ناو: خالید
نازناو: خالید جاف- (لالە)
ناوی باوک: عەلی موڕاد
ڕێکەوتی لەدایکبوون: #14-09-1962#
شوێنی لەدایکبوون: #کەرکووک#
$ژیاننامە$
خالید عەلی موڕاد کەریم جاف، هەر لە بنەچە و لە باو باپیرانەوە، لە باوکەوە دەگەڕێنەوە سەر عەلی پەنایی گوندی میرەکی و لە دایکەوە دەچنەوە سەر ئەمین پەنایی گوندی تاتەڕەشی، هەردوو گوندەکە سەربە (دێهگوڵانی) دێوڵانی سەربە شاری #سنە#ی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.
خالید جاف نازناوی لەناو دۆست و هاوڕێیانیدا بە (لالە) ناسراوە، لە 14-09-1962 لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک لە خێزانێکی ئایین دۆست و کوردپەروەر ھاتۆتە دونیا، ساڵی 1968 لە تەمەنی شەش ساڵی خراوەتە بەر خوێندن، پۆلی (1)ی سەرەتایی لە قوتابخانەی (حیکمە) و پاشان ماڵیان چووەتە گەڕەکی ئەڵماس، نزیکی مزگەوت و فلکەی ئیخوان، لە قوتابخانەی (گۆران) خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە. دواتر خوێندنی ناوەندی پۆلی یەک و دووی لە قوتابخانەی زێوەر تەواو کردووە و پاشان چووەتە ناوەندی (بابە گوڕ گوڕ)، پۆلی (3)ی لەوێ تەواو کردووە.
لە ساڵی 1977 چووەتە ئامادەیی کوردستان.
ساڵی 1981 لە پەیمانگای تەکنەلۆجی کەرکووک بەشی مەدەنی وەرەگیراوە و (بیناسازی) تەواو کردووە.
لە ساڵی 1982 لەگەڵ دوو هاوڕێی بە ناوی ئەمین حەسیب قزلیاری و ئەیوب شەریف (کامەران) پێکەوە پەیوەندییان کردووە بە ڕێکخستنی کەرتی جەباری تیپی 57ی سەرگرمە، لای مامۆستای کادیری سیاسی شەهید (مەعروف گۆلباخی) بە مامۆستای (ناسراو) ناسراو بوو.
لە #11-07-1985# لەلایەن ئەمنی یەرمووکی کەرکووک بە هۆکاری سیاسی زیندانی کرا لەگەڵ 60 کەسدا، گوێزرایە بەندیخانەی حەویجە بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ، خۆر و سەردانیی و هەموو شتێکیان لێ قەدەغە کرا بوو.
پاشان لەو بەندیخانەیەوە گوێزرانە بەندیخانەی سەماوە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی خەناق، لەوێ بۆ ماوەی سێ مانگ مانەوە، بە لێخۆشبوونی (مەجلیسی قیادەی سەورە) لە #18-04-1987# ئازاد کران.
لە پاش پڕۆسەی ئازادی لە ساڵی 2004 لە فەرمانگەی ئەوقافی کەرکووک دامەزرا، لە 2007 بوو بە بەرپرسی بەشی ئەندازیاری ئەوقاف، لە 2011 بووە بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئەوقاف تاوەکوو 2016، پاشان بوو بە بەرپرسی پەرتووکخانەی ئەوقاف و بەرپرسی بەشی دەستنووس و بەڵگەنامەکانی ئەوقاف.
=KTML_Bold=کار و چالاکییەکانی=KTML_End=
بۆ یەکەم جار پێشانگایەکی کردەوە بە ناوی ڕازی وێنە، بریتی بوو لە (45) تابلۆی هۆنراوە وێنە، لە پێنج شوێنی جیاجیا نمایش کرا، یەکەمجار لەقشڵەی کەرکووک نمایش کرا بە ئامادەبوونی مامۆستا شوکر ساڵەیی کە بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکووک بوو، پاشان لە کۆلێجی قەڵەم، پاشان لە پەرتووکخانەی گشتی #کەلار#، پاشان لەپارکی سەقزلی لە کەرکووک.
لە ساڵی 2013 پێشانگایەکی کردەوە لە هۆڵی ئەوقاف بریتی بوو لە (50) تابلۆ لە باسی ژیاننامەی مامۆستا و شێخانی تەریقەتی کەرکووک، بە ئامادەبوونی دکتۆر #نەجمەدین کەریم# پارێزگاری پێشووی کەرکووک و کەسایەتییەکانی کەرکووک و دەوروبەری.
لە پاش پێشانگەی زانایانی ئایینی کەرکووک، بیرۆکەی نووسینەوەی مێژووی مزگەوت و زانایان و شێخانی تەریقەتی کەرکووکی لا درووست بوو، دەستی کرد بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە کە پێشتر لای خۆی گەڵاڵەی کرد بوو بە دوو سێ ساڵ تا بەردوام بوو لەسەری، کردی بە پڕۆژەیەک نەخشە پلانێکی بۆ کێشا بەماوەی 15 ساڵ لەو بوارەدا چوار بەرگ پەرتووکی چاپ کرد، بەناوی (#کەرکووک لەزاری بەڵگەنامەوە#)، کە هێشتا 2025 بەردوامە لە نووسینی بەرگەکانی پێنج و شەش و حەوت.
هەتا ئێستا 2025 لەو چوار بەرگەی بڵاوکراوەتەوە، بڕوانامەی دکتۆرا و سێ ماستەرنامەی پێ هاتووە. لە 23ی نیسانی 2024 بووە بە یەکێک لە وەرگری خەڵاتی زێڕینی بلە، بەهۆی هەر چوار بەرگی پەرتووکەکانی، کە بە (1489) بەڵگەنامەی عوسمانی و بەریتانی و عەرەبی، ئیسپاتی کوردستان بوونی کەرکووکی کردووە. [1]
$بۆ بینینی وێنەی بەشێک لە پێشانگەکان و کار و چالاکییەکانی بڕوانە فایلی پەیوەندیدار$