ناونیشانی بابەت: ئیدریس بارزانی بایەخی بە فەلسەفە و شیعر و جووڵانەوەی سیاسی دەدا
نووسینی: #سۆران عەزیز#
ئەمڕۆ 31ی کانوونی دووەم (31-01-2024)، یادی 37 ساڵەی کۆچی دوایی #ئیدریس بارزانی#یە کە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان، هاوڕێیانی بە یار و نەیارەوە شایەدی زیرەکی و نەتەوەیی و لێبوردەیی بۆ ئیدریس بارزانی دەدەن.
ئیدریس بارزانی لە مانگی ئاداری 1944 لە ناوچەی #بارزان# لە دایک بووە. کاتێک تەمەنی گەیشتە دوو ساڵ، #مستەفا بارزانی#ی باوکی، بە مەبەستی پشتیوانی و هاوکارێکردنی #پێشەوا قازی محەمەد#، چووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بووەتە بەشێکی گرنگ لە کۆماری کورستان لە مەهاباد.
دوای کۆتاهێنانی کۆماری کوردستان، مستەفا بارزانی و دەیان پێشمەرگەی کوردستان ڕوویان کردە یەکێتیی سۆڤیەتیی جاران و خێزان و ژن و منداڵەکانیش بە یاوەری #شێخ ئەحمەد بارزانی#، گەڕانەوە بۆ ئێراق و ئیدریس بارزانیش کە ئەو کات تەمەنی سێ ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەکەی گەڕایەوە بۆ ئێراق و لەلایەن دەسەڵاتی پاشایی ئێراقەوە بۆ شارەکانی باشووری وڵات ڕاگوێزران.
لە تەمەنی شەش ساڵیدا ئیدریس بارزانی لە شاری کەربەلا چووە بەر خوێندن و تا ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایی لە ئێراق و هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم لە 1958، ئیدریس بارزانی لە دیداری باوکی بێبەش بوو.
لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولیشدا لە ساڵی 1961، ئیدریس بارزانی دەبێتە پێشمەرگە و دەستەی یەکەمی پێشمەرگەکانی بارزانی بووە، دوای نۆ ساڵ پێشمەرگایەتی و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا، لە مانگی حوزەیرانی 1970 لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لە ناوچەی ناوپردانی شارەدێی گەڵاڵە لە دەڤەری باڵەکایەتی ئەنجام درا، بۆ یەکەمجار ئیدریس بارزانی کرایە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی #پارتی دیموکراتی کوردستان#.
لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەی ئاشتی و دانووستان لەنێوان شۆڕش و دەسەڵاتدارانی بەغدا، ئیدریس بارزانی لە دەستەی شاندی دانووستانی شۆڕش بوو کە هەریەک لە شەهیدان ساڵح یوسفی، دارا تۆفیق، #سامی عەبدولڕەحمان#، نافز جەلال و مەحموود عوسمان بوون، لە بەغدا کەوتنە شەڕی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ماف و داخوازی شۆڕش.
ئیدریس بارزانی لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەییدا، بە ئەندازیاری ئاشتەوایی نیشتمانی ناو دەبرێت، هاوکات لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراقی و لەناو بەرهەڵستکارانی ئێراقدا، بە کەسایەتییەکی دیار و کاریگەر هەژمار دەکرا، لە کۆنگرەی بەرهەڵستکارانی ئێراقیش کە لە تاران ساز کرا، بانگەوازی بۆ یەکخستنی توانای بەرهەڵستکاران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی بەعس خستە ڕوو.
زۆر لە هاوڕێیانی و ئەوانەشی نەیاری بوون، ئاماژەیان بەنەرمی و لێبوردەیی و توانای ئیدریس بارزانی داوە، فەلەکەدین کاکەیی هاوڕێی کۆچکردووی ئیدریس بارزانی دەڵێت: ئیدریس بارزانی مرۆڤێکی خوێندەوار بوو، تێگەیشتوو بوو و لە بەغدا ناوەندیی خوێندبوو، باکگراوندێکی باشی هەبوو، زۆریش بایەخی بە فەلسەفە و هۆنراوەی دنیا و جووڵانەوەی سیاسی لە دنیادا دەدا. خۆی مرۆڤێکی لەخۆبردوو بوو، مرۆڤێک بوو وەک دەروێش بوو و دەروێشی بزووتنەوەی کورد بوو، ئەوەندی تێبینیم دەکرد.
د. عزەدین مستەفا ڕەسووڵیش کە بۆ یەکەمجار ئیدریس بارزانی دەبینێت، دەڵێت کە چوومە لای لە بن خێوەتێکدا بوو لە حاجی ئۆمەران، کە چوومە ژوورەوە بینیم چەند پەرتووکێکی فکری و ئایینی گەورەی لە بەردەست بوون و خەریکی خوێندنەوەیان بوو.
ئەو کەسانەی هەمیشە نزیکی بوونە دەڵێن، ئیدریس بارزانی لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا هاوڕێیەتییەکی باشی هەبووە و توانای زۆری هەبووە لە نووسین و داڕشتندا بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی، شەوانە تا درەنگ دەیخوێندەوەو دەینووسی و هەردەم پەرتووکی پێ بووە، هەموو دەرفەتەکانی دەقۆستەوە بۆ خوێندنەوە تەنانەت لەناو ئۆتۆمبێلیشدا. بایەخی بە بوارەکانی نەتەوەیی و ئایین و ئەدەب و مێژوو داوە، زۆربەی هۆنراوەکانی مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی و وەفایی لەبەر بووە. کەسێک بووە زۆر حەزی لە ئەدەب و سۆفیگەرێتی بووە .
لە ساڵی 1979 کۆنگرەی نۆیەم بەسترا، لە بارودۆخێکی زۆر ناخۆشدا بوو، پارتی لە زۆر لاوە گەمارۆ درابوو لەناو کوردستان و دەرەوەی کوردستان، جیا لە ڕووە سەربازییەکە، زیاتر لە ڕووی سیاسییەوە گەمارۆ درابوو. لەو کۆنگرەیە گونجان هەبوو، ئەوەبوو سەرۆک #مەسعوود بارزانی# بووە سەرۆکی پارتی و عەلی عەبدوڵڵاش بووە سکرتێری پارتی، کاک ئیدریسیش بە هەموو سادەییەوە قبووڵی کرد ئەندامی مەکتەبی سیاسی بێت، هەمیشە جێی ڕێز بووە.
لە کاژێر شەشی سەرلەبەیانی ڕۆژی 31ی مانگی 2ی 1987 لە گوندی #سلیڤانا#ی سەربە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ماڵاوایی لە دنیا دەکات، لە گۆڕستانی شاری #شنۆ# لە تەنیشت باوکی دەنێژرێت. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری گواستنەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی بۆ بارزان دەدەن، لە ڕۆژانی 6 تا 8-10-1993 لە ڕێووێنەێکی تایبەت لە بارزان بەخاکی نیشتمان شاد بوونەوە.[1]