەم ئایینە دەکەین کە لە باکووری ئەم ناوچەیە نیشتەجێن و نووسەر هەوڵ دەدات ئەم ئایینە لەم ناوچەیە بە سێنتەر بکات و مێژووێکی دێرین و جوگرافیایەکی وەهمی بۆ دروست بکات؛ لە دوابەش، باسی ڕوانگەی نووسەر بۆ کوردی سۆران و کرمانج دەکەین، کە ڕوانگەیەکی دوژمنکارانەی هەیە و پێی وایە بەدرێژایی مێژوو، کوردی سۆرانی لەگەڵ دانیشتووانی خوارووی کوردستان بە تایبەت یارسانەکان لە کێشەدا بوون و زوڵمیان کردووە و لە ناوچەکەی خۆیان ئاوارە و ئەسمیلەیان کردوون. هەوڵ دەدەین لەم توێژینەوەیەدا، ئەم بۆچوونانەی نووسەر تاوتوێ بکەین و ڕاستی و ناڕاستیان بخەینە ڕوو.
$کێشەی میتۆدی لێکۆڵێنەوە$
کتێبی پهلویان، وەک توێژینەوەیەکی مێژوویی، کۆمەڵێک کێشەی میتۆدۆلۆجی هەیە، وەک دیارە نووسەر هیچ شارەزاییەکی لە میتۆدیکی لێکۆلێنەوە نییە، چونکە دیار نییە چۆن دەیەوێ لەم مێژووە بکۆڵێتەوە؛ هەوڵ دەدات بە پەخشان و بابەتی خەیاڵی مێژوومان بۆ بگێڕێتەوە، لە دانانی سەرچاوە بۆ مێژووەکەی یەکجار هەژارە، بە دەیان لاپەڕە مێژوو دەگێڕێتەوە، ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەک نادات. بۆ نموونە کاتێک ئاماژە بە ڕیشەی دانیشتووانی خوارووی کوردستان دەدات و دەیانکات بە پەهلەوی، بۆ ئەمە هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نیشان نادات کە بیسەلمێنی ئەمانە چۆن و بۆچی ڕیشەیان پەهلەوییە؟
لە کتێبەکەی پۆلێنبەندییەکی بۆ زمانەکانی زاگرۆس کردووە، بۆ پێنج قۆناغ دابەشی کردووە: قۆناغی زمانی قەفقازی (#لولوبی#، #کاسی#، #گوتی#)، قۆناغی زمانی مادی، قۆناغی زمانی پەهلەوی (ئەشکانی- ساسانی)، قۆناغی فەهلەویات و زمانی گۆرانی و سەدە بەراییەکانی ئیسلام و تا سەدەی نۆیەم و دەیەمی هیجری.(3) نووسەر بەبێ هیچ بنەمایەکی زانستی ئەم پۆلێنبەندییەیەی بۆ زمانە زاگرۆسییەکان کردووە، کە ئەمە هەر لە خەیاڵدانی خۆی سازی کردووە تا ئێستا لە هیچ ناوەندێکی ئەکادیمیی زمانە کۆنەکان ساغ نەکراوەتەوە. زمانە کۆنەکانی هۆزەکانی زاگرۆس وەک گوتی، کاسی، لولوبی، کە لە دەوروبەری سێ هەزار ساڵ پێش میلاد لە چیاکانی زاگرۆس نیشتەجێ بوون، ئەم هۆزانە هیچ دەقێکی نووسراو بە زمانەکانی خۆیان لە پاش بەجێ نەماوە، بۆ کاروباری سیاسی و ئیداری و فەرهەنگی، زمانی ئەکەدییان بەکار هێناوە، هەر بۆیە هیچ نووسراوێک بەم زمانانە لەبەردەستدا نییە کە نیشان بدات زمانەکانیان چۆنە و سەر بە چ گروپێکی زمانییە.(4) ئەوەی لەپاشیان بەجێ ماوە ناوی چەند پاشایەکە کە توێژەران وای بۆ دەچن ناوەکان سەر بە زمانە هیندۆ – ئەوروپییەکان بن. لەم پۆلێنبەندییە، نووسەر ئەم زمانە کۆنانەی بە زمانی قەفقازی داناوە، ئەمەش دیارە هیچ ئاگاییەکی بە زمانە کۆنەکانی زاگرۆس نەبووە، هەر بە هەڕەمەکی و بێ زانیاری سەلمێنراو، زمانەکانی پۆلێن کردووە. دوای ئەم قۆناغە زمانی مادی داناوە، کە بۆ ئەمەش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە چۆن ئەم زمانە زاگرۆسییانە گۆڕاون بۆ زمانی مادی، چونکە زمانی مادییش هەمان کێشەی زمانی گوتی و کاسی و لولوبی هەیە، هیچ دەقێک بە زمانی مادی لە پاشیان بە جێ نەماوە، بۆیە ئەوەی کە ئاماژە بێت بۆ زمانی مادی تەنیا کۆمەڵێک ناو و وشەیە کە لە دەقی فارسیی کۆنی سەرچاوە هەخامەنشییەکان و سەرچاوە بابلی و یۆنانییەکان ماوەتەوە. لە توێژینەوەی ئەم کۆمەڵە وشەیەش وا باوەڕ دەکرێ کە مادەکان خاوەن زمانێکی تایبەت بە خۆیان بوون و ئەم زمانەش زمانێکی ئێرانییە لە ڕووی سیستەمی دەنگسازی و وشەسازییەوە سەر بە زمانەکانی باکووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکانە. (5) دواتر زمانی مادی بە پەهلەوییەوە گرێ دەدات، بۆ ئەمەش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، ئەوجا بەهەمان میتۆدی نازانستی، پەهلەوی و فەهلەویات و گۆرانیشی پێکەوە گرێ داوە.
لەبارەی ڕیشەی زارەکانی خوارووی کوردستان کە ڕیشەیان دەباتەوە سەر زمانی پەهلەوی، نووسەر بێ هیچ بنەمایەکی زانستی ئیدیعا دەکات کە لەک و لوڕ و کەڵهوڕ و گۆران و دملی پاشماوەی زمانی پەهلەوین، بۆ ئەم ئیدیعایەش هیچ شرۆڤەیەکی زمانەوانی نییە بۆمان بسەلمێنێ کە چۆن ئەم زارە کوردییانە سەر بە زمانی پەهلەوین. بێگومان ئاسان نییە زمانێکی کۆنی وەک پەهلەوی بە زارە کوردییەکانی ئەم ناوچەیەوە گرێ بدرێ، هەر توێژەرێک ئیدیعایەکی وای هەبێت، دەبێ بە میتۆدی زمانەوانیی مێژووییHistroicla Linguistic ئەم پەیوەندییە زمانییانە شی بکاتەوە، پێویستە هەنگاوەکانی گۆڕانی زمان لە ڕووی دەنگسازی، مورفۆلۆجی، ڕێزمان هەنگاو بە هەنگاو شرۆڤە بکات کە زمانەکە چۆن لە پەهلەوییەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە ئەنجامدا ئەم زارە کوردییانەی لێ بەرهەم هاتووە، نووسەر نەک هەر ڕوونکردنەوەیەکی زانستی لەم شێوەیەی نەداوە، تەنانەت یەک ڕستەی لە پەهلەوی نەهێناوەتەوە بە یەکێک لە زارەکانی ئەم هەرێمە بەراوردی بکات و نیشان بدات کە ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ پەهلەوی. بەم پێییە، ئەم کتێبە لە ڕووی میتۆدی لێکۆڵینەوە، تەواو نازانستییە، کۆمەڵێک تێزی هێناوە، نەیتوانیوە بە بەڵگەی زانستی و شیکردنەوەیەکی مەنتیقی بۆچوونەکانی بسەلمێنێ، تەنیا مێژووێک دەگێڕێتەوە کە خۆی دایهێناوە بۆ ئەوەی خزمەت بە ئەجێندا پەهلەوییەکەی بکات.
ئەگەر ڕیشەی هەندێک وشە و کەرەستەی ڕێزمانی کوردی لەگەڵ پەهلەوی نزیک بن، ئەم نزیکییە بۆ هەموو زمانە ئێرانییەکان ئاساییە، مەرج نییە هیچ یەکێک لەم زارانە ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە سەر پەهلەوی، ئەمانە خزمایەتیی زمانە کە لە نێوان هەموو ئەو زمانانەدا هەیە کە ڕیشەیەکی هاوبەشیان هەیە؛ لە نێوان هەموو زمانە ئێرانییەکان هەمان ڕیشەی هاوبەش هەیە، بە هەمان شێوە لە نێوان زمانە جەرمەنییەکان و سلاڤییەکان و لاتینییەکان و کەڵتییەکان،.. هەمان خزمایەتیی زمان و ڕیشەی هاوبەش هەیە. بۆ نموونە هەمان نزیکی لە ڕووی ڕێزمان و فەرهەنگۆکی وشە لە نێوان زاری کوردیی ناوەندی و فارسییشدا هەیە، بەڵام ئەم نزیکییە بەڵگەی ئەوە نییە کوردیی ناوەندی لە فارسی پەیدا بووە، یانیش بە پێچەوانەوە فارسی لە کوردی پەیدا بووە.
لە لایەکی دیکەوە نووسەر، لە پۆلێنی زارە کوردییەکان، ئیدیعا دەکات کە گۆران سەرچاوەیە بۆ هەموو زارە کوردییەکانی دیکەی ئەم هەرێمە و پێی وایە لەکی و لوڕی و کەڵهوری لە لەهجەی گۆرانەوە پەیدا بوون، (6) بۆ ئەم ئیدیعایەش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زانستی نادات، تەنیا لە خەیاڵی خۆی ئەمانە بە یەکەوە گرێ دەدات، ئەمە لەکاتێکدا لە پۆلێنی زارە کوردییەکان، گۆران لەگەڵ لوڕی و کەڵهوری و لەکی جودایە، بەڵام گۆران- هەورامی لەگەڵ زازاکی (دملی) ڕیشەیان دەچێتەوە سەر یەک، ناچێتەوە سەر زارەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە. ئەوەی تا ئێستا لە توێژینەوە زانستییەکان بۆ زارە کوردییەکان ئەنجام دراون، وەک توێژینەوەکانی مەکەنزی، کە لە ساڵانی پەنجاکان هاتووە بۆ کوردستان بە مەیدانی توێژینەوەی دکتۆرای لەسەر زارە کوردییەکان کردووە، ئەوە دەسەلمێنێ کە هەر سێ زاری کوردی: کوردیی باکوور، ناوەندی، خواروو (کەڵهوری و لەکی)، سێ زاری زمانی کوردین، هەر سێ زار لە ڕووی ڕێزمان و دەنگسازی و مۆرفۆلۆجییەوە درێژ بوونەوەی یەک زمانن. (7) بەڵام بۆ هەورامی کە لە توێژینەوەیەکی تایبەت باسی لێوە دەکات، پێی وایە هەورامی ڕیشەیەکی دیکەی هەیە ناچێتەوە سەر هیچ یەک لە زارە کوردییەکانی ئەم ناوچەیە.(8) بۆیە لە هەموو پۆلێنەکان کە بۆ زارە کوردییەکان کراون، گۆران – هەورامی بە جودا لەگەڵ کوردیی ناوەندی و کوردیی باکوور دانراوە. کەواتە لە ڕووی زمانەوانییەوە نابێ زارەکانی ئەم ناوچەیە هەموو لە زاری گۆرانەوە سەریان هەڵدابێت، دەکرێ زارەکان کاریگەرییان لەسەر یەک هەبووبێت، ئەمەش ئاساییە چونکە ئاخێوەرانی بۆ هەزاران ساڵ پێکەوە هاوسێی یەک بوون، هەموو زارەکان ڕەنگی یەکدیان وەرگرتووە، بە دەنگسازی و فەرهەنگۆکی وشە لە یەک نزیک بوونەوە، بەڵام بە ڕێزمان لەگەڵ یەک جودان. بوونی نزیکایەتیی پەهلەوییش لەگەڵ هەموو زارە کوردییەکان، ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە کە زمانی کوردی لە پەهلەوی پەیدا بووە، ئەم نزیکییەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ خزمایەتیی زمانیی نێوان زمانە ئێرانییەکان.
زمانەوانی کەنەدی ئەریک جۆن ئانۆنبی بە توێژینەوەیەکی بەراوردیی زمانەوانی لەبارەی لەکی لەگەڵ کوردی و لوڕی، دەیسەلمێنێت لە ڕووی ئاستەکانی زمانەوە لەکی لە کوردی نزیکترە هەتا لوڕی، چونکە لە ڕووی دابەشکردنی زمانە ئێرانییەکان لەکی لەگەڵ کوردی سەر بە باکووری ڕۆژئاوای زمانە ئێرانییەکانە، بەڵام لوڕی و فارسی سەر بە باشووری ڕۆژئاوایە، بۆیە بەپێی ئەم داتا زمانییه، ئەم زارە سەر بە کۆمەڵە زارە کوردییەکانه. (9) لە هەموو توێژینەوە زمانەوانییەکان ئەم زارانەی خوارووی کوردستان، بە زانستی پۆلێنیان بۆ کراوە و لەیەک جودا کراونەوە، هیچ یەک لە زمانەوانەکان ئاماژەیان بە وە نەداوە کە ئەمانە دەچنەوە سەر زمانی پەهلەوی، ئەمە تەنیا لای تەیب تاهری بێ هیچ بەڵگەیەکی زانستی و شرۆڤەیەکی زمانەوانی هەموو پێکەوە یەک ڕیشەی پەهلەوییان بۆ دروست کراوە. ئەم جۆرە ئیدیعایەش وەک دیارە نووسەر خۆی دایهێناوە بۆ ئەجێندایەکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیای پەهلەویگەری کە تەنیا خۆی باوەڕی پێ هەیە و بانگەشەی بۆ دەکات.
نووسەر کێشەیەکی دیکەی میتۆدی، وەرگرتنی زانیارییە بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوە ئەسڵییەکەی. لە لاپەڕەکانی 299 تا 301 کتێبەکەی، ئاماژە بە ڕای ڕۆژهەڵاتناسان دەدات کە سەبارەت بە هەورامی لێدوانیان داوە، ڕای چارلس ریو، مەکەنزی، مەیجەر سۆن، میشیل لەیزینبێرگ، جێمس ڕیچی هێناوەتەوە؛ تەواوی ئەو زانیارییانەی لە توێژینەوەیەکی من وەرگرتووە کە لەبارەی هەورامی نووسیومە بە ناوی هەورامی لەهجەیە یان زمان؟ (10) کاتی خۆی بە پی دی ئێف بۆ خۆیم ناردووە. لەم نووسینە، لەجیاتی ئەوەی بە ئەمانەتەوە ئاماژە بە سەرچاوەکەی من بدات، کەچی ڕاستەوخۆ دەقەکەی منی لە کوردییەوە تەرجەمەی فارسی کردووە و ئاماژەی بە سەرچاوە ئینگلیزییەکانی من کردووە کە لە خوارەوە لە پەراوێز دامناون، ئەوانەی کردووە بە سەرچاوە بۆ باسەکەی خۆی، بۆ ئەوەی بە خوێنەر بڵێ بۆ ئەم باسە گەڕاومەتەوە سەر سەرچاوە ئەسڵییەکان کە بە ئینگلیزییە. بۆ ڕاستیی قسەکەم خوێنەر دەتوانێ بەراوردێک لە نێوان نووسینەکەی من و ئەو بکات. نووسەر ئینگلیزی نازانێ، کەچی پێنج سەرچاوەی ئینگلیزی لە پەراوێزەکەی ڕیز کردووە کە هەمووی لە من وەرگرتووە. ئەمە بێجگە لەوەی لە لیستی سەرچاوەکان، 27 سەرچاوەی ئینگلیزی داناوە کە گوایە ئەم سەرچاوانەی تەماشا کردوون، بەڵام ئەمە دیارە کە خۆی ئینگلیزی نازانێ، بەم شێوەیە لە سەرچاوەکان زانیاری وەرگرتووە و ئاماژەی بە سەرچاوەکە خۆی نەکردووە و ئینگلیزییەکانی داناوە، بۆ ئەوەی نیشان بدات کە توێژینەوەکەی زۆر زانستییە سوودی لە سەرچاوەی ئینگلیزییش وەرگرتووە. ئەم جۆرە وەرگرتنە لە سەرچاوەکان لە توێژینەوەی ئەکادیمی دەچێتە خانەی دزینی زانستییەوە کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ plagiarism. ئەمەش جارێکی دی لە ڕووی میتۆدی زانستییەوە توێژینەوەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە سەرچاوەی زانستی نییە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی سەرچاوەی بۆ کتێبەکەی داناوە، بە کتێبێکی ئینتیحال دادەنرێ. نووسەر خۆی ماندوو نەکردووە فێری ئینگلیزی بێت، لە سەر ماندووبوونی خەڵکی دی دەژی و کتێب دەنووسێ.
لەلایەکی دیکەوە، نووسەر ناوی هەندێک سەرچاوەی لە پەراوێز داناوە، بەبێ ئەوەی لە لیسی سەرچاوەکان ئەم سەرچاوانەی دانابێت، ئەمەش جارێکی دی کەموکووڕی توێژینەوەکەی نیشان دەدات کە سەرچاوەی ڕەسەنی نییە، بە هەڕەمەکی سەرچاوەی داناوە، سەرچاوەکانیشی نەبینیون.
ئەم هەموو کەموکووڕییە لە میتۆدی لێکۆڵینەوە، نیشان دەدات کە نووسەر، شارەزای لێکۆڵینەوە ئەکادیمی و میتۆدی زانستی نییە؛ ئەو بابەتەی هەڵیبژاردووە بۆ توێژینەوە، نەیتوانیوە بە شرۆڤەیەکی زمانەوانیی مێژوویی پەیوەندیی زمانی پەهلەوی بە زارە کوردییەکانی ئەم ناوچەیە ساغ بکاتەوە.
$خوارووی کوردستان یان ناوچەی پەهلەوی؟$
ناوچەکانی خوارووی کوردستان کە بەدرێژایی مێژوو دانیشتووانەکەی هەر لە کۆنەوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کورد بوون و بە چەند زارێکی کوردییش قسەیان کردووە و دەکەن، نووسەری کتێبی پەهلەویان، ئەمڕۆ هاتووە ئەم ڕاستییە مێژووییانە هەمووی سەراوژێر دەکاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم ناوچەیە نابێ پێی بگوترێ خوارووی کوردستان ئەمە ناوچەی پەهلەوییە.
بۆ ڕاستیی کوردستانیبوونی ئەم ناوچەیە، کۆمەڵێک بەڵگەی مێژوویی هەن کە گرنگترینیان کتێبەکەی شەرەفنامەی #شەرەفخانی بدلیسی#یە، کە تێیدا پێکهاتەکانی کورد و سنووری کوردستانیشی دەستنیشان کردووە. شەرەفخان لە کتێبەکەی چوار پێکهاتەی کوردی دەستنیشان کردووە: کورمانج، لوڕ، کەڵهور، گۆران، کە سێ لەم پێکهاتانە: لوڕ و کەڵهور و گۆران، سەر بەم ناوچەیەن کە نووسەر ئەمانە دەکات بە پەهلەوی و ناوچەکەشیان بە پەهلەوی ناوی دەبات. شەرەفخانی بدلیسی سنووری کوردستانیشی بەجوانی دەستنیشان کردووە، بە تایبەت سنووری ناوچەکانی خوارووی کوردستان، هەموو ئەم ناوچانە دەگرێتەوە تا دەگات بە تەنگەی هورمز بە بەشی خوارووی کوردستان داناوە. (11) ئەمە لە سەردەمێکدا بووە کە سەدەی شازدەمی میلادی بووە و هێشتا بیری نەتەوایەتی لە ئارادا نەبووە و شەرەفخان بەشێوەیەکی سروشتی ئەم سنوورەی دیاری کردووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە دانیشتووانی #لوڕستان#: لوڕی بچووک و گەورە، هەر لە سەدەی دەیەمی میلادییەوە لە لایەن هەموو مێژوونووس و گەڕیدە موسڵمانەکان وەک طبری، مسعودی، ابن حوقل، أبو الفداء، یاقوت الحموي، سبط ابن الجوزي، مقریزي،.. بە کورد دانراون. (12) ئەو میرنشینانەی لەم ناوچەیەش دامەزراون لە لایەن میرانی کوردەوە فەرمانڕەوایی کراون، وەک میرنشینی بەنو حەسنەوی بەرزیکانی، میرنشینی بەنی عەناز شازنجانی، میرنشینی فەزڵەوی یان میرنشینی لوڕی گەورە. ئەم میرنشینانە بەدرێژایی خاکی لوڕستان هەتا سەر تەنگەی هورمز، میرنشینی کوردی بوون. (13) تەنانەت ناوی کوردستان وەک یەکەیەکی ئیداری و جوگرافی لەم ناوچەیە بۆ یەکەمجار سەری هەڵداوە. حمد اللە مستوفی لە کتێبی نزهة القلوب باسی کردووە، کە ئەم ناوچەیەی خوارووی کوردستان لە ناوەڕاستی سەدەی چواردەمی میلادی، بەشێک بووە لە هەرێمێکی ئیداری بەناوی کوردستان. کە ئەم هەرێمە ئیدارییە 16 ویلایەتی گرتووەتەوە، سنووری لەگەڵ ویلایەتی عێراقی عەرەب و خوزستان و عێراقی عەجەم و ئازەربایجان و دیاربەکر بووە، کۆمەڵێک شار و شارۆچکەی لەخۆ گرتووە، وەک ئالانی، #کرماشان#، ئەڵیشتەر، قەڵاتی بەهار، خوفتیان، کردند، خوشان، #شارەزوور#، دزبیل، وەستام، دەربەندی تاج خاتوون، دەربەندی زەنگی، ماهیدەشت، #دینەوەر#، #کەنگاوەر#، هەرسین. (14) ئەمانە هەموو بەڵگەی مێژوویی حاشاهەڵنەگرن کە ئەم ناوچەیە بەدرێژایی مێژوو، دانیشتووانەکەی کورد و خاکەکەی بەشێکی دانەبڕاوی جوگرافیای خوارووی کوردستانە. لەم هەزار ساڵە لە مێژووی نووسراوی ئەم ناوچەیە یەک مێژوونووس نەیگوتووە ئەو خەڵکەی لەم هەرێمە نیشتەجێن بە ئەسڵ پەهلەوین و کورد نین، یان کوردی ئەم هەرێمە ڕیشەیەکی پەهلەوییان هەیە؛ هەرگیز لە یەک کتێبی توێژینەوەی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست نەهاتووە بە میرنشینەکانی ئەم هەرێمە بگوترێ پەهلەوی.
نووسەری ئەم کتێبە لەجیاتی ئەوەی وەک نووسەرێکی کورد کە خەڵکی ئەم ناوچەیە، ئەم مێژووە کورد و کوردستانییە زیاتر ڕۆشن بکاتەوە، کەچی هاتووە لە کتێبەکەی مێژووێکی ساختە و پڕ لە چەواشەکاری بۆ ئەم ناوچەیە دروست کردووە، دانیشتووانەکەی بە خەڵکی پەهلەوی (پهلە نشین) ناو دەبات و ناوچەکەشی کردووە بە ناوچەی پەهلەوی (سرزمین پهلوی). نەخشەیەکی ساختە و وەهمی بۆ ئەم ناوچە پەهلەوییە دروست کردووە، کە ناوچەیەکی بەرفراوان دەگرێتەوە، لە خەلیجەوە دەست پێ دەکات هەموو خوارووی کوردستان دەگرێتەوە هەتا سەر دەریای قەزوین درێژ دەبێتەوە، لە لای ڕۆژاوای ئەم نەخشەیە، پارێزگای سلێمانی و کەرکووکیشی خستووەتە سەر ناوچە پەهلەوییەکەی، بە خەیاڵی خۆی ئەم ناوچانە لە کۆندا هەموو بەشێک بوون لە ناوچەی پەهلەوی، خەڵکەکەشی بە ڕیشە پەهلەوین و جیاوازن لەگەڵ کوردی سۆرانی و کورمانج. دەیەوێ پێمان بڵێ ئەم ناوچەیە کە کورد بە کوردستانی دەزانن، ئەمانە لە ئەسڵدا نە کوردن و نە کوردستانین، بەشێکن لە جوگرافیای پەهلەوی و سەرزەمینی ئێرانی گەورە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناوی پەهلەوی لە مێژووی ئەم ناوچەیەدا، لە هەندێک لە سەرچاوەکاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەڵام وەک یەکەیەکی ئیداری نەک وەک گروپێکی ئەتنیکی و زمانی. لە پێش ئیسلام ئەم ناوچەیە لای یۆنانییەکان بە میدیا یان میدیای گەورە ناوی هاتووە؛ لە دوای هاتنی ئیسلام بە هەرێمی چیاکان (أقلیم الجبال) ناوی هاتووە. لە سەدەی دەیەمی میلادی، بەشێک لەم هەرێمە بۆ ماوەیەک لە لایەن چەند مێژوونووسێک وەک ابن خرداذبە و ابن الفقیە و المقدسی بە وڵاتی پەهلەوییەکان (بلاد الفهلویین) ئاماژەی پێ دراوە. (15) ئەم وڵاتی پەهلەوییە کە نووسەر بۆ ئەمڕۆ دەیەوێ سوودی لێ وەرگرێ، تەنیا ناوێک بووە بۆ هەرێمەکە، مەبەست لێی گروپێکی ئەتنیکی نییە بە ناوی پەهلەوی لەوێ نیشتەجێ بووبن، یان خەڵکێک لەوێ بە پەهلەوی قسەیان کردووە، چونکە هەموو مێژوونووسەکان لەو سەردەمە تەئکیدیان کردووەتەوە کە ئەم هەرێمە دانیشتووانەکەی کوردە. تەنیا ئاماژە بە نموونەیەک دەدەین لە چەواشەکارییەکانی نووسەر بۆ هەڵگێڕانەوەی ڕاستییە مێژووییەکان؛ لە کتێبەکەی ئاماژەی بە وڵاتی پەهلەوی داوە و دەڵێت: لای ابن خرداذبە وڵاتی پەهلەوی زمانان ئەمانەن: أصفهان، رەی، #هەمەدان#، دینوەر، مهرجانقذف، ماسەبذان، قەزوین. (16) ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کتێبەکەی ابن خرداذبە، بە ناوی مسالک و ممالک، لەوێ ناڵێ ئەم شارانە پەهلەوی زمانن، بەڵکوو تەنیا ئاماژە بە سەرزەمینی پەهلەوی دەدات کە ئەم ناوچانە دەگرێتەوە: أصفهان، رەی، هەمەدان،... تاد. (17) نووسەر بۆ ئەوەی ئیدیعاکەی خۆی بسەلمێنێ و بڵێ ئەم ناوچەیە دانیشتووانەکەی بە پەهلەوی قسەیان کردووە، بە ناوی ابن خرداذبە تەزویری کردووە ئەم ناوچانەی کردووە بە پەهلەوی زمانان، هەر بۆ ئەوەی مێژووێکی ساختە بۆ ئەم ناوچەیە دروست بکات و بڵێ ئەوەتا لە کتێبی ابن خرداذبەدا هاتووە کە ئەم ناوچەیە خەڵکەکەی بە پەهلەوی قسەیان کردووە.
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێش؛ ناوی پەهلەوی بۆ خوارووی کوردستان هەزار ساڵ پێش ئێستا بۆ چەند ناوچەیەک بەکار هاتووە، کە ئەویش تەنیا ناوی هەرێمێکی ئیداری بووە و بۆ ماوەیەکی کورتیش بووە، زیندووکردنەوەی ئەم ناوە بۆ ئەمڕۆ لای نووسەری کتێبی پەهلەویان بە چ ئامانجێکە؟ دەبێ خۆی وەڵام بداتەوە، بەڵام ئەوە دیارە دەیەوێ بەهۆی ناوی پەهلەوییەوە، ناوی کوردستان لە سەر ئەم هەرێمە بسڕێتەوە، برەو بە ناوێک بدات بۆ ئەوەی خزمەت بە ئەجێندا پان – ئێرانستییەکەی بکات و بە خوێنەر بڵێ ئەم ناوچەیە هەر لە کۆنەوە بەشێک بووە لە جوگرافیای پەهلەوی و دانیشتووانەکەشی بە نەژاد و زمان پەهلەوی و ئێرانین، ئەمانە لە ڕیشەدا کورد نین و ئەم خاکەش کوردستان نەبووە.
نووسەر لە خەیاڵدانی خۆی مێژووێک بۆ ئەم ناوچەیە دەنووسێتەوە بە ئامانجێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی کە لە لایەن ئاغاکانی پلان و بەرنامەی بۆ دانراوە، ئەویش وەک جێبەجێکار ئەم بەرنامەیە دەخاتە سەر کاغەز و پلانسازی بۆ دەکات، بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت لەم ناوچەیە، مێژووێکی ساختەی پەهلەوی دروست بکات، ئەوجا ناوچەکە لە کوردستان دابڕێت و بیکات بە ناوچەی پەهلەوی. بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە، سوود لە دوو ئامراز وەردەگرێت: ئایینی یارسان و گۆران.
$سەرچاوە و ژێدەر$
1- طیب طاهری، پهلویان: گوران، هورامی، لک، کلهر، فیلی، دیملی، گذری بر تاریخ تحلیلی سرزمین های آریای با تأکید بر یارسان و حکمت خسروانی، انستیتو فرهنگی یارسان، سوید، ستوکهولم، 2023.
2- لە سەرەتای دامەزراندنی ئینستیتوی فەرهەنگیی یارسان و دەرچوونی گۆڤاری شنڕوێ وەک ئەندامی دەستەی نووسەران لەگەل خاوەنەکەی تەیب تاهیری بەشدار بووم، لە هەر چوار ژمارە لە هەموو ڕوویەکەوە خۆبەخشانە هاوکاریم کرد، لە ژمارەی چواری گۆڤارەکە من بووم بە سەرنووسەر، بەڵام دوای ئەوەی کە بۆم دەرکەوت گۆڤارەکە و خاوەنەکەی بەرنامەیەکی دژ بە خوارووی کوردستانی هەیە، دەیەوێ ئەم ناوچەیە بکات بە پەهلەوی، ئیدی یەکسەر وازم لێ هێنا و لە لاپەڕەی فەیس بوکەکەم دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە گۆڤارەکە بڵاو کردەوە، تێگەیشتم کە من بە هەڵە لە ئینستیتوتێک و گۆڤارێک کار دەکەم کە دژ بە کوردە.
3 - طیب طاهری، پهلویان، ص 312.
4 - د. جمال رشيد أحمد و د. فوزي رشيد، تأريخ الکرد القديم، مطبعة دار الحکمة، أربيل، 1990، ص 49.
5 - ا. م. دیاکۆنوف، تاریخ ماد، ترجمە: کریم کشاورز، شرکت انتشارات علمی و فرهنگی، تهران، 1379. ص.340.
6 - طیب طاهری، پهلویان، ص 34 – 35.
7- D. N. Mackenzie, Kurdish Dialect Studies, Vol. I. Oxford University Press, 1961.
8 - D. N. Mackenzie, The dialect of Awroman (Hawraman-i Luhon) Grammatical sketch, texts, and vocabulary, Munksgaard, Kobenhavn, 1966.
9- Anonby Erik (2004). Kurdish or Luri? Laki’s disputed identity in the Luristan province of Iran, Kurdish Studien, no. 4-5.
10 - سوداد ڕەسووڵ، هەورامی لەهجەیە یان زمان؟ گۆڤاری زمانناسی ژمارە (13)، هەولێر، 2012.
11 - أمیر شرف خان بدلیسی، شرفنامە، تأریخ مفصل کردستان، بامقدمە و تعلیقات و فهارس بقلم محمد عباسی، چاپ أفست علی اکبر علمی، تهران، 1343، ص 23.
12 - ، د. زرار صدیق توفیق، القبائل و الزعامات القبلية الکردية في العصر الوسیط، مؤسسة مکریانی للبحوث و النشر، أربیل، 2007، ص 134.
13 - د. زرار صدیق توفیق، کردستان في القرن الثامن الهجري: دراسة في تأريخها السياسي و الأقتصادي.: مؤسسة مکریانی للطباعة و النشر، أربيل، 2001، ص 121 – 132.
14 - حمد اللە المستوفی، نزهة القلوب في المسالک و الممالک. المقالة الثالثة حول صفة الولایات و البقاع، باهتمام لسترنج.: مطبعة بریل لیدن، 1913، ص 107.
15 - د. زرار صديق توفیق، الکرد في العصر العباسي (132 – 334 هجری / 750 16– 946 میلادي)، دار موکریانی للطباعة و النشر، أربيل، 2018. ص24
16 - طیب طاهری، پهلویان، ص118.
17- - ابن خرداذبة، مسالک و ممالک، ترجمە: سعيد خاکرند، مؤسسە فرهنگ حنفاء، تهران 1371. ص 43. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=644997&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی پهلویان کتێبێک پڕ لە چەواشەکاریی مێژوویی=KTML_Link_External_End= |
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=