کۆشکە سادەکەی قەرەنی جەمیل
لێرە باسی ئەوە ناکەم کە #قەرەنی جەمیل#، سەبارەت بە خوێندنەکەی و تێکەڵبوونی بە هونەرمەندانی ئیتاڵیا و دەرەوە و بەهرەی سرووشتی خۆی، بووبوو بە هونەرمەندێکی شێوەکاری ئاستبەرز، کە هەست و نەستی ژیانی نەتەوەکەی خۆی دەئاخنییە ناو تابلۆکانی، ئەوەش ئەوی گەیاندبووە ئاستێکی هونەری وا، کە دەکرێت بە یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی سەدەی بیست و بیست و یەک پێناسە بکرێت، بەڵکوو بەو چەند دێڕە دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ژیانی خاکییانەی ئەو هونەرمەندە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر هونەرمەندی نەمر قەرەنی جەمیل پێی وتم: پارچە زەوییەکی هەیە، حەز دەکات نەخشەی خانووێکی بۆ بکێشم. منیش بەخۆشحاڵییەوە وتم بەسەرچاو و داوام لێ کرد کە نەخشەی زەوییەکەم بۆ بهێنێت.
هەرچۆنی بوو توانیبووی پارچە زەویێکی سەت مەتریی ڕوو لە باشوور، بکڕێت، کە کەوتبووە کۆڵانێکی میللی #هەولێر#، لەبەر ئەوەی خانووەکانی دراوسێی زەوییەکەش کەمێک سنووری زەویەکەیان بەزاندبوو، ئەو ڕووبەرەی مابووەوە، تەنیا 98 مەتری چوارگۆشە بوو، واتە بە درێژی 20م و پانی 4.9م، ڕووبەرەکەی لە سەت مەتریش کەمتر بوو. شوێنگەی زەویەکشی کەوتبووە گەڕەکێکی نزیک هەوارە چەند سەت دۆنمییەکەی سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان، کە ئەوسا سەرۆکی حکومەت بوو.
لێم پرسی حەز دەکەیت چەند ژوورتان هەبێت: وتی: ئەتەلیێک، ژوورێک بۆ ژیان، ژوورێک بۆ خەو، ژوورێکی منداڵانیش بۆ کچەکەم، لەگەڵ پێویستییەکانی تر.
سەبارەت بەوەی قەرەنی هاوشار و هاوگەڕەکی خۆمان بوو، هەر لە سەردەمی زوو دۆستایەتی و پەیوەندیێکی خێزانی لەنێوان ئێمە و ئەواندا هەبوو، بۆیە بە دڵخۆشییەوە هەموو هێزی زانستی نەخشەسازیی خۆم بەکارهێنا، بۆ ئەوەی بتوانم هێلانەیەک بۆ ئەو هونەرمەندە ئازیزە بنەخشێنم، کە لە خانووە سەت مەترییە باوەکانی تر جیاواز بێت و بتوانێت تێیدا هەناسەیەکی ئاسوودەیی بچێژێت. هەوڵێکی زۆرم دا هەموو ئارەزووەکانی لە خانووەکەدا بۆ بهێنمە دی. ئەوە بوو نەخشەی خانووێکی سێ نهۆمیم بۆ کێشا، کە بەڕاستی جیاواز بوو لە هەموو نەخشەکانی پێشتری خانووە 100 مەترییە باوەکان.
تەواوی نهۆمی سەرەوەم بۆ کردە هۆڵی ئەتەلیێک، لە نهۆمی یەکەم دوو ژووری خەو و گەرماوێک، نهۆمی خوارەوەشم بۆ کردە ژووری ژیان و لێنانگەیەک و شۆرگەیەک، باخچۆکەیەک لە پشتەوەی خانووەکە، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلێکیش بەلای جادەوە.
کە نەخشەکەم خستە بەر چاوی دڵی زۆر پێ خۆش بوو. ئەو هونەرمەندە مەزنە، چونکە خاوەن دڵێکی گەورە بوو، زۆر دڵی بەو کۆشکە بچووکە خۆش بوو، بۆ خۆی چەشەی نیگارکێشی خۆی بەکارهێنا و ڕووخساری خانووەکەی، لە شێوازی تەلارسازیی ئیتاڵیایی، ڕازاندەوە، ئیدی ئەو چەند دڵخۆش بوو بەو خانووە، منیش بە دڵخۆشی ئەو پتر دڵخۆش بووم.
بێگومان ئەو هونەرمەندە گەورەیە شایستەی کۆشکێکی گەورە یان ڤیلایەک بوو، بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت ئەو هونەرمەندێکی کورد بوو، چارەنووسی هونەرمەندانی کوردیش هەر ژیانێکی خاکییانەیە.
چەند جارێک لە شاعیر، کەریم دەشتی برامم دەپرسی، کاک قەرەنی خانووەکەی پێ چۆنە، ئەویش کە لەوانەیە کەم ڕۆژ هەبووبێت، یەکتریان نەدیبێت، بە شۆخی دەیوت: قەرەنی زۆر دڵخۆشە بە کۆشکەکەی، بەڵام تووشی کێشەیەک بووە، چەند جارێک سەرۆکی هەرێم داوای لێ کردووە، کۆشکەکەی خۆی لەگەڵدا بگۆڕێتەوە.
دیارە ژیانی هونەرمەندە مەزنەکان ئەوەمان فێر دەکەن، کە بەختەوەری بە کۆشکی گەورە و ئۆتۆمبێلی پێشکەوتوو و سامان و زریق و باق نییە، بەڵکوو بەختەوەری تەنیا بەری ئەو کارە باشانەیە کە مرۆڤ لە پێناوی مرۆڤ و سرووشت و گەل و نیشتمانەکەیدا دەیکات. ئەو نوور و ڕووناکییە جوانانەی هونەرمەندان دەیانبینن و هەڵیان دەمژن و پێیان دەژین، خەڵکانی تر دەرکیان پێ نابەن، هەر لەبەر ئەوەش بوو، قەرەنی هونەرمەند لە سێبەر و زمان و ئاواز و شەبەنگی نوور و ڕەنگی تابلۆ هونەرییەکانی، بەختەوەر بوو، ئەو کۆشکە سادە 100 مەترییەی پڕ بوو لەو نوور و ڕووناکییانە و پێی شاد و کامەران و سەربەرز بوو. هەر وابووە، هەمیشە هونەرمەندان ژیانێکی خاکییانەیان هەیە، بەڵام سەربەرز و ئازادن.
یادت بەخێر، خوات لەگەڵ ئەی هونەرمەندی خاکی و مەزن. [1]
عەبدولموئمین دەشی-ئەڵمانیا
#04-06-2025#