نووسینی: جواد کاظم محمد
وەرگێڕانى هەرێم نیوز
ئیدریس مستەفا بارزانى لە ساڵی 1944 لە کوردستانى ئێراق لە دایکبووە، لەنێو خێزانێکدا کە سەرجەم ژیانى خۆیان بۆ خەباتى ڕزگاریخوازیی کوردستان تەرخانکردووە، باوکی واتە جەنراڵ #مستەفا بارزانى#، سەرکردەیەکى مێژوویی و کەسایەتییەکى خەباتگێڕ بووە لە پێناوى مافەکانى کورددا لە بەرانبەر سیاسەتى سەرکوتکەرانەدا، ئیدریس بارزانى لەو کەشە سیاسی و سەربازییەدا گەورە بووە، ئەو کەش و ژینگەیە پربوو لە ململانێ و سەرکەوتن، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەى هەر لە سەرەتاى تەمەنییەوە تێیدا ڕەنگبگرێت و بۆ دواییش ڕێگەى بۆ ڕووناک بکاتەوە.
=KTML_Bold=پێگەیشتن و کاریگەرییەکانى باوکی:=KTML_End=
سەردەمی منداڵى #ئیدریس بارزانى# لەژێرسایەى ململانێکانى بنەماڵەکەیدا بوو لە دژى حکومەتەکانى ناوەند، لە ساڵی 1947 باوکی دوورخرایەوە بۆ یەکێتى سۆڤیەت دواى ئەوى کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕووخا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەى کە زیاتر لەنێو سیاسەتدا ڕۆبچێت، ئەم ئەزموونە سەرەتاییە لەنێو ناخی ئیدریسی منداڵدا ڕەگێکى قووڵى داکوتا، تا وایلێهات خەبات بکاتە ئەو ڕێگەیەى کەرامەتى نەتەوەیی و سەربەخۆیی سیاسی لێوە بەدەستبهێنێت بۆ گەلەکەى.
سەرەڕای ئەو دۆخە ناهەمووارە، ئیدریس بارزانى هەستى بەوەکردبوو کە خوێندن و ئاستى ڕۆشنبیریی بۆ سەرکردە زۆر پێویستە، هەر بۆیە لە دوورەوڵاتیش دەستى لە خوێندن هەڵنەگرت و بەردەوام بوو، لەو ڕێگەیەوە تواناکانى سەرکردایەتى وەرگرت، بە جۆرێک توانى بیکاتە ئەو کەسایەتییەى کە لەنێو بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کوردستاندا دواتر جێگە دەستى دیار بێت.
=KTML_Bold=ڕۆڵی لە سەرکردایەتى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیی کوردستاندا:=KTML_End=
ئیدریس بارزانی وەک سەرکردەیەکی سیاسى و سەربازیی بەتوانا لەگەڵ مەسعود بارزانى برای و پێشمەرگەکانیاندا لە سەرەتاى شەست و حەفتاکانی سەدەى ڕابوردوەوە و ڕۆڵی لەبەرچاویان هەبووە، کاتێک ناکۆکییەکانى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کوردستان لەگەڵ حکومەت ئێراق گەشتنە لووتکە، ئیدریس بارزانى ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕێکخستنى پێشمەرگە و ئیدارەدانی سەربازیی و دانانى پلانی سەربازیدا، جگە لەوەش پلانى دانا بۆ ڕێکخستنەوەى پارتى و چۆنییەتى پەرەپێدانی لە هەموو لایەکەوە بۆ ئەوەى ببێتە بزووتنەوەیەکى گشتگیریی کوردایەتى.
بە جۆرێک لە ساڵی 1974ەوە ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنى بەئاشکرا دەرکەوت، بەتایبەتى لە کاتێکدا کە حکوومەتى ئێراقى کێشەى بۆ ڕێککەوتنى نێوانیان درووستکرد کە لە بەیانى 11 ئازاری 1970 نەخشەى بۆ کێشرابوو، ئیدریس بازرانی لەو کاتانەدا باوەڕی وابوو دەبێت جەخت لەسەر سێ خاڵی سەرەکی بکرێتەوە:
=KTML_Bold=1-یەکڕزیی نیشتمانى لەنێو ئێراقدا:=KTML_End= بۆ ئەو مەبەستە ئیدریس بارزانى تێ دەکۆشا ڕێگریی لە پەرتبوونى ناوخۆیی و دابەشبوونى کورد بگرێت کە هەڕەشەیەکى گەورەبوو لەسەر بزووتنەوەى کوردایەتى.
=KTML_Bold=2-دانپێدانان و شەرعیەتى نێودەوڵەتى:=KTML_End= ئیدریس بارزانى بەباشى دەرکی ئەوەى کردبوو کە پێویستە پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ کێشەى کورد پەیدابکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندیی لەگەڵ زلهێزەکاندا دەبەست بەتایبەتى ئەمریکا و سۆڤیەت، بە جۆرێک کارى دەکرد کە نەشکێتەوە بە لایەکیاندا دژ بە لایەکی تریان.
=KTML_Bold=3-دامەزراوەیی:=KTML_End= ئیدریس بازرانى هەمیشە جەختى دەکردەوە لەسەر گرنگی سەروخواریی لە ڕێکخستنەکاندا، باوەڕی بە ڕێکخستن هەبوو، بەتایبەتى لەنێو پارتیدا زۆر گرنگی پێدەدا، ئەوەش لە پێناوى بەردەوامی خەباتدا لە هەردوو بوارى سیاسی و سەربازییدا.
=KTML_Bold=تێڕوانینى مێژوویی بۆ خەبات:=KTML_End= ئیدریس بارزانی دیدگایەکی مێژویی هەبوو بۆ سرووشتى ململانێ و کێشەکانى کورد، ئەو بە جۆرێک سەیرى خەباتى چەکداریی دەکرد کە هەندێک جار زەرورەتێکى بێ چەند و چوون بووە، بەڵام باوەڕیشی وابووە کە تەنیا ڕێگە نەبووە بۆ بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکان، لەو باوەڕەدا بوو کە چارەسەریی سیاسی و دبلۆماسی بەشێکى دانەبڕاو بووە لە ستراتیژییەتى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیی کورددا.
تێڕوانیینەکانی لەسەر بنەماى ڕاست خوێندنەوەى بوو بۆ مێژووی کورد، کە پریەتى لە نموونەى سەرکەوتن و تێکشکان، ئیدریس بارزانى وانەیەکى لە ڕابوردوو وەرگرتبوو، ئەوە لەوە تێگەشتبوو کە ناکۆکیی ناوخۆیی هۆکاری سەرەکی هەڵوێستەکانى کوردە لە بەرانبەر حکومەتە جۆراوجۆرەکانى ئێراقدا، بۆیە هەمیشە کاری بۆ بەهێزیی پەیوەندییەکان دەکرد لەنێوان چین و توێژەکانى کورددا، باوەڕی وابوو سەقامگیریی ناوخۆیی بەردی بناغەى بەدەستهێنانى ئامانجە گەورەکانى کوردە.
لە هەمان کاتدا تێگەیشتنێکى ڕوونى هەبوو بۆ هۆکارە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکانیش، ئەو باوەڕی وابوو، پێگەى ستراتیژیی کوردستان بووەتە هۆی ئەوەى ببێتە گۆڕەپانى ململانێی وڵاتە زلهێزەکان، ئەوەش ئەوەى لە سەرکردەکانى کورد خواستووە کە بە نەرمونیانى و شارەزایی و لێزانینى تەواوەوە لەگەڵ ڕووداوەکاندا مامەڵە بکەن و دەست و پەنجە نەرم بکەن و بۆ ئەو مەبەستە ستراتیژیەتى سیاسى و دوور مەوداى بۆ پارتى داڕشتوەتەوە.
=KTML_Bold=ئاڵنگارییەکانى بەردەمى:=KTML_End=
ئیدریس بارزانى لە ژیانى خۆیدا ڕووبەڕوووی کێشەى زۆر و زەوەندە بووەتەوە، لەوانەش فشارى سەربازیی و سیاسی لەلایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی ئێراق، دابەشبوون و لەتبوونى هێزە کوردییەکان لە ناوخۆدا، سەرەڕای ئەوانەش توانیویەتى بە حیکمەت و لێزانینى خۆی بۆ داهاتوو بەردی بناغەى زۆر بابەتى سیاسى دابرێژێت.
ئیدریس بارزانى لە ساڵی 1987 بەهۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچى دوایی کرد، لەدواى خۆی میراتێکی دەوڵەمەندی لە بەهاو بیروباوەڕ بۆ نەوەکانى دواى خۆی بەجێهێشتووە، ئەوانیش وەک کەسایەتییەکى بەهێز سەیری دەکەن کە لەنێوان ئازایەتى پێشمەرگانە و سەربازیی و دونیابینی و لێزانیبنى سیاسی تێدا کۆبووەتەوە، ئەوەش وای کردووە ببێتە سیمبولی خەباتى ڕزگاریخوازیی بۆ بەدەستهێنانى ئازادی بۆ کورد.
=KTML_Bold=ئەو وانانەى پێویستە لە ئەزموونەکەى وەربگیرێت:=KTML_End=
ئیدریس بارزانى لە ژیانى خۆیدا فێرمان دەکات سەرکرایەتى پێویستە لەنێوان بوارى سەربازیی و سیاسیدا هاوسەنگی درووستبکات، خوێندنەوەى مێژوو و دەرهاویشتەکانى وامانلێدەکات کە دوور بکەوینەوە لە هەڵەکانى ڕابودوو تا بتوانین داهاتوویەکی باشتر بوونیادبنێن.
ئیدریس بارزانى نموونە و سیمبولى دادپەروەرانەبووە بۆ خەباتێکى ڕەوا و شەرعی، توانیویەتى نەهامەتییەکان بقۆزێتەوە بۆ هەلى بەدەستهێنانى بەرهەمی نەتەوەیی، لەگەڵ مەسعود بارزانى برایدا و لەپێش ئەوانیشەوە باوکیان ڕێگەیەکیان بەرەو بەدەستهێنانى خواستەکانى کورد بدۆزنەوە سەرەڕای هەموو ئاڵنگارییەکانى بەردەمیان، تێڕوانینى مێژووییانە و نموونەى سەرکردایەتیکردنى وامان لێ دەکات کە باوەڕمان بەئازادی و دادپەروەیی هەبێت، ئێستاش لەدواى خۆی بەڕیز نێچیرڤان بارزانى بەجێهێشتووە کە سەرۆکی هەرێمى کوردستانەو میراتگریی مێژوویی و سەردەمییانەى ئەوە.[1]